هاوکێشە فیزیکییەکان وەسفی گشتیگری جیهان نادەن بە دەستەوە
هاوکێشە فیزیکییەکان وەسفی گشتیگری جیهان نادەن بە دەستەوە
ئێمە لەم جیهانە ئاشناین لەگەڵ "ڕووداو، گۆڕان، هۆکارێتی، تێپەڕینی کات" بەڵام ئەم چەمکانە شوێنیکیان نییە لەناو هاوکێشە فیزیکییەکان، بەڵام لەبەرچی؟
لەبەر ئەوەی هاوکێشە فیزیکییەکان ناتوانن وەسفێکی گشتگیری لایەنی فیزیکی جیهان بدەن، بڕوانە ئەم نمونە
x2 - 4 = 0
لە ڕووی بیرکارییەوە، ئەو x ئەکرێت هەم 2 دابنێین تێیدا، هەم 2- دابنێین تێیدا، بەڵام لە واقع چی؟ لە ڕووی میتافیزیکیەوە چی؟
لەڕووی میتافیزیکیەوە تەنها 2 ڕاستە، نەوەکو 2-. بۆ نمونە ئێمە ئەتوانین بڵێین مێزەکە دوو کەس هەڵیانگرت، بەڵام ناتوانین بڵێین ناقس دوو کەس مێزەکەیان هەڵگرت.1
جا هەر بۆیە، پاش ئەوەی بێرتراند ڕەسڵ لە هەندێ لە نوسینەکانی ئەم جۆرە بەرهەڵستیەی کردبوو،
جۆناسان شافەری فەیلەسوف لە وەڵامیدا دەڵێت: لەم بارەوە (ئەگەر بەقسەی ڕاسڵ بێت)، ڕووداو، یاسا، هۆکار، و لێکدانەوە لە هەمان بەلەمدان. ئەم چەمکانە... ئەرکیان پێدانی تێگەیشتنێکی سیستەماتیکیە لە زانست; خودی خۆیان لە هاوکێشەکان دەرناکەون. لەم ڕوانگەوە، ئارگومێنتەکەی ڕەسڵ لە هی گەمژەیەک ئەچێت بڵێت بیرکاری variable (گۆڕاو) سڕیەوەتەوە، چونکە چەمکی گۆڕاو لە هاوکێشە بیرکارییەکان دەرناکەون!2
بەڵام ئێدوار فێسەر ئاماژە بەوە دەدات، خودی ڕاسڵ پەشیمانی دەربڕیوە لەوەی کە هاوکێشە فیزیکییەکان وەسفی جیهانی فیزیکی بکەن بە تەواویی، وەک ئەم وتەی، کە ڕاسڵ دەڵێت:
هەمیشە نازانرێت، بەوەی فیزیای تیۆری زانیارییەکانی تا چ ڕادەیەکی زۆر ئەبستراکتن. چەند هاوکێشەیەکی بنەمایی پێشکەش ئەکەن کە وادەکەن بتوانێت مامەڵە بکات لەگەڵ لۆجیکی پێکهاتەی ڕووداوەکان، لەکاتێکدا بەتەواوی بەنادیاری دەیهێڵێتەوە ئەوەی کارێکتەری ناوەکی ڕووداوەکانی خاوەن ئەو پێکهاتەیە...
ئەوەی فیزیا پێشکەشمانی دەکات، کۆمەڵێک هاوکێشەن کە تایبەتمەندی دەرهەستی گۆڕانەکان بەدەستەوە دەدەن. بەڵام ئەو گۆڕانانە چین، چ شتەک ئەگۆڕێ لە چی بۆ چی، ئەوا فیزیا لێی بێدەنگە.
پاشان لە لایەکی تر، ئەو کەسانەی بەهۆی هاوکێشە فیزیکییەکان (کە تەنها بەدەرهەستکراون) هەندێ تایبەتمەندی جیهان ڕەتدەکەنەوە، دووچاری خۆبەهەڵەخستنەوە دەبن بەم شێوەیە:
بۆ نمونە ئەگەر کەسێک بڵێت هاوکێشە فیزیکییەکان هۆکار دەرناخەن یان جیاوازی هۆکار و کاریگەری ناکەن، ئەوا دووچاری خۆبەهەڵەخستنەوە دەبێت چونکە ئەگەر بپرسین فیزیا لەسەر چی بەندە، کەسە دەڵێت لەسەر تێبینیکردن و ئەزموون (لایەنی بیردۆز و تەفسیرات پشتگوێ بخە بۆ ئێستا). ئێمەش دەڵێین ئەگەر هۆکارێتی بوونی نەبێت، ئەوا فیزیا ئەدات لەو زەمینەی کە خۆی لەسەری وەستاوە، چونکە ئەگەر بێتو تێبینکردن و ئەزموونمان لەڕووی هۆکارییەوە بەندن نەبێت بە جیهانی فیزیکی ئەوا ئێمە هەرگیز ناتوانین زانست ئەنجام بدەین، بە مانایەکی تر ئێمە فیزیا ئەنجام دەدەین تەنها بەهۆی بوونی ئەوەی ئەزموون و تێبیکردنەکانمان لەڕووی هۆکارییەوە بەندن بە جیهانەوە. تەنها بەهۆی ئەوەوەیە کە جیهانی فیزیکی کاریگەری دروستئەکەن لەسەر هەستەوەرەکانمان و ئێمەش بەو هۆیەوە ئەتوانین بکۆڵینەوە لە جیهان.3
بە پوختی:
زۆرکات هەندێ لە فیزیکزانەکان و کەسانی ئاسایش، وا ئەڕوانن لە هاوکێشە فیزیکیەکان کە ئەمانە وەسفێکی گشتگیری جیهان بدەن بە دەستەوە، بەڵام ئەمە ڕاست نییە بەڵکو هاوکێشەکان تەنها بەدەرهەستکراون و چەندین لایەنی جیهان ئەخەنە دەرەوەی هاوکێشەکان، بە مانایەکی تر بێدەنگن لێیان.
وە لە لایەکی تر، گەر کەسێک سوربێت لەسەر ئەوەی هاوکێشەکان وەسفی گشتگیری جیهان دەدەن بەدەستەوە، ئەوا تووشی خۆبەهەڵەخستنەوە دەبێت، چونکە ئەدات لەو زەمینەی کە فیزیا لەسەری بەندە، ئەویش بوونی ئەو لایانانەی جیهانە کە دەرناکەون لە هاوکێشەکان وەکو گۆڕان، هۆکارێتی و هتد.
سەرچاوەکان:
1. Loke, Andrew. 2022. The Teleological and Kal¯am Cosmological
Arguments Revisited. Cham: Springer Nature.
2. Feser, E. (2017). Five proofs of the existence of god. Ignatius Press.
3. هەمان سەرچاوەی پێشوو.
Comments
Post a Comment