کێشەی ویستی ئیلاهی و ئارگومێنتی گەردوونی کەلام

 


کێشەی ویستی ئیلاهی و ئارگومێنتی گەردوونی کەلام


ئارگومێنتی گەردوونی کەلام یەکێکە لەو ئارگومێنتە کلاسیکییانەی بوونی خودا کە تا ئەمڕۆش بەکاردێت و مشتومڕی لەسەرە لەنێو دیبەیت و ئەکادیمیا و فەلسەفەی ئایندا. ئارگومێنتەکە بەشێوەیەکی سادە بەم شێوەیە:

1. هەر شتێک دەست بکات بە دروست بوون، هۆکاری هەیە.

2. گەردوون دەستی کردووە بە دروست بوون.

3. ئەگەر گەردوون دەستی کردبێت بە دروست بوون، ئەوا هۆکاری هەیە.

وە پاش شیکارێکی بیرۆکەی بۆ ئەو هۆکارە، ڕوون دەبێتەوە هۆکارەکە خودایە.


بۆ هەر دوو پێشەکی یەکەم و دووەم ئارگومێنت پێشکەش کراون، بەڵام ئامانجی ئەم نوسینە بریتیە نییە لە بەرگری لە پێشەکییەکان جا بۆیە ئاماژەیان پێ نادەم و لەسەریان ناڕۆم بەڵام ئەتوانیت سوود لە دوو سەرچاوەی یەکەم ببینیت کە لەخوارەوە دامناون.


لە مێژووی فەلسەفە و دینناسی ئیسلامیدا، گفتوگۆیەکی چڕ بەدرێژای سەدەکان کراوە لەسەر ئەوەی ئاخۆ گەردوون سەرەتای هەیە یان نا، وە لەوەش گرنگتر پرسیاری ویستی ئیلاهی وروژێنراوە لەبارەی دەستپێکی گەردوون، پرسیارەکەش ئەمەیە ئەگەر خودا ئەزەلییە و گەردوون سەرەتای ڕەهای هەیە، ئەوا بۆ گەردوون لەو کاتە دەستی پێکرد، کە دەستیپێکردووە، وەک لە پێشتر یان لە کاتێکی تر؟ وەڵامی جیاواز جیاواز دراوەتەوە، وە ئەتوانین بڵێین سێ وەڵامی سەرەکیمان لەبەردەستدایە:


1. فەیلەسوفە موسوڵمانەکان (ئەوانەی لەنێو چوارچێوەی فەلسەفەی نیۆپلاتۆنیزم فکرەکانیان گەشە پێداوە، وەکو ابن سینا):  گەردوون ئەزەلییە و بەپێویستی هەڵدەقوڵێت (emanation) لە زاتی خوداوەوە. ئەگەر خودا ویستی ئەوە بکات گەردوون دروست بکات پاش ئەوەی بوونی نەبووە، ئەوا واتای ئەوەیە زاتی خودا گۆڕانی بەسەردا هاتووە ئەوەش شتێکی موستەحیلە، چونکە خودا کامڵ و تەواو و نەگۆڕە. وە پاشان ئەگەر گەردوون لەکاتێکی دیارکراودا خودا دروستی بکات وەک لە کاتێکی تر، کە ئەو کاتانەی تریش یەکسانن وەک ئەم کاتەی کە گەردوونی تیا دروست بووە، ئەوا مانای ئەوەیە بێ هۆکار خودا ئەم کاتەی هەڵبژاردووە ئەوەش بێمانایە.


2. موتەکەلیمەکان (موعتەزیلە، ئەشعەری و ماتوریدی):  هیچ گۆڕانێک ڕوونادات لە زاتی خودا، چونکە زاتی کامڵە، تەواوە، بێکاتە، و نەگۆڕە. وە خودا بەشێوەیەکی ئەزەلی ویستی وابووە کە گەردوون دروست بکات لەو کاتەی کە دروستی کردووە بەبێ هیچ هۆکارێک. وە خودا کاتیشی لەگەڵ گەردوون دروستکردووە.


3. ئیبن ڕوشد و ئیبن تەیمییە: کامڵبوونی ئەزەلی خودا واتا لە ئەزەلەوە خودا خەلق ئەنجام بدات. جا بۆیە خەلق وەک پۆل ئەزەلیە بەڵام وەکو تاک سەرەتای هەیە (واتا جیهانی ئێمە سەرەتای هەیە بەڵام خودا بەردەوام لە ئەزەلەوە جیهان دروست دەکات و هەر یەکێکیان دەستپێکی هەیە).


