عەقڵ وەکو زەمینەی وەحی لای فەخرەدینی ڕازی



عەقڵ وەکو زەمینەی وەحی لای فەخرەدینی ڕازی


لای پۆلیماث و دینناس و موتەکەلیمی ئەشعەری فەخرەدینی ڕازی، زەمینەی وەحی بریتیە لە عەقڵ، جا لەم نوسینەدا بەکورتی باس لەو هۆکارانە دەکەم کە بۆچی لای ئەشاعیرە بەگشتی و لای ڕازی بەتایبەت، عەقڵ زەمینەی وەحییە.


لای ڕازی عەقڵ بریتیە لەو کەرستەی کە ئێمە تێدەگەین پێی لە وەحی، بە مانایەکی تر عەقڵ ڕەچەڵەکی تێگەیشتنە لە نەقڵ، بەشێوەیەک کە گومانخستنە سەر ئەو کەرستە کە عەقڵە، ڕاستەوخۆ گومان خستنە سەر وەحی و نەقڵە.


بەڵام بۆچی وا بیربکەینەوە؟ 

ڕازی دوو هۆکاری گرنگمان پێدەدات، ئەوانیش بریتین لە بوونی خودا و بەڵگەی پەیامبەرێتی. بێگومان وەحی و نەقڵ بۆ ئەوەی بیچەسپێنین سەرەتا پێویستمان بەوەیە بوونی خودا پشان بدەین لەڕێی ئارگومێنتی عەقڵی و فەلسەفی rational proofs، پاشان دیسانەوە بە عەقڵ بەڵگەکانی پەیامبەرێتی پێشکەش بکەین و شیکار بکەین. ئەگەر ئەم دوو هەنگاوە ئەنجام درا ئەوسا ئاسان وەحی و نەقڵ قبوڵ دەکرێت. خۆ ئەگەر کەسێک بڵێت لە ڕێی وەحی و نەقڵەوە ڕاستێتی خودا و پەیامبەرێتی پەیامبەر د.خ پشان دەدەین، ئەوا ڕازی وەڵام دەداتەوە کە ئەمە تووشی بە هەڵەداچوونەوەی خولیمان ئەکات کە شتێکی نالۆجیکیە. جا بۆیە ئێمە ناچارین بڵێین عەقڵ بنچینەی وەحییە.


وە هۆکاری دووەم کە بۆچی ڕازی عەقڵ دەکاتە زەمینەی نەقڵ ئەوەیە نەقڵ یەقین نەدات هەتاوەکو بە هەندێ مەرجی عەقڵی پشتڕاست نەکرێتەوە. چونکە نەقڵ بە سروشتی خۆی بەنێو پرۆسەی گەیاندندا دەڕوات کە ئەویش بەندە لەسەر هەلومەرجی چوارچێوەیی contextual conditions کە ئەمەش پێویستی بە پشتڕاستکردنەوەیە پێش ئەوەیە بە یەقین سەیر بکرێن.

ناڕوونی ئەم مەرجانە بەپێی ڕازی دەبێتە هۆی ئاڵۆزی لە تێگەیشتن لە دەقی نەقڵ. ئەو مەرجانە کە ڕازی پێیان دەڵێت دە پێشەکییەکە المقدمات الاعشرة، زانایانی ئەشاعیرەی دوای (وەکو تەفتازانی و جورجانی) خۆی کردیانە سێ خاڵی گشتی سەرەکی بەم شێوەیە بۆ سەیرکردنی هەر دەلیلێکی نەقڵی وەکو یەقین:

1. زمانی دەقەکە یەقینی بێت، لەڕووی وشەکاری، ڕێزمان و سەڕفیشەوە. 

2. نیەتی کەسی ڕاوی دیاریکرابێت، واتا شیکار کرابێت لەڕووی ئیشتراک و تەخسیس و مەجاز و تەقدیم و تەئخیر. 

3. دەقە نەقڵیەکە نابێت مانا ڕواڵەتیەکەی پێچەوانەی بنەمای عەقڵی و ئارگومێنتی عەقڵی بێت، خۆ ئەگەر وابوو دەبێت دەق بە شێوەیەکی ڕەمزی وەربگیرێت.


جا بۆیە لای ئەشاعیرە ئەو دەقانە ڕواڵەتیان بریتیە لە وەسفی مرۆیی بۆ خودا وەکو بوونی ید لە هەندێ ئایەتدا، نابێت وەربگرین و مانا بکرێن بە شێوە ڕواڵەتییەکە چونکە تجسیم و لێکچواندن پێچەوانەی بنەما عەقڵیەکان و ئەو ئایەتانەیە کە خودا بە باڵا (لە هیچ شتێک ناچێت، و ناماددی و بێ پێکهاتە و بێ پارچەیە) دەناسێنن.


سەرچاوە:

The Priority of Rational Proof in Islam: The View of Fakhr al-Dīn al-Rāzī. Print.




Comments

پڕ بینەرترین بابەتەکان

ئایا ئیبن عەرەبی باوەڕی بە یەکێتی بوون (وحدة الوجود) هەبووە؟ یان هەڵەتێگەیشتنێک لە ئارادایە؟

بنەما بنچینەییەکانی لۆجیک و کوانتەم میکانیک

بۆچی عەقڵ و مێشک هەمان شت نین؟ نەگونجاوی لۆجیک و مادیگەرایی

کێشەی خراپە و وەڵامی ئەشاعیرە بۆی

شیکارێکی ڕەخنەیی لە تێڕوانینی گراهەم ئۆپی دەربارەی بنەمای هۆکارێتی

ئارگومێنتی هەمانبوونی خود بەناو کاتدا بۆ بوونی ڕۆح

کێشەی ویستی ئیلاهی و ئارگومێنتی گەردوونی کەلام

بۆچی ماددە لە ئەوپەڕی ئاڵۆزیشدا ناتوانێت هۆش و ئاگای بەرهەم بێنێت؟

وەڵامی گومانی خەلقی گەردوون لە نێوان شەش و هەشت ڕۆژی قورئاندا