ئارگومێنتی هەمانبوونی خود بەناو کاتدا بۆ بوونی ڕۆح



ئارگومێنتی هەمانبوونی خود بەناو کاتدا بۆ بوونی ڕۆح


بێگومان بە درێژای مێژوو تا ئەمڕۆی فەلسەفەی عەقڵ، چەندین ئارگومێنت پێشکەشکراوە و گفتوگۆ کراوە لەسەر ئەوەی مرۆڤ چییە؟ ئایا تەنها جەستەیەکی فیزیکییە و تەواو؟ یاخوود ڕۆحێکی ناماددیشی هەیە؟ 


جا لێرەدا بەکورتی ئارگومێنتێک باس دەکەم کە بۆچی پێمان وابێت ئێمە بریتی نییە لە تەنها جەستەیەکی فیزیکی، ئارگومێنتەکە پێی دەوترێت:

ئارگومێنتی هەمانبوونی خود بەناو کاتدا بۆ بوونی ڕۆح


1. ئەگەر شتێک تەنی فیزیکی بێت، پێکهاتووە لە هەندێ بەش، ئەگەر بەشەکانی بگۆڕدرێن، ئەوا بە درێژایی کات وەک هەمان تەن، نامێننەوە.

2. جەستەی فیزیکی و مێشکم تەنی فیزیکی پێکهاتوون لە بەش.

3. کەواتە، جەستەی فیزیکی و مێشکم بە درێژایی کات نامێننەوە وەکو هەمان تەن، ئەگەر بێتو بەشەکانی بگۆڕدرێن.

4. جەستەی فیزیکی و مێشکم هەمیشە بەشەکانی دەگۆڕدرێن.

5. کەواتە، جەستەی فیزیکی و مێشکم نامێننەوە بە درێژایی کات وەکو هەمان تەن.

6. من بە درێژایی کات وەک هەمان تەن ئەمێنمەوە.

7. کەواتە من جەستەی فیزیکی و مێشکم نیم.

8. من یان ڕۆحم یان جەستەی فیزیکی و مێشک.

9. کەواتە من ڕۆحم.


پێشەکی 2 و 4 جێگای گفتوگۆ نین و ڕاستن بێگومان، چونکە جەستەمان بەردەوام خانە و ئەتۆمی کۆن دەڕۆن و نوێ جێگایان دەگرنەوە. ئەوەی جێگای قسەیە پێشەکی 1 و 6 ن.


بۆچی پێشەکی 1 ڕاست بێت؟ 

بۆ پشاندانی ڕاستی ئەم پێشەکییە ئەچینە لای ئەو نمونەی فەیلەسوف جەی پی مۆرلاند پێشکەشی کردووە. نمونەکە بەم شێوەیە، تۆ وادابنێ چەند تەختەیەک ئەبینیت لە حەوشەکەتان، ناویان دەنێین لە a-e، واتا هەر تەختە و پیتێک. جا ئێستا ئەم تەختانە بخە سەر یەک و با وەک تەنێکیان لێبێت، پاشان تەختەی b لابە و دانەیەکی تر بخە جێی، ئەم نوێیە ناو دەنێین f. ئایا ئەم تەنە وەک خۆی دەمێنێتەوە؟ نەخێر چونکە تەختەی b لابرا و تەختەی f هێنرایە جێگاکەی. و لە لایەکی دیش پەیوەندیی نێوان تەختەکان گۆڕا چونکە پارچەیەکی نوێ دانراو و پەیوەندییەکە لە a-e گۆڕا بۆ a, c-f.


جا ئێستا با لەو تەختانەی سەرەتا واتا a-e، بەلەمێک دروست بکەین. لە ئێستەدا پەیوەندییەکە بە شێوەیەکە هەموویان ڕەبتن بەیەکەوە، واتا بمەوێ بیانجوڵێنم هەمووی دەجوڵێ بەیەکەوە، چونکە ئێستا تەنێکی نوێیە و بەلەمێکە، نەک تەنها تەختەی جیابوەوە لەیەک و یان بە شلی خرابنە سەر یەک. 

ئێستا پاش دروستکردنی بەلەمەکە، دیسان با تەختەی b دەربکەین و تەختەیەکی نوێ f بخەینە جێگای، ئایا بەلەمەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە؟ وەڵام نەخێرە. با پرسیارەێکی تر زیادبکەین، تا باشتر تێبگەین بۆچی وەڵامەکە نەخێرە. ئێستا وادابنێ سەر لە نوێ تەختەی b دەخەینەوە جێگای خۆی و واتا بەلەمەکە لە a-e پێکدێت، ئایا بەلەمەکە وەک سەرەتایە؟ 


لێرەدا ڕاستە بەشەکان هەمان شتن، هەمان تەختەن بەڵام پەیوەندیان جیاوازە بۆیە وەڵامی پرسیارەکە نەخێرە. تەختەی b لە پەیوەندیەکی نوێدا دەبێت لەگەڵ تەختەکانی تر.


جا ئێستا بێینە لای جەستەی خۆمان، جەستەمان و مێشکمان پێکهاتووە لە سەدان بلیۆن ئەتۆم، ئەتۆمەکانیش لەناو پەیوەندیدان پەیوەست بەیەکترەوە. جا کاتێک بەشێک دەگۆڕێ یان پەیوەندیەک دەگۆڕدرێت ئەوا دووچاری مێشکێکی نوێ و جەستەیەکی نوێ و جیاواز دەبین.


