ئایا ئیبن عەرەبی باوەڕی بە یەکێتی بوون (وحدة الوجود) هەبووە؟ یان هەڵەتێگەیشتنێک لە ئارادایە؟
ئایا ئیبن عەرەبی باوەڕی بە یەکێتی بوون (وحدة الوجود) هەبووە؟ یان هەڵەتێگەیشتنێک لە ئارادایە؟
ئیبن عەرەبی فەیلەسوفی سۆفی یەکێک لەو کەسایەتییانەی مشتومڕێکی گەورە دروستبووە لەسەر تێڕوانینەکانی، بەشێوەیەک کە لای هەندێک وەکو پێشەوا دەبینرێت و لای هەندێکیش وەکو زەندیقێک ئەبینرێت. هۆکاری ئەوەش ئەتوانرێت بوترێت بەسەرەکی پەیوەستە بە میتافیزیکی بوون لای ئیبن عەرەبی.
جا لەم نوسینەدا بەپوختی ئاماژە دەدرێت بەو توێژینەوەی فەیلەسوفی ئیسلامی و پسپۆڕی سۆفیگەری محمد ڕۆستەم، کە باس لەوە دەکات ئیبن عەرەبی دوورە لە باوەڕێکی وەکو یەکێتی بوون و ئەم خستنەپاڵەی ئیبن عەرەبیش بۆ یەکێتی بوون بەرهەمی هەڵە و پشتگوێخستنی زانایان بووە چ لە ڕۆژهەڵات یان ڕۆژئاوا.
ئۆنتۆلۆجی(وجود) ئیبن عەرەبی
بوونی پێویست و بوونی موستەحیل
لای ئیبن عەرەبی تاکە شتێک کە هەبێت و پێویست بێت بوونی بریتیە لە خوای گەورە، واتا خوای گەورە بریتیە لە واجب الوجود necessary existent. وە هەموو شتێکی تر کە هەن ئیلا بوونیان لە خوای گەورەوە وەردەگرن و بەندن لەسەر ئەو نەوەکو بوونێکی سەربەخۆیان هەبێت و بێنیاز بن لەخودا.
شتانی موستەحیل لای ئیبن عەرەبی بریتین لەو شتانەی کە تەنانەت وێناش ناکرێن، بۆ نمونە ئێمە ئەتوانین وێنای ئەسپێکی باڵدار بکەین هەرچەندە لە واقعیشدا بوونی نییە بەڵام هێشتا وێنای ئەکەین. جا مادام وێنا ئەکرێت بوونێکی موستەحیل نییە لای ئیبن عەرەبی بەڵکو ئەوەی بوونێکی موستەحیلە کە تەنانەت وێناش نەکرێت.
جا ئەگەر بپرسین چۆن بوونیەتی خودا جیاوازە لە تەواوی بوونەوەران، وەڵامەکە لای ئیبن عەرەبی بەم شێوەیە:
بوونی خودا دوو لایەنەیە، لایەنێکیان non-manifest ە واتا دیار نییە و پەیوەستە بە زاتی خۆی. ئەم لایەنە بەدەرە لەوەی عەقڵی بەشەری بتوانێ وێنای بکات بەڵکو تەنها خودا خۆی زانایە بەم لایەنەی خۆی، واتا بە مانایەکی تر تەنها خوا خۆی زانایە بە زاتی خۆی. ئیبن عەرەبی بەم لایەنە دەڵێن انکر النکرات.
بوونە شیاوە و بونلواوەکان و تەنە نەگۆڕەکان و شوێنی تەجەلی ئیلاهی
پاش ئەوەی ڕوون بوو چی بوونیەتی پێویستە کە خودایە و چیش موستەحیلە کە ئەو شتانەن تەنانەت وێناش ناکرێن، سێیەم پۆلێن دێت کە بریتیە لەو شتانەی مەخلوقاتی خوان وەکو تەواوی گەردوون. ئەم شتانە بوونیان شیاوە واتا لە نێوان نەبوون و بووندان. کە لەبووندا ئەوا بوونیەتیان لە خوداوە وەردەگرن و بەندن لەسەر خودا. وە لای ئیبن عەرەبی زانستی خوا بە گەردوون وەکو زانستی خۆیەتی بە خۆی. چونکە لای خودا شتەکان هەمیشە زانراون (بۆ نمونە منداڵێک سەد ساڵی تر لەدایک ببێت). واتا شتەکان پێش ئەوەی بێنە بوون لە جیهاندا، لە زانستی خوادا هەن بە نەگۆڕی و بەمانە ئەتوانرێت بوترێت تەنە نەگۆڕەکان. وە ئەم تەنە نەگۆڕانە بە فەرمان و وشەی کن خودا دەبنە ڕاستی لە جیهاندا.
