بۆچی لافاوەکەی نوح جیهانی نەبووە؟ شیکارێکی ئاینی و زانستی



 بۆچی لافاوەکەی نوح جیهانی نەبووە؟ شیکارێکی ئاینی و زانستی


پاش ئەوەی گەڕام بە سەرچاوەکان چ زانستی یاخوود دەقە ئاینییەکان، گەشتم بەوەی هۆکارەکانی ناوچەیی بوونی لافاوەکەی نوح زۆر بەهێزترن لە هۆکارەکانی جیهانبوون.

لەم نوسینەدا هەوڵئەدەم بەشێوەیەکی پوخت بێ ئەوەی درێژەی پێ بدەم، باسی بکەم کە بۆچی لافاوەکەی نوح جیهانی نەبووە و بەڵکو تەنها ناوچەیی بووە.

یەکەمجار ئەچمە لای (بەڵگەی ئاینی):

لافاوەکەی نوح باسکراوە لە کتێبی سۆمەری و بابلی و ئاشوریەکان (کە ناسراون بە نەتەوە دێرینەکانی نزیک ڕۆژهەڵات Ancient near east) و هەروەها لە کتێبی پەیدابوونی پەیمانی کۆن (Genesis)و بەشێوەیەکی لاوەکی و خێراش لە پەیمانی نوێ هەیە و لەکۆتایشدا قورئانیش ئاماژەی پێداوە.


ئەو لافاوەی کە لای نەتەوە دێرینەکان باس کراوە لەگەڵ ئەوەی کتێبی پەیدابوون هەرچەندە لێکچوون هەیە لە نێوانیان، بڕی پێویست جیاوازی هەیە لەنێوانیان کە بگەینە ئەو ئەنجامەی کە سەرچاوەکەیان ئەسڵێکی هاوبەشە نەوەک لەیەکتر برابێت، بۆ زیاتر تێگەیشتن لەمە خوێنەری کتێبی 

The Lost World of the Flood

بە، نوسەرەکان بەباشی بەراوردی نێوانیان دەکەن، دەربارەی ئەوەی کە بۆچی پێویست ناکات قورئان بەراورد بکرێ بەوان هۆکارێکی سادەی هەیە، لافاوەکەی نوح لە قورئاندا هیچ وردەکاریەکی تێدا نییە تا بەراوردی پێ بکەین، بەڵام لەکتێبەکانی تردا باس لە کەشتیەکەش کراوە کە قەبارەی چەند بووە و لافاوەکە چەنێک بەرز بووەتەوە و چەنێک بەردەوام بووە و هتد.

جا لێرەدا ڕاستەوخۆ ئەچمە سەر ڕووداوەکە لە قورئاندا، چونکە بەپێی ڕواڵەتی ئەو وەسفەی ناو کتێبی پەیدابوونی تەورات بێت کە ڕووداوەکە لەبەشی 6 بۆ 9 باس دەکات، لافاوەکە جیهانی بووە و خودا ویستویەتی هەموو زیندەوەرێ لەناوبەرێت چونکە پەشیمان بووە لە درووستکردنیان بەڵام نوسەرانی کتێبی The Lost World of the Flood

دەڵێن لێرەدا hyperbole بەکارهاتووە واتا وەک موبالەغە بەکارهاتووە و مەبەست لێی هێزە وێرانکەرەکەی لافاوەکە بووە نەوەک مەبەست ئەوەبێ هەموو زەوی گرتۆتەوە، لەجیهانی مەسیحیەتدا تا سەدەی نۆزدەش لافاوەکەیان بەجیهانی دەبینی بەڵام ئەمڕۆ تێڕوانینی جودا هەن بۆ لافاوەکە بەڵام بەگشتی پێیان وایە ناوچەیی بووە، جگە لەو خەلقەویانەی کە پێیان وایە گەردوون و زەوی گەنجن و تەمەنی گەردوون دە هەزار ساڵ تێپەڕ ناکات کە ناسراون بە young earth creationists.


د.محمد عبدالحلیم پرۆفیسۆری دراساتی ئیسلامی لە کتێبەکەیدا بەناوی Exploring the Qur’an Context and Impact لە بەشی حەوتەمدا باس لە هۆکاری دووبارەکردنەوەی هەندێ چیرۆک دەکات لە شوێنی جیاوازی قورئاندا و نمونەش ئەهێنێتەوە بە پەیامبەر نوح (د.خ)، هەرچەندە ئەو ئامانجێکی تری هەیە لەباس کردنی نوح جیاواز لە ئامانجەکەی ئێمە ، بەڵام هێشتا سوودم لێ وەرگرت و ئەویش دەڵێت هیچ دەقێک نیە لە قورئان بڵێ جیهانی بووە لافاوەکە هەروەها دکتۆر ڕووداو و چیرۆکی نوحی بەڕیزبەند هێناوە کە ئەمەش یارمەتیدەرمان ئەبێت، چیرۆکی نوح لە قورئاندا 10 جار باس کراوە بەم شێوەیە:

