کێشەی خراپە و وەڵامی ئەشاعیرە بۆی
کێشەی خراپە و وەڵامی ئەشاعیرە بۆی
کێشەی خراپە یان کێشەی شەڕ لە بوون، یەکێکە لە ئارگومێنتە کلاسیکییەکان کە تا ئەمڕۆ بەکاردەهێنرێت لە دژی بوونی خودا، وە جۆرەها وەڵامی لەبەرامبەر دراوەتەوە.
یەکێک لەو جۆرە وەڵامانە پێی دەوترێت Anti-theodicy، کە وەڵامی ئەشاعیرەش لەم جۆرەیە و بە سادەیی پێیان هەڵەیە بەدوای وەڵامدا بگەڕێین کە بۆچی خودا ڕێ دەدا بە بوونی خراپە و لە خوارەوە ڕوونتری دەکەمەوە.
با سەرەتا ئارگومێنت لە خراپەوە بۆ نەبوونی خودا بەم شێوەیە پێشکەشی بکەین:
1. مادام خوا کەماڵی هێزی هەیە، ئەوا خودا ئەتوانێت ڕێگری بکات لە هەموو خراپەیەک لە جیهان.
2. مادام خودا کەماڵی زانستی هەیە، ئەوا ئەزانێت چۆن ڕێگری بکات هەموو خراپەیەک لە جیهان.
3. مادام خودا کەماڵی باشی هەیە، ئەوا خودا ئەیەوێت خراپە لە جیهاندا نەبێت.
4. کەواتە ئەگەر خودا هەبێت، ئەوا خراپە بوونی نابێت لە جیهان.
5. بەڵام خراپە لە جیهان بوونی هەیە.
6. کەواتە خودا بوونی نییە.①
وەڵامی ئەشاعیرە:
پێشەکی 3 بە هەڵە دەزانن، هەر بۆیە دەرئەنجامەکە دانامەزرێت.
پێشەکی 3 پێشگریمانەی ئەوە دەکات، حەقیقەتی ئەخلاقی بە شێوەیەکی بابەتی-objectively و سەربەخۆ لە خودا و بوونەوەران بوونی هەیە. نەک هەر ئەمە، بەڵکو پێشگریمانەی ئەوەش دەکات خودا و بوونەوەران ناچارن بەپێی ئەو حەقیقەتە ئەخلاقییانە مامەڵە بکەن.
بەڵام ئەشاعیرە ئەم پێشگریمانانە ڕەتدەکەنەوە.
پێیان وایە خراپە و باشە تەنها فەرمانی ئیلاهییە و حەقیقەتێکی بابەتیانەی وجودییان نییە، لەمەوە دەڕۆن بۆ ڕەتکردنەوەی پێشەکی 5.
پێشەکی 5 ڕەتدەکەنەوە، چونکە پێشەکی 5 دەڵێت خراپە بوونی هەیە لە جیهان، بۆ ئەوەی ئەمە ڕاست بێت دەبێت خراپە و باشە حەقیقەتێکی سەربەخۆیان هەبێت، بەڵام لای ئەشاعیرە خراپە حەقیقەتێکی وجودی سەربەخۆی نییە لە خودا بەڵکو بە شێوەیەکی ڕێژەیی هەیە بۆ تاکەکانی مرۆڤ. کەوابوو ئەم پێشەکییەش هەڵەیە.
لە بارەی پێشەکی 4 کە دەڵێت ئەگەر خودا هەبێت، ئەوا خراپە بوونی نابێت، ئێستا بۆمان ڕوون بویەوە بۆچی هەڵەیە، چونکە خراپە حەقیقەتێکی وجودی سەربەخۆی نییە وە خراپە و باشەش بریتین لە فەرمانی خودا، کەوابوو خودا لە ئەودیو هەموو ملکەچکردنێکی ئەخلاقییە، و خۆی زەمینەی ئەخلاقە.②
ئیمامی ئەشعەری دەڵێت: ئێمە باوەڕمان وایە خراپە و باشە لە زەویدا بوونی نییە، جگە لەوەی خودا دەیەوێت، وە شتەکانیش بە ویستی خودان.③
ئیمامی باقلانی دەڵێت: ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە ڕێگایەک هەبێت لە ئەقڵدا، کە بە خودی خۆی، خراپەی کارێک یان باشەی، حەرامبوونی شەرعی یان ئاساییبوونی شەرعی یان سروشتی فەرزکەری بزانێت.
ئەم جۆرە بڕیاردانانە، بە سەرجەمیان، ناکرێت بدرێنە پاڵ کردارەکان جگە لە ڕێی یاسای/وەحی ئیلاهی، و بە هیچ شێوەیەک ئەقڵ دیاریان ناکات.④
کەواتە دەرئەنجامی ئارگومێنت لە خراپەوە بۆ نەبوونی خودا دانامەزرێت.
بێباوەڕ چۆن ئەتوانێت گورز بدات لەم جۆرە وەڵامە؟
ئەبێت ئەم خاڵانە ئەنجام بدات تا ئارگومێنتەکە کاری خۆی بکات:
1. بیسەلمێنن حەقیقەتی ئەخلاقی و باشە و خراپە، سەربەخۆ لە هەموو شتێک و کەسێک بوونی هەیە، بەخوداشەوە.
2. وە ئەگەر ئەمەیان کرد، بیسەلمێنن ئەگەر خودا هەبێت، ئەوا ناچارە ملکەچی ئەم حەقیقەتە ئەخلاقیانە بێت.
لە ئەنجام نەدانی ئەم دوو خاڵە، ئارگومێنتی کێشەی خراپە شکستخواردوو دەمێنێتەوە لەبەرامبەر ئەم جۆرە وەڵامەی پێی دەوترێت Anti-theodicy.
سەرچاوەکان:
① Creel, Richard E. (2013). Philosophy of Religion: The Basics. Malden, MA: Wiley-Blackwell.
② Chowdhury, S. Z. (2021a). Islamic theology and the problem of evil. The American University in Cairo Press.
③ Faruque, M. U. (2016). Does God Create Evil? A Study of Fakhr al-Dīn al-Rāzī’s Exegesis of Sūrat al-falaq. Islam and Christian–Muslim Relations, 28(3), 271–291. https://doi.org/10.1080/09596410.2016.1244955
④ هەمان سەرچاوەی پێشوو.
Comments
Post a Comment