شیکارێکی ڕەخنەیی لە تێڕوانینی گراهەم ئۆپی دەربارەی بنەمای هۆکارێتی



شیکارێکی ڕەخنەیی لە تێڕوانینی گراهەم ئۆپی دەربارەی بنەمای هۆکارێتی


گراهەم ئۆپی وەک یەکێک لە فەیلەسوفە بێباوەڕەکانی ئەمڕۆ کە چالاکە لە مەیدانی فەلسەفەی ئاین، چەندین بەرهەڵستی پێشکەشکردووە بەرامبەر ئارگومێنتە گەردوونییەکان و ئەوانی تریش.

یەکێک لەو بەرهەڵستیانەی ئۆپی پێشکەشیکردووە دژی ئارگومێنتە گەردوونییەکان، پەیوەستە بە بنەمای هۆکارێتی ´هەر شتێک دەستبکات بە دروستبوون هۆکاری هەیە`، ئۆپی ئەمەی پێی کێشەدارە پەیوەست بە دەستپێکی گەردوونەوە.

ئۆپی، بێگومان باوەڕی وایە ئەم ڕووداوانەی نێو گەردوون هۆکاریان هەیە، واتا بە پێچەوانەی هەندێک کە پێیان وایە لە ئاستی کوانتەمیدا دەکرێت گەردیلە لە نەبوونەوە بێنە بوون، بەڵکو ئۆپی پێی وایە هۆکار لە پشتیانەوەیە.1

بەڵام ئەوەی ئۆپی بە کێشەی دەبینێت و وەک بەرهەڵستی پێشکەشی دەکات، ئەوەیە تەنها ساتی هاتنەبوونی گەردوون لە هیچەوە بێهۆکار بووە.
لای ئۆپی، دۆخی سەرەتا - initial state دۆخێکی مەرجدار بووە واتا بە شێوەیەکی پێویست بوونی نییە. وە ئەم دۆخە مەرجدارە بە بێهۆکار هاتووەتە بوون.

بەڵام ئێستا ئێمە ئەتوانین بەرهەڵستیەک دروست بکەین لە دژی تێڕوانینەکەی بەم شێوەیە:
ئەگەر شیاوە گەردوون یان دۆخی سەرەتایی بە بێهۆکار لە هیچەوە بێتە بوون، ئەوا دەبێت شیاویش بێت بەردەوام ئەم ڕووداوانە ڕووبدەن، واتا بەردەوام شت لە نەبوونەوە بێتە بوون. بەڵام ئێمە ئەمە ئەزموون ناکەین، کەوایە ناکرێت دۆخی سەرەتاییش بە بێهۆکار هاتبێته بوون.2

بیکەینە فۆڕمێکی ستاندارد ئاوای لێدێت:
1. ئەگەر (ا) بە بێهۆکار دەستبکات بە دروستبوون، ئەوا (ب) بە بێهۆکار دەستدەکات بە دروست بوون.
2. ڕاست نییە (ب) بە بێهۆکار دەستبکات بە دروستبوون.
3. کەواتە ڕاست نییە (ا) بە بێهۆکار دەستدەکات بە دروستبوون.

ئۆپی چۆن وەڵام دەداتەوە؟ وەڵامی ئۆپی بەم شێوەیە:
هۆکاری ئەوەی ئێستا ب ناتوانێ بێتە بوون بە بێهۆکار ئەوەیە، بۆشایی (space) ئێستا داگیرکراوە. بۆ نمونە بپرسین بۆچی پڵنگێک لە پڕدا نایەتە بوون بۆ ناو ئەو ژوورەی کە ئێستا ئەم نوسینە دەخوێنیتەوە، هۆکەی ئەوەیە بەپێی هیچ شوێنێک نییە لەو ژوورەدا تا پڵنگەکە بێتە بوون بە بێهۆکار. بەواتایەکی تر، مادام لەو واقعەی کە ئێستا ئێمە تێیداین،  هەلومەرجی ناوەکی و سنورەکانی بۆشای تەبان لەگەڵ داگیرکردن لەلایەن تەنێک ب، ئەوا ئەبنە هەلومەرجی پێویستی هۆکاریی دەستپێکی ب لەو بۆشاییەدا، و ب ناتوانێت بە بێهۆکار بێتە بوون.