1.سورة الانبياء ئایەتی 76 بۆ 77

2.سورة العنكبوت ئایەتی 14 بۆ 15

3.سورةالصافات ئایەتی 75 بۆ 82 

4.سورةالقمر ئایەتی 9 بۆ 16

5.سورة یونس ئایەتی 71 بۆ 73

6.سورة الاعراف ئایەتی 59 بۆ 64

7.سورة الشعراء 105 بۆ 122

8.سورة المؤمنون ئایەتی 23 بۆ 30

9.سورة نوح ئایەتی 1 بۆ 28

10.سورة هود ئایەتی 25 بۆ 49


جا لەم سورەتانەدا بەکورتی پەیامی ئایەتەکان دائەنێم نەوەک ئایەت بە ئایەت تا وەکو درێژ دەرنەچێت تۆ ئەتوانی خۆت بگەڕێیتەوە بۆ ئایەتەکان، پاشان هەموو ئەو ئایەتانەی کە وەکو بەڵگە بۆ جیهانی بوونی لافاوەکەی نوح بەکاردێ شیکارێکی بۆ ئەکەین و لەبەرامبەردا هۆکاری خۆمان باس ئەکەین کە بۆچی ناکرێت جیهانی بووبێ لافاوەکە.


لەسورەتی القمر ئایەتی 9 بۆ 16 باس لە قەومی نوح دەکات کە باوەڕی پێ ناهێنن پاشان سزایان بۆ دێت، ئایەتەکە ئاماژە بە وشەی الارض دەدات کە کانی لێ هەڵقوڵاوە پاش ئەوەی باران بارین دەستی پێکردووە.


لە سورەتی الصافات ئایەتی 75 بۆ 82 

باس لە ڕزگاربوونی نوح و ئەوانەی لەگەڵی دەکات، هەروەها باسی  ئەوانەش دەکات کەغەرق بوون.


لە سورەتی نوح ئایەتی 1 بۆ 28

بەڕوونی ئەبینین نوح بۆ قەومی خۆی نێردراوە و پاش بانگەوازیەکی زۆر و هەوڵدان لەگەڵیان نەک باوەڕیان پێ نەهێنا بەڵکو دژیشی وەستانەوە و سەرئەنجام هەروەکو ئایەتی 25 ئاماژەدەدات بەهۆی تاوان و سەرپێچیان غەرق کران.


لە سورەتی الشعراء ئایەتی 105 بۆ 122

باس لەوە دەکات نوح بانگەوازی دەکات و قەومەکەی پێی دەڵێن چۆن شوێنت بکەوین لەکاتێکدا کەسانی هەژار و داماو شوێنت کەوتوون وپاشان هەڕەشە لە نوح دەکەن کە وازبێنێت لە بانگەوازی ئیتر نوحیش داوادەکات لە خودا خۆی و ئەوانەی ئیمانیان هێناوە لە قەومەکەی ڕزگار بکات، خوداش ڕزگاریان ئەکات و ماباقی بێ باوەڕان لەناو دەبات.


لە سورەتی المؤمنون ئایەتی 23 بۆ 30

باس لە گفتوگۆی نێوان نوح و ئینکاری قەومەکەی دەکات و پاشان خودا دەڵێت بەچاودێری ئێمە کەشتیەکە دروستبکە و لە هەموو (کل) جوتێک بخە ناوی و لەگەڵ ئەوانەی ئیمانیان هێناوە، دەربارەی ستەمکارانیش مەپاڕێوە بۆیان.


لە سورەتی الانبیاء ئایەتی 76 بۆ 77

باس لە ڕزگارکردنی نوح و ئەوانەی لەگەڵی بوون دەکات کە سەرکەوتنی پێدان بەسەر قەومە بێ باوەڕ و خراپەکارەکە کە ئەوان غەرق کران.


لەسورەتی هود لە ئایەتی 25 بۆ 49

لەم ئایەتانەشدا باس لە موناقەشەی نێوان نوح و بێ باوەڕانی قەومەکەی ئەکات و پاشان نوح دەست ئەکات بە دروستکردنی کەشتیەکە کە گاڵتەی پێ دەکرێت لە لایەن بێ باوەڕانەوە، دواتر نوح و ئەو کەمینەیەی باوەڕیان هێناوە دەچنە کەشتیەکەوە ، پاشان لە دەستپێکی باران بارین و تەقینی کانیاوەکانی زەوی نوح بانگی کوڕەکەی دەکات کەسەرکەوێت لەگەڵیان، کوڕەکەی دەڵێت نایەم ئەچمە سەر ئەو شاخە دەمپارێزێت و دواتر کوڕەکەی و بێ باوەڕانی قەومەکەی لەناو دەچن بە لافاوەکە و پاشان کەشتیەکە لە شاخی جودی دەوەستێتەوە.