جا بێینەوە لای ئارگومێنتی گەردوونی کەلام، بەپێی ئارگومێنتەکە کە پشت دەبەستێت بە ئارگومێنتی فەلسەفی و تەنانەت لەلای هەندێک زانستیش (وەکو کشانی گەردوون)، گەردوون سەرەتای هەیە و ناکرێت هەر هەبووبێت یاخوود خاڵی دەسپێکی ڕەهای نەبووبێت. جا ئەگەر کەسێک قەناعەتی هەبێت کە ئارگومێنتەکە بەهێزە و خۆگرە لە دژی بەرهەڵستیەکان، ئەوا ئەتوانێت بەم شێوەیە وەڵام بداتەوە لەبارەی ویستی ئیلاهیەوە:


هەروەکو موتەکەلیمەکان دووپاتیان کردووەتەوە زاتی خودا کامڵ و نەگۆڕە و بێکاتە ئەمەش واتای ئەوەیە ویستی خودا گۆڕانی بەسەردا نایەت، واتا کاتێک نییە کە تێیدا خودا ویستی بگۆڕێت و گەردوون دروست بکات پاش ئەوەی ویستی وابووە گەردوون لە نەبوون بێت. بەڵکو ویستی خودا هەر لە ئەزەلەوە ئەوە بووە کە گەردوون لەو کاتە دروست بکات کە دروستی کردووە. دەربارەی ئەو بەرهەڵستییەشی کە دەڵێت خودا بۆچی گەردوونی پێشتر دروست نەکردووە یان بۆ کاتێکی تری جیاواز دروستی نەکردووە، ئەوا دەکرێت لە وەڵامدا بوترێت خودی کات لەگەڵ گەردوون دروستکراوە، وە مادام کاتیش بوونی نەبووبێ پێش گەردوون ئەوا پرسیارەکە هەڵەیە بکرێت کە بۆچی خودا پێشتر یان کاتێکی تر گەردوونی دروست نەکردووە. وە ئەو پرسیارەش بەپێی ئیمامی غزالی تەنها بەهۆی نەتوانینی وێنانەکردنەوە دروست بووە. وە ئەگەر درێژی نەکەینەوە وەڵامەکە ئەتوانرێت بوترێت هیچ سات و کاتێک نەبووە پێش خەلقی خودا. جا بۆیە قسەکردن لەسەر ساتەکانی پێش خەلق هەڵەیە، چونکە خودی کات لەگەڵ کرداری خەلق هاتۆتە بوون.


سەرچاوەکان:

بۆ بەرگری لە ئارگومێنتی گەردوونی کەلام:

Loke, Andrew. 2022. The Teleological and Kal¯am Cosmological Arguments Revisited. Cham: Springer Nature.


Vallier, Kevin & Rasmussen, Joshua (eds.) (2020). A New Theist 

Response to the New Atheists. New York: Routledge. 

بۆ ڕوانین لە پرسیار و گفتوگۆی تری دینناسی پەیوەست بە ئارگومێنتەکە:

Randhawa, Sharif. (2011). The Kalām Cosmological Argument and the Problem of Divine Creative Agency and Purpose. Draft version.

Comments

پڕ بینەرترین بابەتەکان

ئایا ئیبن عەرەبی باوەڕی بە یەکێتی بوون (وحدة الوجود) هەبووە؟ یان هەڵەتێگەیشتنێک لە ئارادایە؟

بنەما بنچینەییەکانی لۆجیک و کوانتەم میکانیک

بۆچی عەقڵ و مێشک هەمان شت نین؟ نەگونجاوی لۆجیک و مادیگەرایی

کێشەی خراپە و وەڵامی ئەشاعیرە بۆی

شیکارێکی ڕەخنەیی لە تێڕوانینی گراهەم ئۆپی دەربارەی بنەمای هۆکارێتی

ئارگومێنتی هەمانبوونی خود بەناو کاتدا بۆ بوونی ڕۆح

بۆچی ماددە لە ئەوپەڕی ئاڵۆزیشدا ناتوانێت هۆش و ئاگای بەرهەم بێنێت؟

عەقڵ وەکو زەمینەی وەحی لای فەخرەدینی ڕازی

وەڵامی گومانی خەلقی گەردوون لە نێوان شەش و هەشت ڕۆژی قورئاندا