بنەما بنچینەییەکانی لۆجیک و کوانتەم میکانیک



 بنەما بنچینەییەکانی لۆجیک و کوانتەم میکانیک


لە ئەمڕۆدا کە زانستگەرایی زاڵە بەسەر ڕۆشنبیریەتی زۆربەی کەسەکان، بەشێکیان توشی ئەفسانەیەک بوون بەوەی زانست و بەتایبەت کوانتەم میکانیک، پێچەوانەی بنەما بنچینەییەکانی لۆجیکن. 


بنەما بنچینەییەکانی لۆجیک کە پێشیان دەوترێ Laws of thought مشتومڕێک هەیە کە ژمارەیان چەندە بەڵام بە لایەنی کەم ئەم سیانەی ئاماژەیان پێ دەدەم گومانی تیا نییە بنەمای بنچینەیی لۆجیکن. هەموو مەعریفەت و زانیاری مرۆیی چ لە ئاستێکی تەکنیکی فەلسەفی و زانستیدا بێت چ لە ئاستی ئیشی ڕۆژانەی خەڵکیدا بێت، بەندن لەسەر ئەم بنەما بنچینەییە لۆجییکیانە.


سێ بنەماکەش بریتین لە:

1.  یاسای نەبوونی دژبەیەکی law of contradiction کە دوو دژ بەیەک کۆنابنەوە بەیەکەوە. بۆ نمونە شتێک موستەحیلە ڕاست و هەڵەبێت لە یەک کاتدا. بە زمانی هێمایی ~ (p • ~p).

2. یاسای نەبوونی نێوەند law of excluded middle کە شتێک یان ا یان ا نییە. واتا نێوەندێک نییە بەڵکو یان ا یان ا نییە. بەزمانی هێمایی p V ~p.

3. یاسای ناسنامە principle of identity کە بریتیە لەوەی شتێک خۆیەتی، بۆ نمونە قەڵەمی شینە، قەڵەمی شینە. بە زمانی هێمایی a = a.


ئەم یاسایانە دەوترێ بەهەڵە خراونەتەوە بە پێی هەندێ تاقیکردنەوەی کوانتەم میکانیک، وەک ئەوەی تەنۆلکەیەک لە یەک کاتدا لە دوو شوێن بێت، یان لە شوێنێک زیاتر بێت. بەڵام ئەم جگە لە ئەفسانەیەکی بەربڵاو هیچ بنەمایەکی نییە، وە بابەتەکە ئەسڵەن پەیوەست نییە بە داتا و تاقیکردنەوەی زانستی. ئەم یاسایانە شتانێکی بنچینەیین و ئەو کەسەشی کە هەوڵ دەدات ئەم یاسایانە بە هەڵە بخاتەوە یان گومان دروست بکات لەسەریان ئەوا بەبێ ئاگایانە پێشگریمانەیان دەکات و خودی ئەو یاسایانە بەکاردێنیت بۆ بە هەڵەخستنەوەیان.


بۆ نمونە لەبارەی یاسای دوودژ بەیەک کۆنابنەوە، ئێدوارد فێسەر دەڵێت: هەروەکو ئەرستۆ ئاماژەی پێداوە لە کتێبی میتافیزیکیدا، بۆ ئەوەی بانگەشەی هەر شتێک بکەیت، ئەبێت وەکو شتێکی ڕاست بانگەشەکە پێشکەش بکەیت نەوەکو وەکو هەڵەیەک. ئەمەش دەربڕینی خودی بانگەشەکارەکە (ئەوەی دەڵێت دوودژبەیەک کۆدەبنەوە) دەگرێتەوە. کاتێک ئەم بانگەشەیە دەکات، بانگەشەکارەکە دەڵێت بانگەشەکەم ڕاستە و دوودژبەیەک کۆدەبنەوە. خۆ ئەگەر وانەکات ئیتر جیاوازیەک نامێنێت لەنێوان خۆی و بەرامبەرەکانی. بەڵام بەکردنی ئەمە بانگەشەکار پێشگریمانەی "دوودژبەیەک کۆنابنەوە" دەکات، جا کەوابوو دەربڕینەکەی خۆبەدرۆهێنەرە.


کەوابوو چی لەو بانگەشانە بکەین کە ئەدرێنە پاڵ کوانتەم میکانیک؟ 

ئێدوارد فێسەر دەڵێت، فەیلەسوفی فیزیا پیتەر لویس لە کتێبەکەیدا بەناوی quantum ontology  بەم شێوەیە تێبینی دەکات لەبارەی کوانتەم میکانیک و لێکەوتەکانی:

ئەبێت جیاوازی بکەین لەنێوان سێ شتدا ئەوانیش:

1. دیاردەی کوانتەمی

2. بیردۆزی کوانتەمی

3. تەفسیری جیاواز


دیاردەی تێبینی کراو لە تاقیکردنەوەی two-slit نمونەیەکە بۆ خاڵی یەک. پشاندانی بیرکاریی سیستەمە فیزیکییەکان کە گرنگن بۆ دیاردەی کوانتەمی لەگەڵ ئەو یاسایانەی دەوترێت ئەو سیستەمانە بەڕێوەدەبەن و ئەو دۆخانەی دەپێورێن بریتین لە بیردۆزی کوانتەمی واتا خاڵی دوو. وە تەفسیرەکان وەکو تەفسیری کۆپنهاگن و پایلەت وەیڤ و فرە جیهانی ئێڤێرتس نمونەی تەفسیری جیاوازن، واتا هی خاڵی سێ.