سورەتی العنکبوت ئایەتی 14 بۆ 15

باس لەوە دەکات کە نوح 950 ساڵ بانگەوازی کردوون و دواتر خۆی و ئەوانەی ناو کەشتیەکەی ڕزگاریان دەبێت.


سورەتی یونس ئایەتی 71 بۆ 73

باس لەوە دەگات کە نوح بە قەومەکەی دەڵێت من وازناهێنم لەم بانگەوازیە چی دەکەن بیکەن، پاشان خودا نوح و ئەوانەی لە کەشتیەکە لەگەڵین ڕزگاریان دەکات و ئەوانەی ڕەتی بانگەوازەکەی نوحیان کردەوە غەرق دەبن.


سورەتی الاعراف ئایەتی 59 بۆ 64

باس لەوە دەکات نوح گفتوگۆ دەکات لەگەڵ قەومەکەی و ئەوانیش بە گومڕای ئەبینن و لەسەرئەنجامدا بێ باوەڕان غەرق ئەکرێن و نوح ئەوانەی لەگەڵیان ڕزگاریان دەبێت.


ئێستا کاتێک سەیری ئایەتەکان دەکەین هۆکاری بەهێزمان دەست دەکەوێت کە ناکرێت لافاوەکەی جیهان بووبێ، بەم شێوەیە:

1.نوح بۆ قەومی خۆی نێردراوە کە نازانین ئەو قەومە لەکوێ و کەی ژیاون.

2.پاش بانگەوازی و ئیقامەکردنی حوجە لەسەریان، تەنها کەمینەیەک ئیمان دێنن بە نوح و زۆرینەیان بەدرۆی دەزانن و بێباوەڕ ئەبن.

3.پاش ئەوەی مۆڵەتی قەومەکە کۆتای پێ هات، خودا لافاوێک وەک سزا توشیان دەکات غەیری نوح و باوەڕدارەکان، ئەوانی تر لەناو ئەبات کە کافر بوون بەبانگەوازەکەی نوح.

بەرهەڵەستییەکان:

دەربارەی وشەی الارض کە بەکارهاتووە کە کانی لێ تەقیوەتەوە، ئەمە نابێتە بەڵگە بۆ جیهانی بوونی لافاوەکە چونکە وشەی زەوی هەر لە قورئان و ژیانی ئاسایدا بەکاردێ بە مانای جیاواز، بۆ نمونە لە قورئان لەسورەتی یوسف ئایەتی 80: فَلَمَّا ٱسۡتَيۡـَٔسُواْ مِنۡهُ خَلَصُواْ نَجِيّٗاۖ قَالَ كَبِيرُهُمۡ أَلَمۡ تَعۡلَمُوٓاْ أَنَّ أَبَاكُمۡ قَدۡ أَخَذَ عَلَيۡكُم مَّوۡثِقٗا مِّنَ ٱللَّهِ وَمِن قَبۡلُ مَا فَرَّطتُمۡ فِي يُوسُفَۖ فَلَنۡ أَبۡرَحَ ٱلۡأَرۡضَ حَتَّىٰ يَأۡذَنَ لِيٓ أَبِيٓ أَوۡ يَحۡكُمَ ٱللَّهُ لِيۖ وَهُوَ خَيۡرُ ٱلۡحَٰكِمِينَ.

واتا: ئینجا کاتێك که نائومێد بوون له پاشا، له که‌نارێکه‌وه بۆ خۆیان ده‌ستیان کرد به‌چپه‌و ڕا گۆڕینه‌وه گه‌وره‌که‌یان وتی: باشه‌، ئه‌ی نه‌تان زانی که بێگومان باوکتان به‌ڕاستی په‌یمانێکی لێ وه‌رگرتوون و خوایشی کردووه به شایه‌ت به‌سه‌رتانه‌وه‌، پێشتریش ئاشکرایه که چیتان کرد به یوسف و پیلانتان گێڕا دژی، ئیتر من هه‌رگیز ئه‌م سه‌ر زه‌مین و وڵاته به‌جێ ناهێڵم هه‌تا باوکم مۆڵه‌تم ده‌دات، یاخود خوا فه‌رمانێك بدات له قازانجم بێت، ئه‌و زاته‌ش چاکترینی دادوه‌رانه.

لەم ئایەتەدا وشەی الارض بەکارهاتووە کە مەبەست پێی وڵاتە نەوەک گۆی زەوی هەمووی.

