ئارگومێنت لە تێفکرینی ئەقڵیەوە لە دژی فیزیکگەرایی

 


ئارگومێنت لە تێفکرینی ئەقڵیەوە لە دژی فیزیکگەرایی


فیزیکگەرایی بە سادەی بریتیە لەو باوەڕەی: شتێک نییە لەسەرو و ئەودیوی تەن و تەنۆلکەی فیزیکیەوە.
بە دەربڕینێکی ئاسان، ئێمەی مرۆڤ هیچ نین جگە لە کۆمەڵە ئەتۆمێک و کارلێکی نێوان ئەتۆمەکان.
واتا لە بنچینەدا ئێمە و بەردێک جیاوازیمان نییە هەردووکمان پێکهاتووین تەنها لە ئەتۆم.

جا فیزیکگەرایی خاوەنی دوو توخمە:

1.  یەکێکیان ئەوەیە هەموو کاریگەرییەک هۆیەکی/هەلومەرجی پێشوەختەی فیزیکی هەیە کە ئەمە پێی دەوترێ-physical causal completeness.

2. ئەوی تریش ئەوەیە هەر دۆخێکی ئەقڵی-mental بەندە لەسەر پێکهێنەری فیزیکی، بە شێوەیەک هەر گۆڕانێک لە دۆخی ئەقڵی پێویستی بە گۆڕانە لە پێکهێنەرە فیزیکییەکان، کە ئەمە پێی دەوترێ-Supervenience.

جا ئێستا با بڕوانینە ئەم ئارگومێنتە لۆجیکیە تا بزانین کێشەی فیزیکگەرایی چییە:

1. مرۆڤ دەمرێت.
2. سوقرات مرۆڤە.
3. کەواتە، سوقرات دەمرێت.

ئێمە لەڕێی تێفکرین و شیکاری لۆجیکیەوە گەشتین بە باوەڕێک کە ئەویش ئەوەیە سوقرات دەمرێت، چونکە ئەزانین سوقرات مرۆڤە و هەموو مرۆڤێکیش دەبێت بمرێت.
بەڵام ئەگەر فیزیکگەرایی ڕاستبێت، ئەوا ئەو دەرئەنجامە بەرهەمی شیکاری لۆجیکی نابێت بەڵکو بەرهەمی هۆکاری فیزیکی دەبێت کە ئەسڵەن گوێنادات بە حەقیقەت، بەڵکو هەموو کاریگەرییەک وەک گەشتن بەوەی سوقرات دەمرێت بریتیە لە پرۆسەی فیزیکی مێشک کە بەرهەمی هەلومەرج و هۆکاری پێش وەختەی فیزیکین نەک شیکاری لۆجیکیی.

باوەڕی ڕاست ئەگەر بەند نەبێت لەڕووی هۆکاریەوە لەسەر هۆکارەکانی، ئەوا گەرچی پاساودارە ئەوا هێشتا بە مەعریفە حساب ناکرێت.

بۆ نمونە ئەحمەد دەسوڕێتەوە بە دەوری ئامانجدا، و لە کاتی سوڕانەوەکەدا، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەستی بەرزئەکاتەوە و دەڵێت کەرکوک لەو ئاراستەوەیە. جا بەڕاستی وادەرئەچێت کەرکوک لەو ئاراستەوەیە بەڵام ئەحمەد مەعریفەی نییە بەمە چونکە ئاراستەکەی دەستی تەنها ڕێکەوتێکە نەک لەبەر ئەوەی چوبێت کۆڵیبێتیەوە لەوەی بەڕاستی کەرکوک لەو ئاراستەیە.
بەڵام ئەگەر بێتو، بکۆڵێتەوە و سەیری نەخشە بکات و پاشان بپرسێت لەوانەی لە کەرکوکەوە هاتوون، ئەوسا باوەڕەکەی بە مەعریفە حسابە.

جا کاتێک دەڵێین سوقرات دەمرێت، ئەگەر فیزیکگەرایی ڕاستبێت ئەوا ئەم باوەڕە بەرهەمی شیکاری لۆجیکی نییە لەنێوان پێشەکییەکان بەڵکو بریتیە لە کارلێکی کارۆکیمیایی و فیزیکی نیورۆنەکانی مێشک و ئایۆنەکان (کە ئەسڵەن ڕۆڵی ئێمەی هەر تێدا نییە)، واتا هەرچەندە باوەڕەکە ڕاستە کە سوقرات دەمرێت بەڵام ئەمە تەنها وەک ڕێکەوتێکە لەفیزیکگەراییدا چونکە فیزیکگەرایی بەتاڵە لە شیکاری لۆجیکی و هەموو شتێک دەداتەوە پاڵ هۆکار فیزیکی.

جا ئارگومێنتەکە بکەینە شێوەیەکی ستاندارد ئاوای لێدێت:

1. ئەگەر فیزیکگەرایی ڕاستبێت، ئەوا ئێمە تێفکرینمان-reason نابێت.
2. تێفکرینمان هەیە.
3. کەواتە فیزیکگەرایی هەڵەیە.


سەرچاوە و وەڵامی هەندێ بەرهەڵستی:
Moore, Dwayne (2022). The Argument from Reason and the Dual Process Reply. Philosophia Christi 24 (2):217-239.



تب: ئەم ئارگومێنتە جۆرێکە لە ئارگومێنتی ئەقڵ دژی سروشتگەرایی کە لە سەدەی ڕابردوو فەیلەسوفی مەسیحی سی ئێس لویس بەرگری لێکرد، لێرەوە ئەتوانن ئاشنا ببن بەو ئارگومێنتە بە پوختی:

Comments

پڕ بینەرترین بابەتەکان

ئایا ئیبن عەرەبی باوەڕی بە یەکێتی بوون (وحدة الوجود) هەبووە؟ یان هەڵەتێگەیشتنێک لە ئارادایە؟

بنەما بنچینەییەکانی لۆجیک و کوانتەم میکانیک

بۆچی عەقڵ و مێشک هەمان شت نین؟ نەگونجاوی لۆجیک و مادیگەرایی

کێشەی خراپە و وەڵامی ئەشاعیرە بۆی

شیکارێکی ڕەخنەیی لە تێڕوانینی گراهەم ئۆپی دەربارەی بنەمای هۆکارێتی

ئارگومێنتی هەمانبوونی خود بەناو کاتدا بۆ بوونی ڕۆح

کێشەی ویستی ئیلاهی و ئارگومێنتی گەردوونی کەلام

بۆچی ماددە لە ئەوپەڕی ئاڵۆزیشدا ناتوانێت هۆش و ئاگای بەرهەم بێنێت؟

عەقڵ وەکو زەمینەی وەحی لای فەخرەدینی ڕازی

وەڵامی گومانی خەلقی گەردوون لە نێوان شەش و هەشت ڕۆژی قورئاندا