ئارگومێنتی مەرجدارێتی ڕۆبێرت کونس بۆ بوونی خودا



ئارگومێنتی مەرجدارێتی ڕۆبێرت کونس بۆ بوونی خودا


فەیلەسوفی کاسۆلیک ڕۆبێرت کوونس لە ساڵی 1996ز پەڕەیەکی نایابی بڵاوکردەوە دەربارەی ئارگومێنتە گەردوونییەکان و تیایدا بە شێوەیەکی نوێ ئارگومێنتێکی گەردوونی پێشکەش کرد بە یارمەتی مۆداڵ لۆجیک و بەشناسی. پەڕەکە بێگومان بە شێوەیەکی تەکنیکی پێشکەشی کردووە بەڵام لەم نوسینەدا بە زمانێکی سادە و پوخت ئەیگوازمەوە.

پێش ئەوەی بچینە لای ئارگومێنتەکە، چەمکێک پێویستە بزانین
مانای چییە، ئەویش حەقیقەتی تەواو مەرجدار- wholly contingent factە. کە بریتیە لەو شتانەی کە بوونیان هەیە بەڵام ئەکرا بوونیان نەبێت، یاخوود بە مانایەکی تر نە بوونیان پێویستە وەکو ڕاستیەکانی بیرکاری و لۆجیک، نە بوونیان موستەحیلە وەکو بازنەیەکی چوارگۆشە. یاخوود بە مانایەکی تر ئەتوانین بڵێین ئەوانەن کە بەندبوون لەسەر شتی تر لە هەر ساتێکی بوونیاندا و سەربەخۆ نین.
جا ئەم حەقیقەتە تەواو مەرجدارانە هۆکاریان هەیە کە بۆچی هەن، بەڵام بۆچی پێمان ڕاست بێت هۆکاریان هەیە؟
لە وەڵامدا بەکورتی ئەتوانین بڵێین چونکە بنەمای هۆکارێتی حەقیقەتێکی میتافیزیکیە و قابیلی شکاندان نییە و هەروەها ئەزموونیش پشتگیری دەکات.
بۆ درێژەی ئەم باسە بینەر و خوێنەری ئەم بابەتانە بە:

وە هەروەها ئەم ئارگومێنتە حەقیقەت-facts بەکاردێنێت کە بریتین لەو شتانەی لە جیهاندا هەواڵەکان یاخوود قەزیەکان-propositions ئەکەنە ڕاست یان هەڵە. بۆ نمونە گیا سەوزە. ئەمە هەواڵێکە. چی دەیکات بە ڕاست؟ گیای سەوز لە جیهان کە هەیە ئەو هەواڵە دەکات بە ڕاست. واتا حەقیقەت بریتین لە شتانی بەرجەستە-concrete.

ئارگومێنتەکە لەم پێشەکییانە پێکدێت:
1. هەموو بەشەکانی حەقیقەتێکی پێویست، خۆیان پێویستن.

ڕووکردنەوە:
وادابنێ ئێمە حەقیقەتێکی پێویستمان س هەیە، و لە دوو بەش پێکدێت. بەشەکانیش ئەبێت پێویست بن، بەشی یەکەم بۆ نمونە 2 + 2 = 4 و بەشەکەی تریش 3 + 2 = 5. لێرەدا پێویست واتا ناکرێت بە شێوەیەکی تر بێت بەڵکو بە پێویستی وایە.

2. هەموو حەقیقەتێکی مەرجدار، بەشێکی تەواو مەرجداری هەیە.

ڕوونکردنەوە:
وادابنێ ئێمە حەقیقەتێکی مەرجدارمان د هەیە، لە سێ بەش پێکهاتووە. بەشی یەک گیا سەوزە، بەشی دوو 2 + 2 = 4 بەشی سێیەمیش 3 + 3 = 6. ئەبینیت دوو بەشی بە پێویستی وان بەڵام بەشێکیان مەرجدارە، واتا هیچ پێویستیەکی تێدا نییە. بۆیە ئێمە ناتوانین بڵێین ئەم سێ بەشە حەقیقەتێکی پێویست پێکدێنن بەڵکو مەرجدار پێکدێنن بەڵام مەرجدارێکی تەواو نا چونکە دوو بەشی پێویستی هەیە، خاڵی گرنگی ئەم پێشەکیەش ئەوەیە کە حەقیقەتی مەرجدار ئیلا بەشێکی تەواو مەرجداری هەیە.

3. ئەگەر هیچ حەقیقەتێکی مەرجدار بوونی هەبێت، ئەوا ج حەقیقەتێکی تەواو مەرجدارە.

ڕوونکردنەوە:
ج لێرەدا مەبەست لە کۆکراوەی هەموو حەقیقەتە تەواو مەرجدارەکانە یاخوود ئەتوانین بڵێین گەردوونە. مەبەستی ئەم پێشەکییە ئەوەیە حەقیقەتە مەرجدارەکان، هەموویان بەشی تەواو مەرجداریان هەیە، ئێمەش هەموو ئەمانە کۆئەکەینەوە و پێیان دەڵێین ج.

4. ئەگەر هیچ حەقیقەتێکی مەرجدار بوونی هەبێت، ئەوا ج هۆکاری هەیە.

