هەستی ئەخلاقی و ئەحکامی شەریعەت
هەستی ئەخلاقی و ئەحکامی شەریعەت
ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین هەستی ئەخلاقی و ویژدان، هەندێ جار پێچەوانەی ئەحکامی شەریعەت دەوەستێتەوە، ئەمەش دەکرێت هۆکارەکەی بریتی بێت لەوەی ئەمە بەشێکە لە تاقیکردنەوەی ژیانی دونیا.
بۆ نمونە پێغەمبەر ئیبراهیم داوای لێکرا کوڕەکەی کە منداڵێکی بێتاوانە سەرببڕێت، ئەمە پێچەوانەی هەستی ئەخلاقی و ویژدانی ئیبراهیم بوو، بەڵام پێغەمبەر ئیبراهیم تاقیکردنەوەکە دەرچوو بەوەی ملکەچی نواند بۆ فەرمانەکە و زاڵ بوو بەسەر هەست و سۆزیدا.
یان لە باسی جەڵدی زیناکەر، خوای گەورە پاش حوکمەکە ئەفەرمووێت ڕەحمیان پێمەکەن ئەگەر ئیماندارن بە خودا و ڕۆژی دوایی، واتا حوکمەکە جێبەجێ بکەن گەرچی پێچەوانەی سۆز و ڕەحمتانە.
واتا ئەو کاتانەی هەستی ئەخلاقی پێچەوانەی حوکمێک دەبێت، ئەوە بەشێکە لە تاقیکردنەوەی دونیا کە تێیدا داواکراوە لێت پابەندی شەریعەت بیت و هەستی ئەخلاقی پشتگوێ بخەیت.
واتا هەستی ئەخلاقیش دووچاری تاقیکردنەوە دێت هەروەکو چۆن حەز و ئارەزووەکانمان دووچاری تاقیکردنەوە دێن، بۆ نمونە نەفسی مرۆڤ حەزی لە ئاسودەی و ڕەحەتی و چێژە جیاوازەکانە، کەچی فەرمانی شەریعەت دێت و پێچەوانەی ئەم نەفس و سروشتە ئینسانییە دەبێتەوە (هەرچەندە هەندێ دەرچەی داناوە بۆ بەتاڵکردنەوەی حەزەکان).
هەر بۆیە کاتێک ئەوترێ فڵانە شتی شەریعەت پێچەوانەی هەستی ئەخلاقی و ویژدانیمانە، ئەوا ئاساییە وابێت چونکە فەلسەفەی ئیسلام بۆ ئەم ژیانی دونیایە بریتیە لەوەی مرۆڤ هەتاوەکو ئەمرێت تاقیدەکرێتەوە، یەکێکیش لەو تاقیکردنەوانە ئەحکامی شەریعەتە لەدژی هەست و سۆزت، بەوەی ئاخۆ پابەندی شەریعەت ئەبیت یان نا.
لەبارەی ڕەچەڵەکی هەستی ئەخلاقیمان، ئێمە وەک موسوڵمانی سوننە باوەڕمان وایە خودا خالقی ئەو هەستە ئەخلاقییەیە (جا با لێکدانەوەی ماددیش هەبێت لەڕووی مێشک و دەمارەوە)، وە شایستەی متمانەشە و پێویستە پەیڕەوی پێ بکەین جگە لەو کاتە نەبێت کە پێچەوانەی فەرمانێکی شەریعەت دەوەستێتەوە (چونکە ئەمە بەشێکە لە تاقیکرنەوەی ژیانی دونیا). وە بێگومان کەسانی سروشتگەراش ڕەچەڵەکی ئەم هەستە ئەیدەنەوە پاڵ پەرەسەندنی مێشک و دەمارەکان و سوودی بۆ بابەتی خۆگونجاندن، بۆ نمونە بڕوانە ئەو دوو توێژینەوەی لە سەرچاوە دامناوە.
وە ئێمە وەکو موسوڵمانی سوننە لەبارەی زەمینەی ئەخلاقەوە-Metaethics باوەڕدارین بە بیردۆزی فەرمانی ئیلاهی-Divine command theory و پێمان وایە باشە و خراپە فەرمانی خودا دیاری دەکات، نەوەک خودی شتەکان خراپ و باش بن هەروەکو هەندێک پێیان وایە، ئێمە ڕەتی دەکەینەوە حەقیقەتی ئەخلاقی هەبێت سەربەخۆ لە خودا، بەڵکو پێمان وایە حەقیقەتە ئەخلاقییەکان بەندن لەسەر فەرمانی خودا.
سەرچاوە:
Finn, Tracy (2011). Conscience: What is Moral Intuition? In Carla Bagnoli (ed.), Morality and the Emotions. Oxford, GB: Oxford University Press UK.
Churchland, P. S. (2018). Braintrust: What neuroscience tells us about morality. Princeton University Press.
تب: ئەم ڕوونکردنەوە تەنها بۆ کەسانێکی باوەڕدار بەخودایە، چونکە ویژدان و ئەخلاق لە ماددیگەرایی و سروشتگەراییدا لە وەهمێک زیاتر نییە و ناکرێت وەک ڕەخنە لەدژی ئاین پێشکەش بکرێت، بڕوانە ئەم بابەتە بۆ تێگەیشتن:
Comments
Post a Comment