یان لە ژیانی ئاسایی بۆ نمونە دەڵێین مناڵەکە زەویەکەی پیس کرد، لەکاتێکدا مەبەستمان بەشێک لەو زەویەی ژێر پێمانە نەوەک هەسارەکە هەمووی، جا لەم ڕووداوەی لافاوەکەش زەوی مانای ئەو شوێنی لافاوە دەدات نەوەک هەسارەکە هەمووی.

دەربارەی وشەی زەوی کە لە ئایەتی 26ی سورەتی نوح هاتووە، کە پەیامبەر نوح دوعا دەکات و دەڵێت خودایە کافر لەسەر زەوی مەهێڵە، لێرەدا ناکرێت زەوی وەکو هەموو زەوی بەکارهاتبێت یان هەموو کافرانی سەر زەوی بڵێت هەروەکو هەندێک پێشنیاریان کردووە وەکو ابن کثیر، چونکە هەم ئایەتەکانی تر ڕوونن کە نوح مامەڵە لەگەڵ قەومی خۆی دەکات نەوەک هەموو خەڵکی سەر زەوی، وە هەم ئایەتی دواتر نوح دەڵێت :إِنَّكَ إِن تَذَرۡهُمۡ يُضِلُّواْ عِبَادَكَ وَلَا يَلِدُوٓاْ إِلَّا فَاجِرٗا كَفَّارٗا واتا چونکه به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر تۆ وازیان لێ بهێنیت هه‌رچی به‌نده‌کانی تۆیه گومڕای ده‌که‌ن و که‌سیشیان لێنابێت (له نه‌وه‌ی تازه‌) مه‌گه‌ر خراپه‌کار و تاوانبار نه‌بێت.

 ئێمە دەزانین لەپاش نوحیش قەومی کافر هەبوونە، بەڵکو ئەوە قەومی نوحە کە کافرەکانی لەناودەچن و نەوەیەکیان نامێنێت لەسەر زەوی، جا بۆیە کە نوح دوعا دەکات دەبێت مەبەستی کافرانی قەومی خۆی بێت. هەر لەم بارەشەوە تەبەڕی دەڵێت: (دوعاکە مەبەست لێی قەومەکەی خۆی بووە). وە لەلایەکی تر قەومی غەیرە نوح نابنە کافر تاوەکو دوعاکە بیانگرێتەوە، چونکە بەڵگە و نیشانە ودەعوەیان لەگەڵ نەکراوە تا کوفر بکەن پێی و ببنە کافر(هیچ بەڵگەیەک نییە کە قەومەکانی تری سەردەمی نوح، پەیامبەرێکیان بۆ ڕۆشتبێت و ئیقامەی حوجەی لەسەر کردبن)، بەمەش دوعاکە نایانگرێتەوە. جا بۆیە ئیمام ئەلوسی لەبارەی ئەوانەی وشەی زەویان بەکارهێناوە بۆ تەواوی زەوی دەڵێت: (ئەم تێڕوانینە شکست دێنێت بەهۆی ئەو ڕاستیەی کەوشەی زەوی زۆرجار بەکاردێت بۆ پارچەیەکی دیاریکراو و شیاوە لێرەشدا بەهەمان شێوە بەکارهاتبێت. تەنانەت ئەگەر ئەم دوعایە هەمووی زەوی لێ مەبەست بێت، ئەوا لەدژی کافران کردوویەتی، ئەوانەی نوحیان بۆ نێردراوە و وەڵامیان نەداتەوە). (واتا دیسان هەر قەومی نوح ئەگرێتەوە نەوەک سەر زەوی هەمووی).


وە لەبارەی ئەم قسانەی ئیمام ئەلوسی د.دەیڤد جالاجیل دەڵێت: (ئەلوسی خاڵێکی گرنگی ئاماژەپێداوە. مادام هیچ شتێک زانراو نییە دەربارەی بوون و نەبوونی قەومی تر لەسەر زەوی لەکاتی نوحدا، ئەوا ناتوانین گریمانەی باوەڕی ئەو قەومان بکەین کە باوەڕیان چی و چۆن بووە. لەهەر دۆخێکدا، ئەگەر هەبووبن هیچ بەڵگەیەکمان نییە پەیامی نوح و دەعوەی نوحیان پێگەیشتبێت تاوەکو کافر ببن پێی. ئەگەر ئاگایان نەبووببێت لەپەیامی نوح و بوونی نوح ئەوا بە کافر ئاماژەیان پێنادرێت. جا بۆیە دوعاکەی نوح ئەوان ناگرێتەوە). وە ئەگەر بەکورتی ئەم خاڵە ببڕێنینەوە ئەوەیە ئایەتەکان ڕوونن نوح بۆ قەومێکی دیاریکراو هاتوە کە قەومی خۆیەتی و وشەی زەویش خاکی قەومەکەیەتی کە لافاوەکە تێیدا ڕوویداوە و دوعاکەش بەهەمان شێوە کافرانی گرتۆتەوە کە قەومەکەی خۆین.