وە ئێمە دەزانین جەستە و مێشکمان بەردەوام لە گۆڕاندان، هەر بۆیە جەستە و مێشکمان وەک خۆی نامێنێتەوە و ئەبنە تەنێکی نوێ. بێگومان ئێمە لەسەر ئاستە فەلسەفییەکە قسەدەکەین نەک کاروباری ڕۆژانە کە ئەگەر تایەی ئۆتۆمبێلەکەشمان بگۆڕین بە تایەکی نوێ، هەر دەڵێین ئۆتۆمبێلەکە هی خۆمانە و نەگۆڕاوە.


چی دەربارەی پێشەکی 6؟

بۆچی پێمان وابێت ئێمە وەک هەمان تەن کات تێدەپەڕێنین؟ 

بیر لە مێزێکی قاوەیی بکەرەوە کاتێک بەرەو ڕووی دەڕۆی لە سێ ساتی جیاوازدا، تۆ سێ ئەزموونی جیاواز دەکەیت، بەم شێوەیە:


لە کاتی (t1) تۆ پێنج هەنگاو دووری لە مێزەکە و ئازارێک هەست پێدەکەیت لە پێتدا (P1) و ئەزموونی ڕەنگێکی قاوەی کاڵی مێزەکە ئەکەیت لە شوێنێکی دیاریکراوی ژوورەکەدا (S1) و و فکرێکی دیایکراویش دەکەیت دەربارەی ئەوەی مێزەکە کۆنە (T1).


لە کاتی (t2) تۆ سێ هەنگاو دووری لە مێزەکە و هەست بە گەرمییەک ئەکەیت لە هیتەرەکەوە (F1) و ئەزموونێکی هەستەوەری جیاوازیش لە مێزەکەوە، ئێستا ڕەنگی قاوەییەکەی هەندێ گۆڕاوە بۆت، چونکە نزیکتری لێی (S2) و فکرەیەکی جیاوازیشت هەیە دەربارەی مێزەکە، مێزەکە تەختەی منداڵیت بیردەخاتەوە (T2).


لە کۆتایدا، پاش چەند چرکەیەک (t3)، حەز دەکەیت مێزەکەت هەبێت (D1) وە هەستەوەریەکی جیاوازیشت هەیە بەرامبەر مێزەکە چونکە ئێستا نزیکتری لێی (S3) و فکرەیەکی تریشت هەیە کە ئەویش ئەزانی ئەتوانی بە کەمتر لە 25 دۆلار بیکڕیت (T3).


لەم زنجیرەی ئەزموونکردنانەدا، تۆ ئاگاییت هەیە لە شتە جیاوازەکان لە ساتە جیاوازەکاندا. وە هەروەها لە هەر ساتێکدا، تۆ ئاگاییت هەیە کە خودێک-self هەیە لەو ساتەدا کە هەموو ئەم ئەزموونانە دەکات و یەکیان دەخات بۆ یەک مەیدانی هۆش.

تۆ ئاگاییت هەیە، کە هەمان خودیت لەو سێ کاتە جیاوازە و ئەزموونەکان دەکەیت t1 و t2 و t3.

وە ئەزانیت ئەو خودە تۆیت و شتێکی تر نییە.



تۆ لە ڕێگای لەخودڕامانەوە-introspection ەوە دەزانیت، ئاگاییت هەیە کە تۆ ئەو خودەیت کە هەتە و ئەزموونەکان یەک دەخات لە هەر ساتێکی کاتدا و تۆ هەمان خودیت کە ئەمێنیتەوە بە تێپەڕبوونی کات.


جا ئەم دوو ڕوونکردنەوەیە بۆ پێشەکی 1 و 6 پێویست بوون، و هەوڵدرا ڕاستی ئارگومێنتەکە پشان بدرێت. بێگومان ئەم ئارگومێنتە بێ بەرهەڵستی نییە و لێرەدا تەنها وەکو ناساندنێک ئاماژەیپێکرا. بەڵام ئەگەر ئارگومێنتەکە ڕاستبێت هەروەکو لایەنگرانی باوەڕیان پێیە، ئەوا مرۆڤ بریتی نییە لە تەنها جەستەیەکی فیزیکی بەڵکو رۆحێکی ناماددیشی هەیە.


سەرچاوە:

Menuge, A., Krouse, B., & Marks, R. (2023). Minding the brain: Models of the mind, information, and empirical science. Discovery Institute Press. 

Comments

پڕ بینەرترین بابەتەکان

ئایا ئیبن عەرەبی باوەڕی بە یەکێتی بوون (وحدة الوجود) هەبووە؟ یان هەڵەتێگەیشتنێک لە ئارادایە؟

بنەما بنچینەییەکانی لۆجیک و کوانتەم میکانیک

بۆچی عەقڵ و مێشک هەمان شت نین؟ نەگونجاوی لۆجیک و مادیگەرایی

کێشەی خراپە و وەڵامی ئەشاعیرە بۆی

شیکارێکی ڕەخنەیی لە تێڕوانینی گراهەم ئۆپی دەربارەی بنەمای هۆکارێتی

کێشەی ویستی ئیلاهی و ئارگومێنتی گەردوونی کەلام

بۆچی ماددە لە ئەوپەڕی ئاڵۆزیشدا ناتوانێت هۆش و ئاگای بەرهەم بێنێت؟

عەقڵ وەکو زەمینەی وەحی لای فەخرەدینی ڕازی

وەڵامی گومانی خەلقی گەردوون لە نێوان شەش و هەشت ڕۆژی قورئاندا