جا ئەو بانگەشانەی دەکرێن لە دژی بنەما لۆجییەکان ئەکەونە خاڵی سێیەم کە بریتیە لە تەفسیرە مرۆییەکان و ئەم تەفسیرانەش بریتی نین لەزانستێکی پوخت بەڵکو گریمانەی فەلسەفی تێدایە وەکو ئەوەی بۆر bohr کە ڕێگایەکی دژە ڕیالیزمیانە instrumentalism پەیڕەودەکات لە فەلسەفەی زانستدا. 


فێسەر دەچێتە لای نمونەی پشیلەکەی شرۆدینگەر و دەڵێت: ئەم پشیلە تەنها تاقیکردنەوەیەکی فکرییە، کە دانراوە تا سەرنج ڕابکێشێت بۆ لای هەندێ مەتەڵ کە بیرۆکەی سوپەرپۆزیشنی کوانتەمی دروستی کردووە. ئەوە هەموو باسەکەیە. جا کەسێک بڵێت کوانتەم میکانیک پشانی دەدات کە پشیلەیەک ئەکرێت لە هەمان کاتدا مردووبێت و زیندووش بێت، ئەوا نازانێت باسی چی دەکات. بەڵکو ئەتوانی بڵێیت پشیلەکە هەم مردووشە و هەم زیندووشە لەیەک کاتدا. یان ئەتوانی بڵێیت نەزیندووە نە مردوو. بەڵکو ئەتوانی بڵێیت هیچ یەکێک لەم تەفسیرانە ڕاست نین. هەر ئەمەشیانە میتافیزیکزانی نەریتی بەدەقیقی ئاماژەیان داوە کە کەس ناتوانێ بەشێوەیەکی تەبا یاساکانی لۆجیک ئینکاری بکات. دۆخی پشیلەکە نادیارە نەک دژبەیەکی قبوڵبکات، تەنانەت لە تەفسیری کۆپنهاگندا پێواندن ئەنجامێکی ڕوون ئەدات بەدەستەوە کە،ئەویش یان مردووە پشیلەکە یان زیندوو نەک دژبەیەکی.


یاخوود دەڵێن ئەلیکترۆنێک هەم شەپۆلە هەم تەنۆلکە لە یەک کاتدا، ئەمە ڕاست نییە بەڵکو بەندبوو لەسەر سیاقی تاقیکردنەوەکان یان ڕەفتار وەکو شەپۆل ئەنوێنێت یان ڕەفتاری وەکو تەنۆلکه ئەنوێنێت.


ئەگەر تا ئێستا ڕوون نەبوەتەوە لات کە چۆن ئەم یاسا لۆجیکیانە شتانێک نین بشکێنرێن ئەوا سەیری ئەم پوختە بکە:

کەسێک دەڵێت: (کوانتەم میکانیک یاسای دوو دژ بەیەک کۆنابنەوە بە هەڵە دەخاتەوە).

لە وەڵامدا دەڵێین: ئەمە یەکەم شت بانگەشەیەکە بەندە لەسەر تەفسیری جیاوازی کوانتەم میکانیک.

دووەم شت و گرنگترین خاڵ، ئەم کەسە خۆی تووشی بەدرۆخستنەوە کردووە، چونکە پێش گریمانەی یاساکانی لۆجیک ئەکات بۆ وتنی ئەو بانگەشەیەی، چونکە ئەو پێی وایە پێچەوانەی بانگەشەکەی ڕاست نییە و کۆنابێتەوە لەگەڵ بانگەشەکەی، واتا پێی وایە دوو دژبەیەکی کۆنابنەوە، بەمەش خۆی دووچاری خۆبەدرۆخستنەوە کردووە. وە ئەوەی لێرەدا دەبێت بیرمان نەچێت گرنگ نییە زانست دەگات بەکوێ لە داهاتوو، هەرگیز ناتوانێت بنەما بنچینەییەکانی لۆجیک و ژیراندنە فەلسەفیەکان بەهەڵە بخاتەوە چونکە خودی زانست و کوانتەم میکانیک بەناچاری دەبێت پێشگریمانەیان بکات.


سەرچاوە:

http://edwardfeser.blogspot.com/2023/01/quantum-mechanics-and-laws-of-thought.html?m=1

Comments

پڕ بینەرترین بابەتەکان

ئایا ئیبن عەرەبی باوەڕی بە یەکێتی بوون (وحدة الوجود) هەبووە؟ یان هەڵەتێگەیشتنێک لە ئارادایە؟

بۆچی عەقڵ و مێشک هەمان شت نین؟ نەگونجاوی لۆجیک و مادیگەرایی

کێشەی خراپە و وەڵامی ئەشاعیرە بۆی

شیکارێکی ڕەخنەیی لە تێڕوانینی گراهەم ئۆپی دەربارەی بنەمای هۆکارێتی

ئارگومێنتی هەمانبوونی خود بەناو کاتدا بۆ بوونی ڕۆح

کێشەی ویستی ئیلاهی و ئارگومێنتی گەردوونی کەلام

بۆچی ماددە لە ئەوپەڕی ئاڵۆزیشدا ناتوانێت هۆش و ئاگای بەرهەم بێنێت؟

عەقڵ وەکو زەمینەی وەحی لای فەخرەدینی ڕازی

وەڵامی گومانی خەلقی گەردوون لە نێوان شەش و هەشت ڕۆژی قورئاندا