دەربارەی ئایەتی 77 سورەتی الصافات وَجَعَلۡنَا ذُرِّيَّتَهُۥ هُمُ ٱلۡبَاقِينَ کە دەڵێت نەوەی ئەومان هێشتەوە واتا نوح، ئەمە ناکرێتە بەڵگەی جیهانی بوونی لافاوەکە، بەڵکو دیسان مەبەست پێی نوح و ئیماندارەکانی لەگەڵین کە بە ئەهلی نوح دانراون کە ئەمێننەوە لەجێی قەومە لەناوچوەکە نەوەک بمێننەوە لەجێی هەموو جیهان.

دەربارەی ئایەتی 82 سورەتی الصافات ثُمَّ أَغۡرَقۡنَا ٱلۡـَٔاخَرِینَ کە دەڵێت پاشان ئەوانی ترمان غەرق کردن، مەبەستی خەڵکەکەی نوحە کە پاش بانگەوازی و بەڵگە کوفریان هەڵبژارد نەوەک مەبەست پێی تەواوی زەوی بێت ، وە خودا لەباسی غەرقبوونی فیرعەون و دارودەستە و سوپاکەی هەمان شت بەکاردێنت، پاش ئەوەی موسا و بەنی ئیسرائیل ڕزگار دەکات لە دەریاکە لەسورەتی الشعراء ئایەتی 66 دەڵێت:ثُمَّ أَغۡرَقۡنَا ٱلۡـَٔاخَرِینَ واتا پاشان ئه‌وانی ترمان نوقمی ده‌ریا کرد. ئێمە لەچوارچێوی ڕووداوەکانی موسا پەیامبەر ئەزانین ئەو دەعوەی بەنی ئیسرائیل و فیرعەونی کردووە، جا ئایەتەکە بەڕوونی ئەزانین واتا فیرعەون و سوپاکەی غەرق بوون، لەباسی نوحیشدا چوارچێوەی ڕووداوەکان دیارن کە نوح دەعوەی قەومی خۆی کردووە و زۆرینەیان ئیمانیان پێنەهێناوە، جا بەهەمان شێوە ئەوکەسانە غەرق دەبن کە ئیمانیان نەهێناوە.


دەربارەی ئەو دوو ئایەتەشی کە هاتوە دەڵێت لە هەموو جۆر جوتێک بەرە ناو کەشتیەکە، دیسان ناکرێتە بەڵگەی جیهانی بوون چونکە وشەی کل لە زمانی عەرەبیدا هەموو جارێ بەمانای (هەموو) نایەت.

وە پاشان ئەتوانین سوود لە فەیلەسوفان وەربگرین تا بابەتەکە ڕوونتر بێت لامان، فەیلەسوفان چەمێکێک بەکاردێنن پێی دەوترێت

quantifier domain restriction، ئەم چەمکە بەکاردێت بۆ دیاردەیەکی باو کە لە ژیانی ڕۆژانەماندا ڕوو دەدات، دیاردەکەش لە ڕێی نمونەیەکەوە ڕوون ئەکەینەوە.

وادابنی ئاهەنگێک هەیە، لە ئاهەنگەکە ئازاد دەڵێت تونیمە کوا شتێک بیخۆمەوە، ئامانج دەڵێت هەموو شەربەتەکان لە فرێزەرەکەدان. لێرەدا ئازاد بە ئاسانی تێدەگات ئامانج مەبەستی لە هەموو شەربەتەکان، شەربەتەکانی تەواوی هەسارەی زەوی و هەموو وڵاتەکان نییە، بەڵکو مەبەستی ئەو شوێنە سنوردارەیە کە ئاهەنگەکە تێیدا ڕوویداوە. بۆیە وشەی (هەموو، یان بڕەکانی تر وەک هەندێ یان هیچیان) بۆ مەودایەکی سنوردار بەکاردێت، مەگەر لە حاڵەتێکی ڕووندا کە مەبەست پێیان بە ڕەهایی بێت، وەک هەموو پشیلەیەک ئاژەڵن.