جا کاتێک ئەم تەنە نەگۆڕانە دەبنە ڕاستی بەفەرمانی خوا، دەبنە شوێن loci بۆ دەرخستن یان تەجەلی ئیلاهی.
ڕۆڵی ناوەکانی خودا
لەڕێی ناوەکانی خوداوە، کە لە قورئان و سونەتدا هاتوون، خودا ئەناسین چونکە خودا زمانێک بەکاردێنێت ئێمە بتوانین تێبگەین لێی، بۆ نمونە وشەی بەزەیی کە خودا بەبەزەییە ئێمە تێدەگەین لێی چونکە بەزەیی هەیە لە ئێمەدا. جا لێرەدا خاڵێکی گرنگ هەیە خودا لای ئیبن عەرەبی لەڕێی ناوەکانیەوەیەتی تەجەلی ئەکات لە شوێنەکان loci یاخوود شتەکانی گەردوون نەوەکو زاتی خودا. زاتی خودا موستەحیلە بێتە ناو مەخلوقاتەوە. زاتی خودا شتێکە تەنها خۆی زانایە پێی. وە ئەو باوەڕەی دەڵێت خودا بە زات دێتە ناو مەخلوقات پێی دەوترێت حلول و لە ئیسلامدا ڕێگەپێدراو نییە. بەڵکو ئەوەی لای ئیبن عەرەبی هەیە بریتییە لە تەجەلی ناوەکانی خودا بەناو گەردووندا، ئەمەش ڕوو دەدات به هەناسەی الرحمن. هەر شتێک ئامادەییەکی تایبەتی تێدایە تا وەکو ناوێکی جیاواز وەربگرێت. واتا هەر شوێنەو loci ناوێکی خودا وەردەگرێت.
لای ئیبن عەرەبی ناوەکانی خودا بێکۆتان گەرچی لە دەقەکاندا تەنها 99 ناوی هاتووە. وە خودا لەڕێی ئەم فرەناوانەیەوە دەناسرێت بەڵام لەڕێی احد یان اللە وە ناناسرێت. لە سەرێکەوە خودا باڵایە transcendent ە، واتا لە هیچ شتێک ناچێت و وێنای زاتی ناکرێت. لە سەرەکەی ترەوە خوای گەورە ئەناسرێت بە بەکارهێنانی چەمک و وشانێک کە مرۆڤ ئاشنایەتی. بۆ نمونە لەم ئایەتەدا لَيْسَ كَمِثْلِهِ شَيْءٌ ۖ وَهُوَ السَّمِيعُ الْبَصِيرُ (11) خوای گەورە لە بەشی یەکەمی ئایەتەکە جەخت ئەکاتەوە لە باڵابوونی خۆی کە لە هیچ ناچێت و لە بەشی دووەمی ئایەتەکە ئاماژە بە سەمیع و بەسیر ئەدات کە مرۆڤ تێدەگا لێی.
جا کەوابوو خودا لەو لایەنەی بوونیەوە کە باڵایە لە هیچ شتێک ناچێت بەڵام لەو لایەنەی بوونیەوە کە تەجەلی ئەکات لە هەموو گەردووندایە تەجەلییەکەی یان بە مانایەکی تر هەموو بوونێک ئیلا بوونیەتی لە خواوە وەردەگرێت یاخوود لەسەر خودا بەندە بوونیەتی.
پێناسەی یەکێتی بوون pantheism
یەکەمجار کە وشەی پانثسيت بەکارهات جۆن تۆلاند لە سەدەی شانزە بەکاریهێنا بۆ خۆی بەڵام تا ئەو کاتیش وشەی پانثیسم بەکارنەهاتبوو. ئەم وشە واتای ئەوەیە خودا و گەردوون هەمان شتن. یان بەمانایەکی تر خودا هەموو شتێکە یان هەموو شتێک خودایە.
