ڕبوبیەت و ئارگومێنتی مەرجدارێتی وەک بەرهەڵستی



ڕبوبیەت و ئارگومێنتی مەرجدارێتی وەک بەرهەڵستی


ڕبوبیەت یاخوود Deism، ئاسان نییە پێناسە کردنی کە چ تێڕوانینێکە بۆ بوون، بەشێوەک کە هەندێ توێژەر پێیان وایە هەڵەیە لە یەک گروپدا ڕبوبیەکان کۆبکرێنەوە جا نەبوونی یەک پێناسەیەکی ڕوون ئەبێت لە خەیاڵدا بێت هەمیشە بەڵام ئەکرێت بەلایەنی کەم بەم شێوە پێناسەی بکەین:


ئەو باوەڕەیە کە خودایەک گەردوونی دروستکردووە و پاشان دەستبەرداری بووە. ڕبوبیەت دائەنێ بەوەی خودایەک هەبێت بەڵام پێی وایە وەحی و ئاین و موعجیزە هەڵەیە. وە پێی وایە گەشەسەندنی ژیان و ڕووداوەکانی گەردوون شتانێکی سەربەخۆن کە خودا دەستبەرداریان بووە. 


جا ڕبوبیەت ئەکرێت لە چەند ڕێگایەکی جیاوازەوە تووشی بەرهەڵستی بکرێت لەوانە:

1. تەحەددی لە ئیلحادەوە کە ئینکاری بوونی خودا دەکرێت.

2. تەحەددی لە حیکمەتی ئیلاهیەوە.

3. تەحەددی لە بابەتی ئەخلاقەوە.

4. تەحەددی لە ئارگومێنتەکانی دیزاینی زیرەک لە جیهانی بایۆلۆجیدا.

5. تەحەددی لە موعجیزە و پەیامی ئاینیەوە.

6. تەحەددی لە ئارگومێنتی مەرجدارێتیەوە.


بێگومان ئەکرێت لە ڕێگای تریشەوە ڕبوبیەت تووشی بەرهەڵستی و لاوازی بکرێت، بەڵام لە نوسینەدا وەکو ناساندنێک ئاماژە بە خاڵی 6 ئەدەم.


ئارگومێنتی مەرجدارێتی یاخوود کۆنتنجنسی، بە چەندین شێوە دادەڕێژرێت و پێشکەش دەکرێت بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئەتوانین بڵێین ئارگومێنتێکە بۆ بوونی زاتێکی پێویست یاخوود پێویستە بوونێک (واجب الوجود) لەڕێی تێبینی کردنی بەندبوویەتی شتەکانەوە. لەم پۆستەدا دوو شێوە ئاماژە پێدەدەم، یەکەم هی فەیلەسوف ڕۆبێرت کونسە کە پێشکەشی کردووە بەم شێوە:


1. هەموو بەشێکی حەقیقەتێکی پێویست، پێویستن لە خودی خۆیاندا.

2. هەر حەقیقەتێکی مەرجدار، بەتەواوی بەشی مەرجداری هەیە.

3. ئەگەر هیچ حەقیقەتێکی مەرجدار هەبێت، گەردوون بەتەواوی حەقیقەتێکی مەرجدارە.

4. ئەگەر هیچ حەقیقەتێکی مەرجدار هەبێت، گەردوون هۆکاری هەیە. (لەڕووی بەندبوویەتیەوە نەک کاتیی)

5. هەر حەقیقەتێکی مەرجدار گەردوونیش ئەگرێتەوە.

6. کەوابوو: ئەگەر هیچ حەقیقەتێکی مەرجدار هەبێت، ئەوا گەردوون هۆکاری هەیە و ئەو هۆکارە پێویستەبوونە.


شێوەی دووەم هی فەیلەسوف تیمۆسی هسیاوە:

1. شتانی بەندبوو هەن.

2. بەردەوام بوونی ئەو شتانە لەبوون لەلایەن شتانی ترەوەیە.

3. ئەو شتانەی بوونە بەندبووەکان بەندن لەسەریان یان بەشێوەیەکی بێکۆتا ئەمانیش بەندبوون لەسەر شتانی بەندبوو یان زنجیرەی بەندبووەکان لە زاتێکی سەربەخۆ دەوەستێت.