بۆیە دروستترین مانا لەژێر ڕۆشنای ئایەتەکانی تر ئەوەیە نوح لەچەند جۆرێک ئاژەڵی چواردەوری خۆی جووتێکی بردووە کە ئەکرێ مریشک و مەڕو ماڵات بووبن تا پاش لافاوەکە سودیان لێ وەربگرێت نەوەک هەموو ئاژەڵی زەوی بردبێت یاخوود ئەکرێت مەبەست لێی ئەو جوتانەی سورەتی الانعام ئایەتی 143 بۆ 144 بێت کە مەڕ و بزن و مانگا و حوشترن، چونکە ناکرێت نوح ڕۆشتبێ کیشەوەرەکانی زەوی گەڕابێت هەموو ئاژەڵێک جوتێکی هێنابێت، وە هیچ کەشتیەکیش توانای هەڵگرتنی هەموو ئاژەڵێکی نییە، وە هیچ پێویستیش نییە هەموو ئاژەڵان بێنە کەشتیەکە چونکە لافاوەکە هەروەکو ئاماژەمان پێدا هەموو زەوی نەگرتۆتەوە ، وە لەم لینکەدا باشتر وشەی کل ڕوونکراوەتەوە:

https://youtu.be/6kb5ypppNPk?si=CNb662Dbs5n3mt2Y

جا لەم ڕوونکردنەوانەی سەرەوە بۆمان ڕوون بووەوە کە ئەوەی لەناوچووە قەومە کافرەکەی نوحە کە پاش ئاگاداری و بانگەوازی سزادراون نەوەک هەموو خەڵکی سەر زەوی، دەربارەی ئەو وشە و ئایەتانەشی وەک بەڵگەی جیهانی بوون بەکاردەهات لەژێر ڕۆشنای ئایەتەکانی تر و یاسا قورئانیەکان ڕوون دەکرێنەوە بەتایبەت لەژێر ڕۆشنای ئەم خاڵە کە خودا هیچ کەس سزا نادات هەتاوەکو پەیامبەر یاخوود بەڵگە و بانگەوازی پێ نەگات، ئەمە یاسایەکی قورئانیە کە خودا دەفەرمووێت لەسورەتی الاسراء ئایەتی 15: مَّنِ ٱهۡتَدَىٰ فَإِنَّمَا يَهۡتَدِي لِنَفۡسِهِۦۖ وَمَن ضَلَّ فَإِنَّمَا يَضِلُّ عَلَيۡهَاۚ وَلَا تَزِرُ وَازِرَةٞ وِزۡرَ أُخۡرَىٰۗ وَمَا كُنَّا مُعَذِّبِينَ حَتَّىٰ نَبۡعَثَ رَسُولٗا.

ئه‌وه‌ی هه‌وڵی دابێت ڕێبازی ڕاست و دروست بگرێت، ئه‌وه به‌ڕاستی به‌قازانجی خۆی ته‌واو ده‌بێت و هه‌ر خۆی به‌هره له هیدایه‌ته‌که‌ی وه‌رده‌گرێت، ئه‌وه‌ش گومڕا بووه‌و ڕێبازی سه‌رلێشێواوی گرتۆته‌به‌ر، ئه‌وه بێگومان هه‌ر خۆی زه‌ره‌ر ده‌کات و گومڕاییه‌که‌ی له‌سه‌ری ده‌که‌وێت، که‌س گوناهی که‌س هه‌ڵناگرێت، که‌س به‌رپرسیار نیه له هه‌ڵه‌ی که‌سانی تر، ئێمه‌ش سزای که‌سمان نه‌داوه تا پیغه‌مبه‌رێکی بۆ ده‌نێرین.


جا لەڕووی لایەنی ئاینیەوە گەشتینە ئەو ئەنجامەی خودا تەنها قەومی نوحی سزا داوە و ئەمەش دەبێتە بەڵگە کە لافاوەکە جیهانی نەبووە.


ئێستاش بچینە لای (بەڵگەی زانستی) :

لەم بەشەدا نوسینەکە ئەبێتە دوو لق ، یەکەمیان بەڵگەی زانستی دژی لافاوی جیهانی و دووەم بەڵگە بۆ لافاوی ناوچەیی.


1.بەڵگەی زانستی دژی لافاوی جیهانی

لەم لقەدا پشت بە نوسینی جیۆلۆجیست و پرۆفیسۆر

Stephen O. Moshier ئەبەستم چونکە بەشێوەیەکی ڕێک و پێک پێنج خاڵ ئاماژە پێ دەدات و بەهەڵەیاندەخاتەوە کە لایەنگرانی لافاوی جیهانی پشتی پێ ئەبەستن:

1.بوونی بەبەردبووی زیندەوەران لەو بەردانەی لەسەرو ئاستی دەریاوەوەن

 لایەنگرانی لافاوی جیهانی دەڵێن چۆن ئەو بەبەردبوانە گەشتونەتە ئەو ئاستە بەرزە، وەڵامەکە جوڵەی پلێتەکان و پرۆسەی نیشتن دەیدەنەوە ، ئەمڕۆ لەچەندین شوێنی زەوی پرۆسەی نیشتن ڕوودەدات لەسەر توێکڵی کیشوەری continental crust جا چین لەسەر چین کۆدەبنەوە و لەو نێوەندەشدا پاشماوەی زیندەوەران تێیدا گیر دەبن پاش ئەوەی بە تێپەڕبوونی کات بەردی نیشتو sedimentary rock دروستدەبن و بەهۆی جوڵەی پلێتەکان بەرزبوونەوەی ئەو بەردانەڕوودەدات uplifting بۆ سەرو ئاستی دەریا، نمونە کەنداوی مەکسیکۆ gulf of mexico.


