چۆن الاعیان الثابتة بەکاربێنین بۆ بوونی خودا؟
چۆن الاعیان الثابتة بەکاربێنین بۆ بوونی خودا؟
زۆرکات بێباوەڕانی ئەم سەردەمە چ بە باکگراوەندی فەلسەفی یان زانستە سروشتیەکان بانگەشەی ئەوە دەکات بوونی خودا ناتەبایە لەگەڵ مەعریفە، بەڵام چی ئەگەر مەعریفە ڕێتێچوو بێت تەنها لەبەر ئەوەی خودا بوونی هەیە؟
با بگەڕێینەوە بۆ لای سۆفی و فەیلەسوفی موسوڵمان ئیبن عەرەبی و سوود ببینین لە تێڕوانینە نایابەکەی بەناوی الاعیان الثابتة.
الاعيان الثابتة کە لێکچوویەکی زۆری هەیە لەگەڵ فۆڕمەکانی ئەفلاتون، دەڵێت جیهانی ماددی تەنها بەرجەستەبوونی کۆمەڵێک فۆڕم یان کرۆکی جێگیرن کە لە جیهانێکی سەربەخۆدان، ئەم جیهانەش بریتیە لە عیلمی خوای پەروەردگار، وە ئەم عەینانە یان کرۆکانە وەکو نەخشە (blueprint) ن بۆ شتەکان.
جا لە گفتوگۆیەکی گریمانەییدا ئەکرێت ئیبن عەرەبی بەم شێوە بێباوەڕێک بەخودا بانگێشتی ئیمان بە خودای بکات لەڕێی الاعیان الثابتة.
سەرەتا دەبێت پشانی بدات بۆچی ئەم عەینانە بوونیان هەیە و پێویستن بۆ مەعریفە.
پاشان دەبێت پشانی بدات بۆچی ئەم عەینانە زەمینەیەکی خاوەن علمیان هەیە کە پێی دەڵێین خودا.
بۆ ئاسانکاری تەنها سەرنج ئەخەینە سەر کولیات و قەزیە بیرکاری و لۆجیکیەکان.
1. بوونی کولیات ڕوونە چ ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە مەنتقدا، چونکە بەبێ باوەڕ بە کولیات ناتوانین پۆلێن بکەین و تایبەتمەندی بدەینە پاڵ هیچ شتێک.
پاشان بەبێ کولیات دووچاری کێشەی ئیستقراءی دەیڤد هیوم دەبین.
پاشان ئەوە کولیاتە دەبێتە لێکدانەوەی مێتافیزیکی کە بۆچی دوو یان زیاتر لە شتێک (بۆ نمونە مرۆڤ) بە هەموویان دەڵێین مرۆڤ.
2. قەزیە بیرکاری و لۆجیکیەکانیش ڕوونە چ ڕۆڵێکیان هەیە بۆ ژیانی ڕۆژانە تا فەلسەفە و زانست. بەتایبەت بۆ ئەوەی بتوانین بڵێین چی ڕاستە و چی هەڵەیە دەبێت پێشگریمانەی یاساکانی لۆجیک بکەین بۆ نمونە یاسای کۆنەبوونەوە دژی بەیەکی.
پاش ئەم قۆناغە دەبێت ئیبن عەرەبی ئاماژە بەهەندێ سیفاتی ئەم عەینانە بدات کە پشانی دەدەن زەمینەکەیان خودایە، وەکو:
1. ئەم عەینانە ناماددین.
2. ئەم عەینانە نەگۆڕن.
3. ئەم عەینانە بەپێویستی هەن واتا مەرجدار نین.
4. ئەم عەینانە خاوەنی لەبارەوەبوونن (aboutness) بۆ نمونە کولیەکی وەکو مرۆڤبوون لە بارەی مرۆڤەکانەوەیە یان قەزیەکان بۆ نمونە (هیچ دێڕێک ڕاست و هەڵە نییە لە یەک کاتدا بە هەمان مانا) لەبارەی پەیوەندی نێوان قەزیەکانە.
5. ئەم عەینانە پەیوەستن بەیەک، بۆ نمونە کاتێک قیاسێک بەرهەم دێنین کولیات و یاسا مەنتقیەکان بەستراونەتەوە بەیەک و دابڕاو نین.
6. تەواوی تێفکرینی ئەقڵی بەندە لەسەریان.
پاش زانینی ئەم سیفەتانە، ئێستا با بزانین بۆچی تەنها خوا دەبێتە زەمینەیان:
1. ئەقڵی مرۆڤ؟ بێگومان ناکرێت ئەم عەینانە بەندبێت لەسەر ئەقڵی مرۆڤ، چونکە بەشێکیان پێویستن (وەکو قەزیەی بیرکاری و لۆجیکی) لەکاتێکدا مرۆڤ مەرجدارە. بۆیە ناکرێت شتێکی مەرجدار زەمینە بداتە پێویست.
2. گەردوون؟ بێگومان ناکرێت گەردوونیش ببێتە زەمینەیان چونکە خودی گەردوونیش ماددی و مەرجدارە (ئەمە دەزانین لەڕێی گۆڕان، سنوردارێتی و قابیلی پێوانە بوون و بەندبوویەتیەوە)، لەکاتێکدا بەشێکی ئەو عەینانە پێویستن.
3. حەقیقەتێکی بێ لێکدانەوە؟ ئەم تەسلیم بوونی فەلسەفیە و تەنها هەڵهاتنە بەتایبەتیش کە ئەم عەینانە خاوەن هەندێ سیفەتن کە لە خاڵی دواتر بەڕوونی پشانی ئەدەن زەمینەیەکی خاوەن علمیان هەیە.