4. زنجیرەی شتە بەندبووەکان ناکرێت بەشێوەیەکی بێکۆتا بێت.

5. کەوابوو زنجیرەی شتە بەندبووەکان لە زاتێکی پێویستدا دەوەستێت.


لێرەدا ئاماژە بە بەرهەڵستی و بەرگرییەکان ناکەم کە کراون لەبارەی ئارگومێنتەکەوە، بەڵکو ئەتوانی سوود لە سەرچاوەی دووەم و سێیەم وەرگری دەربارەی ئەو دیبەیتە. بەڵکو ئەمەوێ سەرنجت بخەمە سەر ئەوەی چۆن ئەبێتە بەرهەڵستی لەدژی ڕبوبیەت.


بەپێی ڕبوبیەت گەردوون پاش ئەوەی خودا دروستی کردووە، خۆی سەربەخۆیە لە مانەوەدا چونکە خودا وازی لێ هێناوە. واتا سەیری هەر شتێک بکەیت بۆ نمونە بەردێک، ئەو بەردە ئەتوانێت لەبوون بمێنێتەوە بێ ئەوەی خودای پێویست بێت. جا بەپێ ئارگومێنتی مەرجدارێتیش هیچ شتێک، بۆ نمونە بەردەکە، ناتوانێت بۆ ساتێکیش لەبووندا بمێنێتەوە ئیلا پێویستی بە پێویستە بوونە. واتا بەپێی ئاگومێنتەکە ساتێک نییە ئیلا گەردوون بەندە لەسەر خودا بۆ مانەوەی. وە ئەگەر خودا هێزی هۆکاری خۆی لابا لە هەر ساتێکدا گەردوون یەکسەر دەچێتە نەبوون. جا ئێمە لێرەدا ڕووبەڕووی دوو شتی دژ بەیەکبووینەتەوە، لەلایەک ڕبویەتە کە پێی وایە گەردوون سەربەخۆ لە خوا دەتوانێت بمێنێتەوە لەبوون، لە لاکەی تریش ئارگومێنتی مەرجدارێتیە کە پێی وایە گەردوون بەندە لەسەر خودا لە هەموو ساتێکی بوونیدا. لێرەدا ئەگەر ئارگومێنتی مەرجدارێتی سەرکەوتوو بێت ئەوا ئەتوانین بڵێین چیرۆکی ڕبوبیەت کۆتای پێدێت، بەڵام ئەگەر ئارگومێنتەکە شکستخواردوو بێت ئەوا ڕبوبیەت ڕزگاری بووە لە یەکێک لە بەرهەڵستیەکان.


سەرچاوەکان:

1.  zawadi, bassam. A Critique of Deism. https://www.academia.edu/resource/work/40166753

2. Koons, Robert C. (1997). A new look at the cosmological argument. American Philosophical Quarterly 34 (2):193 - 211.

3. Hsiao, Timothy & Sanders, Gil (2022). The Contingency Argument in Plain Language. Heythrop Journal 63 (2):223-231.



Comments

پڕ بینەرترین بابەتەکان

ئایا ئیبن عەرەبی باوەڕی بە یەکێتی بوون (وحدة الوجود) هەبووە؟ یان هەڵەتێگەیشتنێک لە ئارادایە؟

بنەما بنچینەییەکانی لۆجیک و کوانتەم میکانیک

بۆچی عەقڵ و مێشک هەمان شت نین؟ نەگونجاوی لۆجیک و مادیگەرایی

کێشەی خراپە و وەڵامی ئەشاعیرە بۆی

شیکارێکی ڕەخنەیی لە تێڕوانینی گراهەم ئۆپی دەربارەی بنەمای هۆکارێتی

ئارگومێنتی هەمانبوونی خود بەناو کاتدا بۆ بوونی ڕۆح

کێشەی ویستی ئیلاهی و ئارگومێنتی گەردوونی کەلام

بۆچی ماددە لە ئەوپەڕی ئاڵۆزیشدا ناتوانێت هۆش و ئاگای بەرهەم بێنێت؟

عەقڵ وەکو زەمینەی وەحی لای فەخرەدینی ڕازی

وەڵامی گومانی خەلقی گەردوون لە نێوان شەش و هەشت ڕۆژی قورئاندا