چۆن ویستی ئازادمان هەیە ئەگەر خودا هەموو شتێک بزانێت؟
چۆن ویستی ئازادمان هەیە ئەگەر خودا هەموو شتێک بزانێت؟
یەکێک لەو بابەتانەی لە دێرینەوە تا فەلسەفەی ئاینی ئەمڕۆ لەبارەی سیفاتی خوداوە باسکراوە و باس دەکرێت بریتیە لە پەیوەندی نێوان زانستی خودا و ویستی ئازادی مرۆڤ، کە بە سادەیی بریتیە لەمە:
ئەگەر خودا کەماڵی زانستی هەبێت، ئەوا هەموو شتێک دەزانێت چ ڕابردوو یان ئێستا و داهاتوو، کەوابوو چۆن دەکرێت مرۆڤ ویستی ئازادی هەبێت؟ ئایا ناکەوینە نێوان دوو هەڵبژاردن، کە ئەوانیش یان مرۆڤ ویستی ئازادی نییە (Fatalism) یان خودا کەماڵی زانستی نییە؟
هەندێک بۆ چارەسەری ئەمە ڕۆشتوون بۆ قبوڵکردنی هەندێ سیستەمی لۆجیکی کە ڕێ دەدات بە قبوڵکردنی دژبەیەکی-paraconsistent logic، تاوەکو هەردوو هەڵبژاردەکە قبوڵ بکەن، بەڵام ئەم سیستەمە لۆجیکییانە سەفسەتەن چونکە ڕێ دەدەن بە هەبوونی دژبەیەکی.
جا لێرەدا ئاماژە بە دیدی موتەکەلیمێکی سەدەی هەژدە ئەکەم کە چۆن ئەم بابەتە بە ئاسانی چارەسەر دەکات، ئەویش محمد ئەکرمانی موتەکەلیمە، نازف موختارئۆغلو بەم شێوە باس لە دیدی ئەو دەکات:
ئەکرمانی جیاکارییەکی گرنگ ئەکات، کە ئەویش مەعریفە و دیاریکردنە. دەڵێت مەعریفە یەکسان نییە بە دیاریکردن بەڵکو مەعریفە بەندە لەسەر ئەوەی زانراوە.
لەم باسەدا، زانستی خودا بە کرداری مرۆڤەکان بەندە لەسەر خودی کارەکان، کە بەندن لەسەر هەڵبژاردنی مرۆڤەکان. جا ئەم بەندبوونە هۆکاریی نییە، بەڵکو خودا زانستی هەیە بە کرداری مرۆڤەکان بێ ئەوەی دیاریان بکات.
خودا کردارەکان دەزانێت وەک ئەوەی هەن; ئەمەیە لێکەوتەی بیرۆکەی مەعریفە. بەم شێوەیە کرداری مرۆڤ بەند نین لەسەر مەعریفەی خودا، بەڵکو ئەوە مەعریفەی خودایە بەندە لەسەر هەڵبژاردەکانی مرۆڤ. لەبارەی کارلێکی نێوان ویستی خودا و مەعریفە، ئەکرمانی پێشنیاری ئەوە دەکات مادام خودا دەزانێت هەڵبژاردە تایبەتەکانی مرۆڤ چین کە ئەیانکات لە داهاتوو، ئەوا ویستی خوداش تەبا دەبێت لەگەڵ ئەم هەڵبژاردانە. کردارەکان خەلقدەکات بەو پێیە بەبێ ئەوەی پێچەوانەی ویستی مرۆڤ بێت.
بەم چارەسەر سادەیە ئەبینین هیچ کێشەیەک بوونی نامێنێت لەنێوان کەماڵی زانستی خودا و ویستی ئازادی مرۆڤ.
وە ئەکرمانی باوەڕداریش بووە بە خەلقی بەردەوامی خودایی-occasionalism، باوەڕی وابووە هەموو شتێک خودا خەلقی دەکات، مرۆڤیش تەنها هەڵبژاردن ئەکات لەنێوان هەڵبژاردە جیاوازەکان، بۆیە بەم شێوە خودا خالقی هەموو شتێکە بێ ئەوەی مرۆڤ ویستی ئازاد لە دەست بدات.
سەرچاوە:
لەم توێژینە نایابە، نازف موختارئۆغلو بەرگری ئەکات لە مۆدێلی خەلقی بەردەوامی ئیلاهی و ویستی ئازادی مرۆڤ، کە چۆن تەبان بەیەکەوە و نەک هەر ئەوەندەش بەڵکو مانا دەبەخشن بە تاقیکردنەوە دەمارییەکان لەسەر ویستی ئازادی مرۆڤ.
Muhtaroglu, Nazif. 2024. Akkirmânî’s Occasionalist Approach to the Neuroscientific Research on the HumanWill. Religions 15: 1134. https://doi.org/10.3390/rel15091134
Comments
Post a Comment