کاری خودا و بوراق لە تەرازووی مۆداڵتی
کاری خودا و بوراق لە تەرازووی مۆداڵتی
هەندێ لە ڕەخنەگرەکانی ئیسلام (بە باکگراوەندی جۆراوجۆرەوە) بەرهەڵەستی ئەوە دەکەن کە ناکرێت باوەڕ بە بوراق (ئیسبات نەبووە باڵی هەبووبێت) بکەین، بەمەندەش ناوەستن بەڵکو دەیکەنە گاڵتەجاڕی. بەڵام ئەوە ڕەچەڵەکی ئەم بەرهەڵەستیەیە کە لەسەر هەڵە و بێ ئاگایی بنیاتنراوە نەوەک کێشەکە لە بوونی باوەڕ بە بوراقدا بێت.
جا بۆ ئەوەی بزانین بۆچی باوەڕبوون بە بوراق کێشەدار نییە، پێویستە دوو خاڵمان لەیاد بێت:
1. دەبێت ئاگاداری مۆداڵتی - Modality بین(١)، وە جیاوازی بکەین لەنێوان جۆرەکانی ڕێتنەچوون - impossibility; بوونەوەرێکی وەک بوراق کە ئاماژەی پێدراوە لە فەرموودە بە هیچ شێوەیەک ناچێته ئەو قاڵبەی کە لە مۆداڵتیدا بە ڕێتێنەچوونی لۆجیکی - Logical impossibility هەژماربکرێت (واتا وەک شتێک نییە توشی دژبەیەکیمان بکات وەک چوارگۆشەیەکی بازنەیی)، بەڵکو لە باشترین دۆخدا ئەو پەڕی دەتوانین بڵێین ڕێتێنەچوونێکی زانستیە Scientific impossibility (٣) (گەرچی ئەمەش ڕوون نییە کە وابێت یان نا)، ڕێتنەچوونی زانستیش بەشێکی بچووکە و پەیوەستە بەم گەردوونە زانراوەی خۆمان، وە مادام بوراق ڕێتنەچوویەکی لۆجیکی نییە، ئەوە بە ئاسانی دەتوانین وێنای بوونی بکەین لە جیهانە ڕێتێچووەکان - Possible worlds (٣) و جیهانی ڕاستی خۆشمان، بێ ئەوەی دووچاری ناتەبایی ببین، بەڵام بپرسین، باشە بوونی نا لۆجیکی نییە، بەڵام بۆچی باوەڕمان پێی بێت؟ ئا لێرەوە خاڵی دووەم دێت.
2. بێگومان چەندین بابەت هەن پەیوەستن بە بیروباوەڕ و جیهانبینیەکی دیاریکراوەوە، ڕوونتر بڵێم، وادابنێ لە جیهانبینی X دا باوەڕبوون بە S شتێکی پێویستیە، لەجیهانبینی Y دا باوەڕبوون بە H شتێکی پێویستیە، ئەگەر ئەحمەد باوەڕدار بێت بە جیهانبینی X ئەوا دەبێت باوەڕی بە S هەبێت، بەڵام ئازاد کە باوەڕدارە بە جیهانبینی Y هیچ پێویست نییە لەسەری باوەڕدار بێت بە S هەروەکو چۆن ئەحمەدیش پێویست نییە باوەڕدار بێت بە H. بێینەوە لای بوراق، بوراق موسوڵمانان باوەڕیان پێیە تەنها لەبەر باوەڕبوونیان بە جیهانبینی ئیسلامی، بەمانایەکی تر گەر خاڵی دەستپێکی مرۆڤەکان هەمان شت نەبێت، ئەوا شتێکی ئاساییە باوەڕی جیاواز بوونی هەبێت، بۆیە ئاساییە کە غەیرە موسوڵمان باوەڕی پێ نەبێت چونکە باوەڕبوون بە بوراق تەنها لەسەر ئیمان بە ئیسلام بەندە، بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەدا خاڵی یەک بوو، ئایا بوراق بوونێکی ڕێتێچووە؟ بێگومان لەڕووی لۆجیکیەوە بەڵێ، و جا ئیماندارانیش باوەڕدارن بەوەی خودا هەموو کارێک دەکات مادام لە قاڵبی ڕێتێچوونی لۆجیکیدا بێت، با ڕێتێنەچوونی زانستیش بێت، تاکە شتێک کە مرۆڤ تووشی نەتەبایی بکات لەم بارەوە ڕێتێنەچوونی لۆجیکیە کە وتمان ئەم کێشەیە دووچاری بوراق نابێت.
واتا پوختەی قسە، گەر کەسێک ئیسلامی پێ ڕاست بێت، ئەوا بە شێوەیەکی تەبا ئەتوانێت باوەڕ بە بوراق بکات چونکە بوونیەتی لەناو قاڵبی ڕێتێچوونی لۆجیکیە و تەنها پێویستی بەوەیە بهێنرێتە بوون یاخوود چەمککەی ئەرستۆ بەکاربێنین actualize بکرێت، کە ئەوەش خودا ئەیکات.
تێبینیەکان:
1. مۆداڵتی بابەتێکی لۆجیک و میتافیزیکە، کە دەکۆڵێتەوە لەوەی چی شیاو و ڕێتێچووە، مەرجدارە، موستەحیلە، و پێویستە.
2. لەبارەی ڕێتێنەچوونی زانستی، فەیلەسوف تیمۆثی ئۆ کۆرنەر دەڵێت من لە ڕووی بایۆلۆجیەوە دەزانم ناتوانم میلێک لە چوار خولەک تەواو بکەم(کردنی کارێکی وا لەڕووی زانستیەوە ڕێتنەچووە). بەڵام ئەتوانم وا ڕاهێنان بکەم و هەوڵ بە کە بتوانم لە چوار خولەک میلێک ببڕم. بەهەمان شێوە، تەنانەت ئەو حەقیقەتە نەگۆڕە زانستیەی کە هیچ مرۆڤێک ناتوانێت لە دوو خولەکدا میلێک ببڕێت، پێویستیەکی ڕەها(ڕێتنەچوونێکی لۆجیکی) نییە. وادابنێ یاسای جیاوازی فیزیای هەبونایە، کاتێک پێمان کارلێکی بکردایە لەگەڵ زەوی، هێزێک بەرهەم بهاتایە کە وایبکردایە بە دوو خولەک میلێک ببڕین.
بۆیە پێویستیە زانستیەکان بوونیەتیکی مەرجداریان هەیە نەوەک بوونیەتێکی پێویست.
3. جیهانە ڕێتێچووەکان بابەتێکی گریمانەیی نێو لۆجیک و میتافیزیکە کە دەکۆڵێتەوە لەوەی شتەکان دەکرا چۆن بن، جیاواز لەوەی کە هەن لە ڕاستیدا.
سەرچاوە:
O’Connor, T. (2012). Theism and ultimate explanation: The necessary shape of contingency. John Wiley & Sons.
Comments
Post a Comment