یاخوود بە شێوەیەکی تر دەریببڕین، ئۆپی پێی وایە پاش ئەوەی گەردوون هاتە بوون ئیتر شتی تر ناکرێت بێهۆکار بێتە بوون چونکە بۆشایی - space ڕێ نادات، تەنانەت ئەگەر شتێکیش بێتە بوون ئەوا ئەو بۆشایی و لاچوونی شتێکی تر بۆی، ئەبێتە هۆکار بۆی.3

لەم خاڵەدا ئەتوانین چەن وەڵامێک پێشکەش بکەین:
1. ئەم تێڕوانینەی ئۆپی، بۆشایی وەکو جەوهەرێکی سەربەخۆ - substance پێشگریمانە دەکات، وە ئەگەر ئەمەش ڕاست بێت، ئەوا ئۆپی دووچاری کێشەیەک دەبێت، ئەویش ئەوەیە بۆچی ئەزموونی هاتنەبوونی بێهۆکاری بۆشایی ناکەین بەردەوام؟
ئۆپی پێی وایە بوو تەن ناتوانێت بە بێهۆکار بێتە بوون لەبەر بۆشایی، بەڵام چی دەربارەی بۆشایی خۆی؟4

2. ئۆپی پێی وایە تەن ناتوانێت بە بێهۆکار بێتە بوون لەبەر بۆشایی، بەڵام چی دەربارەی لەناوچوونی بێهۆکارانەی تەنەکان؟ لەناوچوون و هاتنەبوون هەردووکیان ڕووداون بەو مانایەی کە گۆڕانن، جا ئەگەر قسەکەی ئۆپی قبوڵ بکەین لەبارەی هاتنەبوونەوە، ئەی چی دەربارەی لەناوچوونی شتەکان بە بێهۆکار بۆ ناو عەدەم؟ بۆچی ئەزموونی ئەوە ناکەین؟ بێگومان قسەیەکی هەڵەیە بوترێ ڕەنگە جارجار ڕووبدات یان لە هەندێ شوێن ڕووبدات لە هەندێکی ڕوونەدات، چونکە ئەمە واتای ئەوەیە هۆکارێک هەیە کە ئەم سنوردارێتیە بەرهەم هێناوە.5
 