یەکێتی بوون و ئۆنۆتۆلۆجی ئیبن عەرەبی
پاش ئەوەی ڕوون بووەوە پانثیسم چییە و ئۆنتۆلۆجی ئیبن عەرەبی چییە، ئەوا ڕوون بوەتەوە کە دوو شتی جیاوازن و بەهەڵە دراوەتە پاڵ ئیبن عەرەبی ئەم تێڕوانینە. ئەم هەڵەتێگەیشتنەش ڕەگەکەی شتێکی نوێ نییە و کۆنە (سەدەکانی ناوەڕاست)، بەشێوەیەک کە کاریگەری کردووەتە سەر نەوەکانی داهاتوو. بەشێکی تری هەڵەتێگەیشتنەکەش ئەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدە و بیست و ڕۆژهەڵاتناسەکان کە بە ئاسانی ئەم شتەیان خستۆتە پاڵ ئیبن عەرەبی. بۆ نمونە ئەگەر سەیرێکی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست بکەین، زانایەکی وەکو S. A. Q. husaini، کتێبەکەی لەسەر ئیبن عەرەبی زۆر بە ئاسانی بە یەکێتی بوون ناو هێناوە
The Pantheistic Monism of Ibn al-‘Arabī.
ئەم کەسە توێژینەوەکانی ڕێنمای کراوە لە لایەن ڕۆژهەڵاتناسانێکی وەکو Miguel Asín Palacios کە دیسان ئەمیش چەندین وشەی هەڵەی بەکارهێناوە بۆ ئیبن عەرەبی.
جا محمد ڕۆستەم دەڵێت زانایان بەهۆی کەمی زانیاری خۆیانەوە دەربارەی بیرۆکەکانی ئیبن عەرەبی، هەوڵیان داوە ئین عەرەبی بخەنە ناو پۆلێنی یەکێتی بوونەوە. چونکە ئیبن عەرەبی بیرۆکەکانی ئاسان نین. وە هەروەها ویلیام چیتیک دەڵێت ئاسانترین چارەسەر بۆ ئەو ڕۆژهەڵاتناسانە ئەوەبوو ئیبن عەرەبی بناسێنن وەکو کەسێک باوەڕدار بێت بە یەکێتی بوون و دوور بێت لە باوەڕ بە تێڕوانینی ئۆرسۆدۆکثی ئیسلامی.
وە محمد ڕۆستەم دەڵێت دەبێت شتەکان بەشێوەک دراسە بکرێن بەو نیەتەی نوسراون نەوەکو بەو نیەت و خاڵ و تێگەیشتنانەی خۆمان، ئەگەر نا بەهەڵە شتەکان پشان ئەدەین و لێک دەدەینەوە هەروەکو کەیسی ئیبن عەرەبی.
سەید حوسەین نەسڕ دەڵێت یەکێتی بوون سیستەمە لەکاتێکدا تێڕوانینی ئیبن عەرەبی سیستەم نییە. جا ئەبێت بپرسین ئەگەر ئین عەرەبی خۆی سیستەمێکی میتافیزیکی گەشە پێنەدابێ، ئەم هاندەرە لەکوێوە دێت کە بیرۆکەکانی بکەین بەسیستەمێک؟
جا کاتێک باس لە ئۆنتۆلۆجی ئیبن عەرەبی دەکەین ئەبێت وشەکانی خۆی بەکاربێنین ئەگینا وێنەکەی هەڵە دروست ئەکەین.
جا پوختەی قسە ئەوەیە یەکێتی بوون زاتی خوا و تەواوی گەردوون ئەکاتە یەک شت و بەهەمان شتیان دەبینێت، لەکاتێکدا ئیبن عەرەبی لە نوسیەکانیدا جەختی کردەوەتەوە لە باڵابوونی خودا. بەڵکو ئەوەی هەیە لە تێڕوانینی عەرەبی لایەنەکەی تری بوونی خودایە کە ناوەکانی تەجەلی دەکەن لە هەموو شتێکدا.
سەرچاوە:
Rustom, Mohammed (2006). Is Ibn al-‘Arabī’s Ontology Pantheistic? Journal of Islamic Philosophy 2 (1):53-67.
Comments
Post a Comment