2.چینی بەرد بەدرێژای کیشوەرەکان

بەپێی لایەنگرانی لافاوی جیهانی بێ، نیشتوەکان بەهۆی لافاوەکە گوازراونەتەوە بە کیشەوەرەکاندا، زۆربەی چینی بەردە نیشتوەکان لەزۆرێک کیشوەرەکان هەن، بەڵام هیچ چینێک نییە کە لەهەموو کیشوەرێکدا هەبێ، بەڵکو بەپێچەوانەی لافاوێکی جیهانی زانایان بەڵگەیان هەیە بۆ چەندین کاتی جیاواز کە ئاستی دەریا کەم و زیادی کردووە.


3.نیشتنی خێرای لم بەدرێژای کیشوەرەکان

یەکێک لە فۆرمەیشنەکانی گراند کانیۆن کەپێی دەوترێ Coconino Sandstone بەردەکانی ئەم فۆرمەیشنە لەناو ژینگەیەکی بیابانیدا نیشتوون ، وە شوێنەواری جوڵەی ئاژەڵی تێدا تۆماربووە animals track ئەگەر لافاوێکی جیهانی ئەم فۆرمەیشنەی دروست بکردایە لە چەند ڕۆژێکدا ئەوا پێویستی بە سەدان پێ لم لە ئەستوریدا و سەدان میل پان بێت تا چەند میلێک ببڕێ لە کاتژمێرێکدا بەدرێژای هەزاران میل دوجا، بەڵام نیشتنێکی خێرای واکارەساتاوی هەرگیز ڕێ نادات تۆماری جوڵەی ئاژەڵان پارێزراو بمێنێتەوە.


4.چینەکان بەخێرای بەدوای یەکدا دروستبوون

بەپێی لایەنگرانی لافاوی جیهانی چەمینەوەی زنجیرەیەک لەبەردی نیشتو کاتێک ڕوویداوە کە نیشتوەکان بەدوای یەکدا نیشتون بەڵام هێشتا ڕەق نەبوون دووچاری چەمینەوە بوونەتەوە، بەڵام جیۆلۆجیستان شکاوی fractures ئەبینن لەم زنجیرە بەردە نیشتوانەدا کەبەڵگەیە لەپاش ڕەق بوون بەهۆی پەستانی بەردەوامەوە دووچاریان بووە.


5.داخورانی خاو و پلەبەند بوونی نییە

ئەگەر لافاوێکی جیهانی هەبووبێ ئەوانابێت بەڵگەی داخوران یان بەرکەوتنی هەوا هەبێت لەناو چینی نیشتوەکاندا ئەگەر بەڕاستی ئەمانە بەدوای یەکدا لەناو لافاوەکەدا نیشتب، بەڵام لەڕاستیدا بەڵگەی داخوران هەیە یاخود کاتی نەنیشتن کە لەجیۆلۆجیدا ناسراوە بە unconformities هەن ، بۆ نمونە لە گراند کانیۆن نۆزدە حاڵەتی وا تۆمارکراوە، وە لەفۆرمەیشنی Redwall Limestone بەڵگەی داخوران ئەبینرێت.


2.بەڵگە بۆ لافاوی ناوچەیی

هەرچەندە ئێمە دەقێکی ئاینیمان نییە بڵێت کە نوح لەکوێ و کەی ژیاوە بەڵام بەپێی لێکدانەوەی لێکدەرەوە ئاینیەکان بێت نوح چەند هەزار ساڵێک پێش زاین لە میسۆپۆتامیا ژیاوە واتا عێراقی ئەمڕۆ، جا چەند بەڵگەیەکی جیۆلۆجیمان هەیە کە ئەم ناوچەیە توشی لافاو بووە، یەکێک لەو توێژینەوانە هی جیۆلۆجیست دکتۆر محمد ئەلبەستەوێسیە کە ساڵی 2014 بڵاوی کردەوە بەناوی

The geomorphological and hyrdogeological evidences for a holocene deluge in arabia

کە تیایدا بەڵگە پێشکەش دەکات لافاوێکی گەورە ولەپڕ ڕوویداوە لەنێوان 13,000 بۆ 8500 ساڵ لەمەوبەر، ئەم لافاوە کەنداوی فارسی پڕکردۆتەوە و تەنانەت ئەو شوێنانەشی داپۆشیوە کە دواتر بوەتە خاکی سۆمەریەکان ، بەمانایەکی تر عێراق و کوێت و سعودیەی گرتۆتەوە.