3. کەسێک ئەتوانێت بیر بکاتەوە لە هاتنەبوونی بێهۆکار بەبێ ئەوەی هاتنەبوونەکە جوڵاندی تەن و بەتاڵکردنی بۆشای تێدابێت. بۆ نمونە زیادبوونی هێزی مەیدانی کارەبایی بە بێهۆکار لە دۆخێکی دیاریکراودا. لێرەدا مەیدان واتا بەشێکی بۆشایی کە هێزی تێدایە. ئەبینرێت کە ئەو بۆشاییەی داگیرکراوە لەلایەن مەیدانی کارەباییەکە گونجاوە لەگەڵ بوون و زیادبوونی مەیدانە کارەباییەکە. وە ئەشبینرێت کە هێزە جیاوازەکانی مەیدانی کارەبایی (مەیدانەکانی تریش) هەمان بڕی بۆشایی ئەتوانن داگیر بکەن، بەپێچەوانەی ئەو نمونەی بەرهەڵەستیکار کە تا پڵنگەکان زۆر بن بۆشای زیاتر ئەگیرێت. بەرهەڵەستیکار لەوانەیە بڵێت مادام زیادبوون لە هێزی مەیدانێکی کارەبای کە بوونی هەیە پێویستی بە هەلومەرجی ناوەکی و سنوری بۆشای هەیە کە تەبا بێت لەگەڵ ئەم زیادبوونە لەهێزەکە، ئەوا ئەم ڕووداوە ناکرێت بێهۆکار بێت.  لە وەڵامدا ئەڵێین لە واقعدا ئەوەی لەڕووی هۆکاریەوە پێویستە بۆ زیادبوونی هێزی مەیدانێکی کارەبای کەبوونی هەبێت تەنها بریتی نییە لەبوونی بۆشایی. بەڵکو پێویستی بە هەڵکردنی دوگمەیەکە کە بەرهەمهێنەری مەیدانی کارەبایی زیاد بکات لە دۆخێکی دیاریکراودا. لەم حاڵەدا ئەوە ڕوون دەبێت کە ا و ب هیچ جیاوازیەکیان نییە لەبارەی هاتنەبوونیان بێهۆکار. جا ئەگەر ا بەبێهۆکار بێتە بوون ئەوا هیچ جیاوازییەک بوونی نابێت لەنێوان دەستپێکی ا بەبێهۆکار و دەستپێکی زیادبوون لە هێزی مەیدانی کارەبای بەبێهۆکار (بەبێ هەڵکردنی دوگمەی بەرهەمێنەرەکە). ئەمەش واتای ئەوەیە ب دەبێتە بێتە بوون بێهۆکار (بەبێ هەڵکردنی دوگمەکە) بەڵام ئەزانین ئەمە ڕاست نییە کەوابوو ڕاستیش نییە ا بە بێهۆکار دێتە بوون.6

4. لە وەڵامی ئەوەی کە دەکرا دۆخی سەرەتایی کەروێشکێک بهاتایە بوون یان هەر شتێکی تر، ئۆپی دەڵێت ئەو شتانە بەشێکن لە تۆڕی هۆکاریی جیهان و باوانی هۆکارییان - casual ancestry هەیە، هەر بۆیە نەئەکرا دۆخی سەرەتایی کەروشێکێک بێت. بەڵام لە وەڵامدا ئەتوانین بڵێین کە بۆشای ئەکرێت بەردەوام بەشێکی بە بێهۆکار لابچێت و هەندێ تەن بێنە بوون کە بەشێک نەبن لە تۆڕیی هۆکاری جیهان یاخوود باوانی هۆکارییان نەبێت. بێگومان ڕێتێچوونی ئەمە هیچ دژبەیەکیەکی تێدا نییە ئەگەر تێڕوانینەکەی ئۆپی ڕاستبێت.7


