ناتەبایی ویژدان و ماددیگەرایی
ناتەبایی ویژدان و ماددیگەرایی
زۆرکات بێباوەڕە ماددیگەراکان ئاماژە بە ویژدان دەدەن بەوەی دەبێت بەرز ڕایبگرین و شوێنی بکەوین، بەڵام بێ ئاگا لەوەی ئەگەر جیهانبینیەکەیان ڕاست بێت ئەوا ویژدانی هیچ بەهایەکی نییە.
ئارگومێنتەکە:
1. دۆخە عەقڵیەکان بەندن (Supervene) لەسەر دۆخە ماددیەکان (فیزیکگەرایی-Physicalism).
2. ویژدان دۆخێکی ئەقڵییە.
3. کەواتە ویژدان بەندە لەسەر دۆخی ماددی.
4. دۆخی ماددی بەرهەمی هەلومەرجی فیزیکی پێش خۆیەتی (داخراوی هۆکاریی-causal closure).
5. کەواتە ویژدان بەهایەکی نییە.
ڕوونکردنەوەی پێشەکییەکان:
پێشەکی 1: ئەم پێشەکییە تێڕوانینی فیزیکگەرایی بە ڕاست دائەنێت، کە لەم تێڕوانینەدا مرۆڤ تەنها بریتیە لە تەنێکی ماددی و پێکهاتوو لە ئەتۆم. لەم تێڕوانینەدا مرۆڤ هیچ جیاوازییەکی بنەمایی نییە لەگەڵ بەردێک.
لەم تێڕوانینەدا دۆخە ئەقڵییەکان یان وردئەکرێنەوە بۆ دۆخە ماددیەکان (Reductionism)، یان ئەسڵەن باوەڕیان بە دۆخی ئەقڵی نییە (Eliminative)
یان پێیان وایە بەندن لەسەر دۆخی ماددی بە شێوەیەک ئەگەر ماددە نەگۆڕدرێت ئەوا دۆخی ئەقڵیش ناگۆڕدرێت کە پێی دەوترێت (supervenience). جا لە فەلسەفەی ئەقڵی ئەمڕۆ ئەمەیان زۆر باوە، بەڵام ئارگومێنتەکەی من بۆ ئەوانی تریش دەبێت.1
پێشەکی 2: ئەم پێشەکییە ڕوونە کە ویژدان دۆخێکی ئەقڵییە، چونکە سەر بە سۆز و هەستە، سۆز و هەستیش دۆخێکی ئەقڵییە.
پێشەکی 3: لە دوانەکەی پێشووەوە دێت.
پێشەکی 4: ئەم تێڕوانینە کە ماددیگەراکان باوەڕیان پێیە، بریتیە لەوەی هەموو ڕووداو و تەنێکی ئێستا بەرهەمی ڕووداو و تەنە فیزیکیەکانی پێشوون، جا بە حەتمیەت بێت یان نا. واتا بۆ نمونە، تۆ ئێستا ئەم نوسینە دەخوێنیتەوە، شتێک نییە بە دەستی خۆت بێت یان پلانی بۆ دانرابێت بەڵکو بەندە لەسەر ڕووداوەکانی پێشوو و مێژووی گەردوون.
پێشەکی 5: ئەم پێشەکییە دەڵێت کەواتە ویژدان بەهایەکی نییە، بەڵام بۆچی؟ چونکە ویژدان بوونێکی سەربەخۆی-Ontological independence نییە بەڵکو دۆخێکە کە بەندە لەسەر جوڵە و کارلێکی ماددە، ئەم جوڵە و کارلێکەش بەرهەمی ڕووداوی پێشووتری گەردوونە، جا بۆیە بەهایەکی نییە.
بەرهەڵستی لەدژی ئارگومێنتەکە:
چۆن دەتوانین ڕزگارمان بێت لە دەرئەنجامەکە؟
ئەبێت پێشەکی 1 و 5 ڕەتبکەینەوە، بەڵام ئەگەر ڕەتیانبکەینەوە ئەوا ئێمە ماددیگەرای دەبێت بە هەڵە بخەینەوە، چونکە پێشەکی 1 دەڵێت مرۆڤ تەنها بریتیە لە جەستەی ماددی، ئەگەر بڵێین وانییە کەواتە ماددیگەرای هەڵەیە. پێشەکی 4 دەڵێت ڕووداوەکان بەرهەمی هۆکاری فیزیکی پێشووترن، ئەگەر ڕەتیبکەینەوە واتا هۆکاری نافیزیکی بوونی هەیە، ئەمەش شتێکە ماددیگەرا قبوڵی ناکات.
سەرچاوەیەک دەربارەی دۆخی ئەقڵی و مێشک و تێڕوانینە جیاوازەکان لە فەلسەفەی ئەقڵ:
1. Mandik, P. (2023). This is philosophy of mind: An introduction. Wiley Blackwell.
Comments
Post a Comment