4. جیهانی ئەفلاتونی؟ ئەگەر جیهانی ئەفلاتونی بەو شێوە وەربگیرێت کە هەندێ بێباوەڕی ئەفلاتونی تێگەیشتون لێی ئەوا ناکرێت ببێتە زەمینەی ئەعیانەکان چونکە جیهانێکی دابڕاو کێشەی میکانیزمی دەبێت واتا چۆن کاردەکاتە سەر جیهانی ئێمە. وە ناتوانێ ڕوونی بکاتەوە بۆچی ئەقڵی ئێمە بەپێی ئەوان کاردەکات. وە هەروەها ناتوانێت ڕوونی بکاتەوە بۆچی خاوەنی سیفەتی لەبارەوەبوونن چونکە سیفەتی لەبارەوەبوون تەنها تایبەتمەندی ئەقڵ و علمە. تەنها ئەقڵ ئەتوانێ بیرۆکەی مجرد بداتە پاڵ جوزئیات. بۆ نمونە کتێبێک مەعنای هەیە چونکە لە پشتیەوە ئەقڵێک ماناکانی پێبەخشیوە. یاخود قەزیەکان بەرهەمی کرداری ئەقڵانین وەکو حەملکردنی شتێک بۆ سەر مەوزوع، دەی ڕوونە جیهانێکی دوور لە ئەقڵ و زاتێکی خاوەن علمی وەکو جیهانی ئەفلاتونی ناتوانێت ئەمە ڕوون بکاتەوە. پاشان جیهانێکی ئاوها ناتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی یەکگرتوو کە عەینەکان ڕەبتی یەک بکات، ئەمە تەنها زاتێکی خاوەن علم ئەتوانێ بیکات، بۆ نمونە مرۆڤێک ئەتوانێت بیرۆکەکان ڕەبتی یەک بکات بەڵام ئەو جیهانە ئەفلاتونیەی ئەوان باسی دەکەن دوورە لەوەی ئەقڵی تێدابێت بەڵکو وەکو بەرد و دارێک ئەتوانین بیبینین کە خاوەنی علم و ئاگایی نیە.
5. خودا؟
ئەمەیان زەمینە ڕاستەکەیە، چونکە زاتێکی ناماددی و نەگۆڕ و واجبە و بەپێویستی هەیە، وە خاوەنی علمە و هەر بۆیە ئەتوانێت لەبارەبوون و یەکگرتویەتی و پەیوەستێتی ئەعیانەکان بەیەکەوە، لێکبداتەوە. لە لایەکی تریش بەپێی بنەمای (proportionate causality) هۆکار تەنها ئەتوانێ ئەوە ببەخشێت کە خاوەنیەتی، ئێ ئێمەش وتمان ئەم ئەعیانانە تێفکرینی ئەقڵی دەبەخشن کەوابوو ناکرێت زەمینەکەیان شتێکی بێ ئەقڵ و علم بێت، هەر بۆیە دیسان دەبێت زاتێکی خاوەن علم زەمینەیان بێت. پاشان لەڕێی ئیرادە و مەشیئەتی خوداوە ئەتوانین بزانین بۆچی هەندێ کولیات بۆ نمونە ئەسپی باڵدار بەرجەستەنیە لە جیهانەکەماندا. لەکاتێکدا تێڕوانینەکانی بەرامبەر ناتوانن ئەم خاڵانە لێکبدەنەوە.
بۆیە دەتوانین بڵێین:
1. مەعریفە بەندە لەسەر الاعیان الثابتة.
2. الاعیان الثابتة بەندە لەسەر خودا.
3. کەواتە مەعریفە بەندە لەسەر خودا.
بەرهەڵستییەکان:
لێرەدا ئارگومێنتەکە زۆر بەخێرای ئاماژەی پێدرا، بۆ ئەوەی پتەو خۆی ڕابگرێت ئەبێت هەردوو تێڕوانینی Nominalism و Conceptualism بەهەڵەبخرێنەوە و پشان بدرێن کە بۆچی لەڕووی مێتافیزیکیەوە شکستخواردوون.
پاشان دەبێت ئەو هەڵبژاردانەی ئاماژەمان پێدان وەکو جێگرەوەی خودا، بەدرێژتر بدوێین لەسەریان کە بۆچی نابنە زەمینە بەتایبەت ئەفلاتونیەت چونکە ئەو بەهێزترین ململانێکەرە لەگەڵ تێڕوانینی خودا وەکو زەمینە (ئەگەر بە تەفسیرە ئیلحادیەکە وەربگریت).
بەهێزی ئەم ئارگومێنتە:
ئەم ئارگومێنتە پشانی ئەدات هەر جۆرە ئارگومێنتێک پێشکەش بکرێت لەدژی بوونی خودا تەنها کاتێک ڕێتێچووە کە پێشگریمانەی بوونی خودا بکرێت. چونکە ئارگومێنت بنیاتنانرێ بەبێ بوونی ئەو عەینانە کە لەفەلسەفەی ئەمڕۆ پێیان ئەوترێ abstract objects. بۆ نمونە ئارگومێنتی کێشەی خراپە بەند لەسەر بیرۆکەی خودا و خراپە و جیهان و ڕاستبوونی یاسا لۆجیکیەکان ئەمانەش پشانماندان بەندن لەسەر خودا.
هەر بۆیە جاری داهاتوو ئارگومێنت لەدژی خودا بەکارهێنرا بیرت بێت کە بوونی خودا بەکارهێنراوە بۆ پشاندانی نەبوونی، ئەمەش دۆخێکی خۆبەهەڵەخەرەوەیە.
Comments
Post a Comment