5. هەڵەی سەرەکی ئۆپی ئەوەیە، بنەمای هۆکارێتی بە حەقیقەتێکی میتافیزیکی پێویستی نابینێت، هەر بۆیە جیاکاری ئەکات لەنێوان کاریگەرییەکان (لای ڕێتێچووە دۆخی سەرەتا بێهۆکار بێت بوون، بەڵام دواتر بە هۆکار ڕووداوەکان ڕووبدەن). بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە بنەمای هۆکارێتی حەقیقەتێکی میتافیزیکیە، مادام ڕووداو ئامادەیی هەبێت، ئەوا ئیلا دەبێت هۆکار لە پشتی بێت، چونکە ڕووداو لەڕووی هۆکارییەوە جیاوازییان نییە، هەموویان ئاتاجن بە هۆکار، بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازی ڕووداوەکان لەڕووی شوێن و کاتەوە. بنەمای هۆکارێتی زەمینەی سەرچاوەی ئەزموونیمانە (وەکو ئەزموونی بینینی شتەکان، ئەزموونی یادەوەری و هتد) و بە بێ بوونی مەعریفەمان بەشێوەی پێشبین a priori بە هۆکارێتی، هەرگیز ناتوانین پێشبینی بکەین بۆ داهاتوو، چونکە شیاودەبێت ڕووداو و هەلومەرج دروستبێت بە بێهۆکار و کاریگەری بکەنە سەر شتەکان.8 وە لە لایەکی دی، لێدان لە بنەمای هۆکارێتی ڕوونادات ئیلا لە ڕێی بەکارهێنانی بنەمای هۆکارێتیەوە نەبێت. لێرەدا ئۆپی بەهۆی هەندێ تێڕوانینی فەلسەفیەوە ئەم تێڕوانینەی بۆ دروستبووە، واتا زانیاری و بیرۆکە فەلسەفییەکە بووەتە هۆکار بۆ تێڕوانینی ئۆپی، ئەمەش دەبێتە خۆهەڵەخستنەوە.
بە دەربڕینێکی تر، کاتێک کەسێک دەڵێت هۆکارێتی هەڵەیە ئەوا دەبێت هۆکار پێشکەشبکات کە بۆچی وابیردەکاتەوە یان وادەڵێت، بەڵام بە کردنی ئەم کارە ئەوا هۆکارێتی بەکاردێنێت بۆ بەهەڵەخستنەوەی.
خۆ ئەگەر هۆکار و پاساو پێشکەش نەکات ئەوا دووچاری لێکدانەوەی بازنەیی دەبێت، بەم شێوەیە:
ئەڵێت بنەمای هۆکارێتی هەڵەیە، چونکە کاریگەری شەرت نییە هۆکاری بوێت. لێرەدا ئەڵێین ئەمەیە خودی باسەکە کە تۆ پێشگریمانەی ئەکەی بێ ئەوەی بیسەلمێنێت لەناو بازنەیەکدایت، تۆ ئەڵێیت کاریگەری شەرت نییە هۆکاری بوێت لەکاتێکدا ئەمەیە باسەکە کە ئەبێت هۆکاری بۆ پێشکەش بکەیت. خۆ ئەگەر هۆکاری پێشکەش کرد ئەوا وەک وتمان مانای ئەوەیە هۆکارێتی بەکارهێناوە و خۆی دووچاری بەهەڵەخستنەوە کردووە.

سەرچاوەکان:

1. Oppy, Graham. Uncaused Beginnings. Faith and Philosophy 27: 61–71.
2. Loke, Andrew. 2022. The Teleological and Kal¯am Cosmological Arguments Revisited. Cham: Springer Nature.
3. Oppy, Graham. Uncaused Beginnings. Faith and Philosophy 27: 61–71.
4. Erasmus, Jacobus. 2018. The Kalām Cosmological Argument: A Reassessment. Cham: Springer Nature.
5. هەمان سەرچاوە
6. Loke, Andrew. 2022. The Teleological and Kal¯am Cosmological Arguments Revisited. Cham: Springer Nature.
7. Oppy, Graham. Uncaused Beginnings. Faith and Philosophy 27: 61–71.
8. Peterson, M. L., & VanArragon, R. J. (2020). Contemporary debates in philosophy of religion. Wiley Blackwell.



Comments

پڕ بینەرترین بابەتەکان

ئایا ئیبن عەرەبی باوەڕی بە یەکێتی بوون (وحدة الوجود) هەبووە؟ یان هەڵەتێگەیشتنێک لە ئارادایە؟

بنەما بنچینەییەکانی لۆجیک و کوانتەم میکانیک

بۆچی عەقڵ و مێشک هەمان شت نین؟ نەگونجاوی لۆجیک و مادیگەرایی

کێشەی خراپە و وەڵامی ئەشاعیرە بۆی

ئارگومێنتی هەمانبوونی خود بەناو کاتدا بۆ بوونی ڕۆح

کێشەی ویستی ئیلاهی و ئارگومێنتی گەردوونی کەلام

بۆچی ماددە لە ئەوپەڕی ئاڵۆزیشدا ناتوانێت هۆش و ئاگای بەرهەم بێنێت؟

عەقڵ وەکو زەمینەی وەحی لای فەخرەدینی ڕازی

وەڵامی گومانی خەلقی گەردوون لە نێوان شەش و هەشت ڕۆژی قورئاندا