بۆچی عەقڵ و مێشک هەمان شت نین؟ نەگونجاوی لۆجیک و مادیگەرایی
بۆچی عەقڵ و مێشک هەمان شت نین؟ نەگونجاوی لۆجیک و مادیگەرایی
ئایا ئەگەر مادیگەرایی ڕاست بێت، ئەکرێت لۆجیک مانایەکی بمێنێتەوە؟ وەڵامەکە بۆ هەندێ فەیلەسوف نەخێرە لەوانە تیمۆثی مۆستلەر. جا بۆیە بە شێوەیەکی کورت ئارگومێنتێک پێشکەش دەکات کە بۆچی مادیگەرایی هەڵەیە و بۆچی عەقڵ و مێشک هەمان شت نین، بەڵکو عەقڵ ناماددیە.
سەرەتا با پێناسەی مادیگەرایی بکەین، بەشێوەیەکی گشتی مادیگەرایی واتا ماددە تاکە شتە کە بوونی هەبێت و ئەبێت هەموو شتێکی تریش بە ماددە تەفسیر بکەین، فەیلەسوفی مادیگەرا دانیال دێنێت بەم شێوە پێناسەی دەکات:
تەنها یەک جۆر شت هەیە، ئەویش ماددەیە، کە فیزیا و کیمیا و فیسۆلۆجی مامەڵەی لەگەڵ دەکات، وە عەقڵیش بە شێوەیەک لە شێوەکان هیچ نییە جگە لە دیاردەیەکی فیزیکی. بەکورتی عەقڵ بریتیە لە مێشک... وە لە بنچینەدا ئەتوانین هەموو دیاردەیەکی عەقڵی لێکبدەینەوە بە بەکارهێنانی هەمان بنەمای فیزیکی و یاسا و ماددە کە بەکاریان دێنین بۆ لێکدانەوەی تیشکدانەوە، جوڵەی پلێتەکانی زەوی، ڕۆشنەپێکهاتن، زاوزێکردن، خۆراک وەرگرتن و گەشە.
جا ئارگومێنتەکە بە سادەیی دەڵێت ئەگەر عەقڵ تەنها هەر مێشکە ماددیەکە بێت، ئەوا لۆجیک شتێکی نا عەقڵانی دەبێت. بڕوانە ئەم ئارگومێنتە لۆجیکیە کە پێی دەوترێت modus ponens:
1. ئەگەر ا، ئەوا ب
2. ا
3. کەواتە ب
جا ئەگەر عەقڵ تەنها مێشک بێت، ئەوا ئەم ئارگومێنتە پێشەکی و دەرئەنجامەکانی ئەبنە دۆخەکانی مێشک، بەم شێوەی لێدێت:
1. دۆخی یەکەمی مێشک
2. دۆخی دووەمی مێشک
3. دۆخی سێیەمی مێشک
جا ئێستا با بەشی یەکەمی antecedent، پێشەکی یەکەم ڕەتبکەینەوە کە ئەمە خۆی بە هەڵەداچوونەوەی لۆجیکیە و ئارگومێنتەکە تووشی ناساغبوونی دەکات invalidity :
1. ئەگەر ا، ئەوا ب
2. ا نییە
3. کەواتە ب نییە
بە شێوە مادیگەراییەکە ئارگومێنتەکە وای لێدێت:
1. دۆخی یەکەمی مێشک*
2. دۆخی دووەمی مێشک*
3. دۆخی سێیەمی مێشک*
جا ئێستا ئەگەر عەقڵ تەنها بریتی بێت لە مێشک و چالاکی کارۆکیمیای و دۆخە فیزیکیەکانی مێشک، ئەوا ئارگومێنتی modus ponens و ئەمەی دووەم کە بەشی یەکەمی پێشەکی یەکەم ڕەت ئەکەینەوە، هیچ نین جگە لە پشاندانی دۆخەکانی مێشک. وە ئەگەر هیچ شتێک نەبێت زیاتر لە دۆخەکانی مێشک، ئەوا هیچ هۆکارێکی نا هەوەسکارانە بوونی نییە کە وامان لێبکات باوەڕمان وابێت دەرئەنجامی ئارگومێنتی یەکەم لە پێشەکی یەک و دووەوە بەدەست دێت، بەڵام دەرئەنجامی ئارگومێنتی دووەم لە پێشەکی یەک و دووەوە نایەت.
ئەگەر دۆخە عەقڵیەکان mental states وردبکرێنەوە بۆ دۆخەکانی مێشک brain states، ئەوا چ هۆکارێکمان هەیە دەرئەنجامی ئارگومێنتی یەکەم وەرگرین بەڵام دەرئەنجامی ئارگومێنتی دووەم وەرنەگرین؟ چۆن بە شێوەیەکی ناهەوەسکارانە ئەتوانین بڵێین دۆخێکی مێشک عەقڵانیترە لە دۆخێکی تری مێشک؟
ئەگەر عەقڵ تەنها بریتی بێت لە مێشک، ئەوا هیچ ڕێگایەکی ناهەوەسکارانە بوونی نابێت بۆ ئەنجامدانی لۆجیک جگە لە یاریەکی زمانەوانی. جا بۆیە عەقڵ نابێت هەمان مێشک بێت.
سەرچاوە:
Dennett, D. C. (1991), Consciousness Explained, Boston, New York and London: Little, Brown and Company.
Mosteller, T. (2014). Theories of truth: An introduction. Bloomsbury.
تێبینی: بۆ ئەوانەی تێناگەن لە جیاوازی ئەو دوو ئارگومێنتەی سەرەوە، ئارگومێنتی یەکەم ئارگومێنتێکی ساغە واتا دەرئەنجامەکە لە پێشەکییەکانەوە بەدەست دێت، وە لەڕێی نمونەیەکەوە دەریئەخەین:
1. ئەگەر سێوێکم هەبێت، ئەوا خواردنم هەیە
2. سێوم هەیە
3. ئەوا خواردنم هەیە
بەڵام ئارگومێنتی دووەم ناساغە، چونکە دەرئەنجامەکە لە دوو پێشەکیەکەوە بە دەست نایەت، هۆکاری ئەوەش ئەوەیە antecedentی پێشەکی یەکەم ڕەتکراوەتەوە کە ئەوەش بەهەڵەداچونەوەیە، سەیری هەمان نمونە بکە تا باشتر تێبگەیت:
1. ئەگەر سێوێکم هەبێت، ئەوا خواردنم هەیە
2. سێوێکم نییە
3. کەوابوو خواردنم نییە
ئایا هەڵەکە دەبینیت لە کوێدایە؟ هەڵەکە ئەوەیە نابێت بڵێین مادام سێوێکم نیە خواردنیشم نیە، چونکە ئەکرێت خواردنێکی غەیرە سێوم هەبێت.
Comments
Post a Comment