ڕوونکردەوە:
لێرەدا مەبەستەکە ئەوەیە ج هۆکاری هەیە، بۆچی؟ چونکە ج حەقیقەتێکی تەواو مەرجدارە و حەقیقەتی تەواو مەرجداریش هۆکاری هەیە هەروەکو پێشتر ئاماژەمان پێدا.

5. هەموو حەقیقەتێکی مەرجدار بەشێکە لە ج.

ڕوونکردنەوە:
هەموو حەقیقەتێکی مەرجدار بەشێکە لە ج، بۆچی؟ چونکە ج کۆکراوەی هەموو حەقیقەتە تەواو مەرجدارەکانە، واتا حەقیقەتێکی تەواو مەرجدار بوونی نییە کە بەشێک نەبێت لە ج.

6. ئەگەر هەر حەقیقەتێکی مەرجدار هەبێت ئەوا ج هۆکاری هەیە و حەقیقەتێکی پێویستە.

ڕوونکردنەوە:
ئەمە دەرئەنجامەکەیە، کە ئەگەر حەقیقەتی مەرجدار هەبێت، کە هەیە و ڕوونە لامان، ئەوا ج هۆکاری هەیە چونکە حەقیقەتێکی تەواو مەرجدارە، وە هۆکارەکەش پێویستە، چونکە هەموو حقیقەتێکی مەرجدار بەشێکە لە ج خۆی.

ئەمە قۆناغی یەکی ئارگومێنتە گەردوونییەکانە، قۆناغی دووەمیش ناساندنی ئەو پێویستە بوونەیە، کە ئایا خودایە یان چییە؟
ئەتوانی سوود لەم ڤیدۆیە ببینی کە بۆچی ئەو پێویستەبوونە خودایە نەک شتێکی تر:

دوو تایبەتمەندی ئەم ئارگومێنتە:
1. پارێزراوە لە بەهەڵەداچوونەوەی پێکهاتن، چونکە ج (گەردوون) لێرەدا تەنها بریتییە لە یەک حەقیقەتی تەواو مەرجدار و حەقیقەتی تەواو مەرجداریش هۆکاری هەیە. واتا ئەسڵەن پێکهاتن ڕووینەداوە تا کەسێک باسەکە بێنێتە پێش. پاشان بەهەڵەداچوونەوەی پێکهاتن خودی خۆی بوونی نییە بەڵام ئەگەر تەنازولێکیش بکەین بوونی هەبێت، ئەوا لێرەدا باسم کردووە کە بۆچی ئارگومێنتە گەردوونییە کلاسیکییەکانیش دووچاری نابن:

2. ئەم ئارگومێنتە بەلایەوە گرنگ نییە گەڕانەوەی بێکۆتای هۆکارەکان-infinite regress of causes ڕاست بێت یان نا، چونکە ئەگەر ڕاستیش بێت، ئەوا هێشتا ئەو total کۆکراوەی حەقیقەتە مەرجدارەکان هۆکاری هەیە.
بەڵگەنەویستی 2 لە بەشناسی کە لەپەڕەکەی کونسدا ئاماژەی پێکراوە، ڕێمان پێدەدات هەموو حەقیقتە مەرجدارەکان (بێکۆتا بێت یان سنوردار) بکەینە یەک حەقیقەتی تەواو مەرجدار.
بەپێی ئەو بەڵگەنەویستە، ئەتوانین هەر کۆمەڵەیەکی نا-بەتاڵی حەقیقەتەکان کۆبکرێنەوە بۆ یەک حەقیقەت. لە خواریشەوە سەرچاوەکەم داناوە کە کونس وەڵامی هەندێ بەرهەڵستی باودەداتەوە لەسەر ئارگومێنتەکە.

سەرچاوە:
Robert C. Koons, "A New Look at the Cosmological Argument,"American Philosophical Quarterly 34(1997): 193-212.

Comments

پڕ بینەرترین بابەتەکان

ئایا ئیبن عەرەبی باوەڕی بە یەکێتی بوون (وحدة الوجود) هەبووە؟ یان هەڵەتێگەیشتنێک لە ئارادایە؟

بنەما بنچینەییەکانی لۆجیک و کوانتەم میکانیک

بۆچی عەقڵ و مێشک هەمان شت نین؟ نەگونجاوی لۆجیک و مادیگەرایی

کێشەی خراپە و وەڵامی ئەشاعیرە بۆی

شیکارێکی ڕەخنەیی لە تێڕوانینی گراهەم ئۆپی دەربارەی بنەمای هۆکارێتی

ئارگومێنتی هەمانبوونی خود بەناو کاتدا بۆ بوونی ڕۆح

کێشەی ویستی ئیلاهی و ئارگومێنتی گەردوونی کەلام

بۆچی ماددە لە ئەوپەڕی ئاڵۆزیشدا ناتوانێت هۆش و ئاگای بەرهەم بێنێت؟

عەقڵ وەکو زەمینەی وەحی لای فەخرەدینی ڕازی

وەڵامی گومانی خەلقی گەردوون لە نێوان شەش و هەشت ڕۆژی قورئاندا