بەهەڵەداچوونەوەی پێکهاتن و ئارگومێنتە گەردوونییەکان
بەهەڵەداچوونەوەی پێکهاتن و ئارگومێنتە گەردوونییەکان
یەکێک لەو بەرهەڵستییە باوانەی دژی ئارگومێنتە گەردوونییەکان ئەنجامدراون، بریتیە لە بەرهەڵستی بەهەڵەداچوونەوەی پێکهاتن-fallacy of composition.
جا لێرەدا دوو ڕێگا هەیە بۆ وەڵامدانەوە، یەکەم ئەوەیە بە شێوەیەک ئارگومێنتەکان پێشکەشبکرێت، کە پەیوەندی نەبێت بە پێکهاتنەوە تا وەکو بەرهەڵستیەکە هیچ پەیوەستبوونێکی نەمێنێت، دووەم ئەوەیە ڕوونی بکەینەوە کە بۆچی تۆمەتبارکردنی ئارگومێنتەکان بە بەرهەڵستی پێکهاتن بێ بنەمایە.
سەرەتا با لە دوومەوە دەستپێبکەین، ئایا بەڕاست ئارگومێنتە کلاسیکیە گەردوونییە باوەکان لە ڕووی validity هەڵەن و دووچاری بەهەڵەداچوونەوەی پێکهاتن ئەبن؟
با بزانین بەهەڵەداچوونەوەی پێکهاتن چییە.
بەهەڵەداچوونەوەی پێکهاتن جۆرێکە لەو بەهەڵەداچوونەوانەی کە پەیوەستە بە ماددەی ئارگومێنتەکان. ئەم جۆرە پێمان دەڵێن ئەم ئارگومێنتە، دەرئەنجامەکەی لە پێشەکییەکانەوە نایەت، بۆیە دووچاری بەهەڵەداچوونەوە بووە. با نمونەیەک بدەین تا ڕوونتر بێت مەبەستمان:
1. هەر یەکێک لە بەشەکانی ئەم ئامێرە، کێشی یەک کیلۆ گرامە.
2. کەواتە، ئەم ئامێرە کێشی یەک کیلۆگرامە.
لێرەدا کێشەی ئارگومێنتەکە ئەمەیە: تایبەتمەندی بەشەکان (یەک کیلۆگرام) ناگوازرێتەوە بۆ تایبەتمەندی گشت.
بەڵام ئایا هەموو کەیسێک ئاوهایە؟ بێگومان نەخێر، هەندێ کەیس تایبەتمەندی بەشەکان ئەگوازرێتەوە بۆ گشت، وەک ئەمە:
1. هەموو بەشەکانی جەستە، لەناو بۆشایدایە.
2. کەواتە تەواوی جەستەکە، لەناو بۆشایدایە.
یان
1. هەموو خشتەکانی دیوارەکە سورن.
2.کەواتە تەواوی دیوارەکە سورە.
لەم حاڵانەدا، ئارگومێنتەکە هیچ کێشەیەکی نییە.
جا بۆیە، بۆ ئەوەی بزانین بەهەڵەداچوونەوەی پێکهاتن ڕوویداوە دەبێت کەیس بە کەیس مامەڵە بکەین.
ئایا ئارگومێنتە گەردوونییەکان بەو ڤێرشنە باوانەی پێشکەش دەکرێت، دووچاری بەهەڵەداچوونەوە هاتوون؟
بێگومان نەخێر، بەڵکو ئەتوانین بڵێین enthymeme ن، واتا ئارگومێنتێکن کە پێشەکی نادیاریان تێدایە، کە دەریان ئەخەی ئەبینیت دەرئەنجام لە پێشەکییەکانەوە دێت و دووچاری بەهەڵەداچوونەوە نەبوون، بەم شێوەیە:
پەیوەست بە ئارگومێنتی گەردوونی مەرجدارێتی
1. ئەگەر هەموو پارچەکانی هەر گشتێک، مەرجدار بن، ئەوا گشتەکەش مەرجدارە.
2. هەموو بەشەکانی سروشت مەرجدارن; کەواتە گشت سروشت مەرجدارە.
پەیوەست بە ئارگومێنتی گەردوونی کەلام
1. ئەگەر هەموو بەشەکانی گشت هەمیشە بوونیان نەبووبێت، ئەوا خودی گشتیش هەمیشە بوونی نەبووە.
2. ئەگەر هەموو بەشەکانی سروشت، هەمیشە بوونیان نەبووبێت، ئەوا سروشت وەک گشت هەمیشە بوونی نەبووە.
لێرەدا ئەتوانین بڵێین پێشەکیەکان ڕاستن یان هەڵە، بەڵام ناتوانین بڵێین ئارگومێنتەکە دووچاری بەهەڵەداچوون هاتووە، چونکە تایبەتمەندیەکە لە بەشەکانەوە ئەڕوات بۆ گشت (مەرجدارێتی، دەستپێک)، واتا ئارگومێنتەکە لەڕووی validity کێشەی نییە و دەرئەنجام بەدوایدا دێت.
ڕێگای یەکەمیش لەدژی بەرهەڵستیەکە ئەوەیە، ئارگومێنتە گەردوونیەکان وا پێشکەش بکەین کە هەر باسی بەش و گشتی تێدا نەبێت لە پێشەکییەکان تا وەکو بەرهەڵستیەکە ئەسڵەن باس نەکرێت. بۆ نمونە ئەم ئارگومێنتەی جۆش ڕاسمویسن و ئەلیکسەندەر پروس لەبارەی مەرجدارێتی، کە plural quantification بەکاردێنن، کە سوودەکەی ئەوەیە ئەتوانی باس لە کۆمەڵێک شت بکەی بێ ئەوەی گشت پێکبێنن کە جیابێت لە بەشەکان:
1. بۆ هەر شتانێکی بەرجەستەی مەرجدار، لێکدانەوەیەکی ئەو ڕاستیە هەیە کە ئەو شتانە بۆ هەن.
2. بە ڕەچاوکردنی هەموو شتە بەرجەستە مەرجدارە کە هەن، ئەگەر لێکدانەوەیەک هەبێت بۆ ئەو ڕاستیەی ئەو شتانە هەن، ئەوا پێویستە بوونێک - واجب الوجود هەیە.
3. کەواتە، پێویستە بوون هەیە.
لەم ئارگومێنتە کە explanation لێکدانەوە بەکارهاتووە لە باتی cause هۆکار، وە هیچ پێشەکییەکی تیا نییە پەیوەست بە بەش و گشت، بەڵکو plural quantification بەکاردێنێت و بەم پێیەش بەرهەڵستیەکە بەهایەکی نییە بۆی.
سەرچاوەکان:
دەربارەی بەهەڵەداچوونەوەی لۆجیکی
Sullivan, S. M. (2006). An introduction to traditional logic: Classical reasoning for Contemporary Minds. Booksurge Pub.
دەربارەی ئەوەی بۆچی ئارگومێنتە گەردوونیەکان ناتوانین تۆمەتبار بکەین بە بەهەڵەداچوونەوەی پێکهاتن
Rem. B. Edwards. “Composition and the Cosmological Argument.” Mind, vol. 77, no. 305, 1968, pp. 115–17.
کۆمەڵە ئارگومێنتێکی گەردوونی بە بەرگری نوێ
Pruss, A. R., & Rasmussen, J. (2018). Necessary existence. In Oxford University Press eBooks.
Comments
Post a Comment