لینکی توێژینەوەکە: 

https://link.springer.com/article/10.1007/s12517-014-1396-9


وە بەپێی ئەو توێژینەوەیە بێ کەهەردوو زانای جیۆفیزیا William Ryan and Walter Pitman کردیان و دواتر کردیانە کتێبێک بەناوی Noah’s Ark: The New Scientific Discoveries About the Event That Changed History. باس لەوە دەکەن لافاوێکی بەهێز 5600 پێش زاین ڕوویداوە لە تورکیا کە جیای کردوەتەوە لە ئەوروپا ، ئەوەندە بەهێز بووە دەریاچەیەکی سازگاری گۆڕیوە بە دەریای ڕەش Black Sea کە ئەمڕۆ ئێمە دەیبینین.

ئەم دوو زانایەش هەروەکو جیۆلۆجیست دەیڤد مۆنتۆگۆمێری پێش لێکۆڵینەوە پێیان وابووە لافاوەکەی نوح تەنها ئەفسانەیەک بووە بەڵام پاش لێکۆڵینەوە دەگەنە ئەو ئەنجامەی چیرۆکی لافاوەکەی نوح ڕووداوێکی ڕاستەقینەی له پشت بووە.

دەیڤد لە کتێبە ناوازەکەیدا بەناوی بەردەکان درۆ ناکەن لە کۆتا بەشدا دەڵێت: وەک زۆربەی جیۆلۆجیستان  وام دانابوو لافاوەکەی نوح وەک چیرۆکێکی خەیاڵی ببینم (هەوڵێکی خەڵکی کۆن بووە بۆ لێکدانەوەی نهێنی بوونی بەبەردبووی زیندەوەری دەریایی لەسەر بەردە بەرزەکانی شاخەکان)، بەڵام ئێستا گەشتمە ئەوەی لافاوەکەی نوح واببینم کە ڕەگێکی ڕاستی هەیە وەک چەندەها لافاوی تر.


جا لە کۆتایدا ئێمە ناتوانین بەوردی و دڵنیایی بڵێین کام لافاو و کامە بەڵگەی جیۆلۆجی یەکسانە بە چیرۆکی لافاوەکەی نوح، بەڵام ئەتوانین بڵێین کە ئەو چیرۆکە ڕووداوێکی ڕاستەقینە لەپشتیەتی و ئەو ناوچانەی کە دەکرێ نوح لێی ژیابێت (مێسۆپۆتامیا و ئەنادۆڵیا) دووچاری لافاوی بەهێز بوونەتەوە لە ڕابردوودا.


سەچاوەکان:

Jalajel, D. S. (2010). Bibliography Islam & biological evolution exploring classical Sunni sources and methodologies. https://etd.uwc.ac.za/xmlui/handle/11394/3459


Walton, J., & Longman, T. (2018). The Lost World of the Flood : Mythology, Theology, and the Deluge debate. https://openlibrary.org/books/OL27754084M/The_Lost_World_of_the_Flood


Noah’s flood: the new scientific discoveries about the event that changed history. (1999). Choice Reviews Online, 36(11), 36–6243. https://doi.org/10.5860/choice.36-6243


McDaniel, Kris (2020). This is metaphysics: an introduction. Hoboken, New Jersey: Wiley-Blackwell.



Comments

پڕ بینەرترین بابەتەکان

ئایا ئیبن عەرەبی باوەڕی بە یەکێتی بوون (وحدة الوجود) هەبووە؟ یان هەڵەتێگەیشتنێک لە ئارادایە؟

بنەما بنچینەییەکانی لۆجیک و کوانتەم میکانیک

بۆچی عەقڵ و مێشک هەمان شت نین؟ نەگونجاوی لۆجیک و مادیگەرایی

کێشەی خراپە و وەڵامی ئەشاعیرە بۆی

شیکارێکی ڕەخنەیی لە تێڕوانینی گراهەم ئۆپی دەربارەی بنەمای هۆکارێتی

ئارگومێنتی هەمانبوونی خود بەناو کاتدا بۆ بوونی ڕۆح

کێشەی ویستی ئیلاهی و ئارگومێنتی گەردوونی کەلام

بۆچی ماددە لە ئەوپەڕی ئاڵۆزیشدا ناتوانێت هۆش و ئاگای بەرهەم بێنێت؟

عەقڵ وەکو زەمینەی وەحی لای فەخرەدینی ڕازی

وەڵامی گومانی خەلقی گەردوون لە نێوان شەش و هەشت ڕۆژی قورئاندا