بۆچی ڕەتکردنەوەی ویستی ئازاد خۆبەهەڵەخستنەوەیە؟
بۆچی ڕەتکردنەوەی ویستی ئازاد خۆبەهەڵەخستنەوەیە؟
دەربڕینی: {ویستی ئازاد بوونی نییە، چونکە هەموو کردارەکانمان دیاریکراون لە لایەن فیزیا و کیمیایەوە} وەک بانگەشەیەک کە ڕاستی بگەیەنێت ئەنجام دەدرێت، ئەمەش واتای ئەوەیە هەواڵە (propostion). کەسی ڕەتکەرەوەی ویستی ئازاد پێشنیاری ئەوە دەکات ویستی ئازاد ڕاست نییە. ئاڵۆزیە لۆجیکیەکەی کە تووشی کەسی ڕەتکەرەوەی ویستی ئازاد دەبێت بریتیە لەوەی فیزیا و کیمیا هیچ هەواڵێکیان تێدا نییە - کیمیای دەماری، میتابۆلیزمی خانەیی، داینامیکی شلەیی، توانای کرداریی، هتد. ملکەچی بۆ یاساکانی فیزیایە نەک یاساکانی لۆجیک. دۆخێکی مێشک، کە پێکهاتووە لە شێوەیەکی دیاریکراوی چالاکی دەماریی لە ساتێکی دیاریکراودا، بەهای ڕاستی نییە و جا بۆیە، ئەگەر سروشت حەتمی بێت (کە وانیە)، ئەوا دۆخێکی مێشک ناتوانێت هەواڵێک بەرهەم بێنێت، تەنانەت ئەم هەواڵە {ویستی ئازاد بوونی نییە}. هیچ هەواڵێک بوونی نییە لە یاساکانی فیزیا و کیمیا، کەچی کەسی ڕەتکەرەوەی ویستی ئازاد بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەموو ئەوەی ئەو دەیڵێت بەڕەهایی دیاریکراوە لەلایەن یاساکانی فیزیا و کیمیا. ڕەتکەرەوەی ویستی ئازاد بە ناڕاستەوخۆی بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو تەنها ڕۆبۆتێکی گۆشتییە و ناتوانێت ڕاستی دەرببڕێت. بۆچی هیچ گرنگیەک بدەین بەو کەسە؟
تا وەکو وێنەکە ڕوونتر بێت، کە چۆن کەسی ڕەتکەرەوەی ویستی ئازاد خۆی بەهەڵەدەخاتەوە، وێنای بتڵێک لە حیبر بکە کە ئەیڕژیت بە پەڕەیەکدا. کاتێک حیبرەکە وشک دەبێتەوە، تێبینی دەکەیت ئەتوانیت پیتەکان تێبگەیت {و-ی-س-ت-ی ئ-ا-ز_ا-د ڕ-ا_س-ت-ی ن-ی-ی-ە}.
“f-r-e-e w-i-l-l i-s n-o-t r-e-a-l.”
هەرچەندە کەمێک نامۆ دەرئەکەوێت، ئەوا بە دروستی ئەیدەیتە پاڵ ڕێکەوت و یاساکانی فیزیا و کیمیا - کێشکردن، داینامیکی شلەیی، کیمیای پەڕەکە و حیبرەکە، هتد. بێگومان بەتەواوی حەتمیە (گەر ئەو تەفسیرە ناحەتمییانەی کوانتەم پشتگوێ بخەین) - ڕژانی حیبر شێوەکان دروست دەکات بەتەواوی بە پێی یاساکانی فیزیا و کیمیا.
تەنها حیبرێکی ڕژاو
شتێک کە بیری لێ ناکەیتەوە ئەمەیە {باشە، ڕایەکی تر هەیە کە ئەبێت ڕەچاوی بکەم لەبارەی دیبەیتی ویستی ئازاد}. ئەو شتانەی بەتەواوی دیاریکراون لە لایەن یاساکانی فیزیا و کیمیا بانگەشەیەکن نین کە ڕاستی بگەێنن (truth claims). تەنها حیبرێکی ڕژاون.
ئەگەر کەسانی ڕەتکەرەوانی ویستی ئازاد ڕاست بن، ئەوا ڕەتکردنەوەکەیان تەنها پەڵەی حیبرێکی بایۆلۆجیە - ڕووداوە ڕێکەوتە گەردیلە بایۆلۆجیەکان دیاریکراون بەتەواوی لەلایەن فیزیا و کیمیاوە، نەوەک لۆجیک و بەڵگە.
.... ڕەتکردنەوەی ویستی ئازاد خۆبەهەڵەخستنەوەیە. ئەگەر ڕەتکەرەوەکانی ویستی ئازاد ڕاست بن، ئەوا هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی گرنگی بدەین پێیان. کێ گرنگی ئەدات بەو ئاژەڵە پەرەسەندوانەی بەتەواوی دیاریکراون لەلایەن یاسای نا ئەقڵانی؟ تەنها ئەو ڕایانەی بە ئازادانە و ئاقڵانە کە لەسەر لۆجیک و بەڵگە بەندن، شایستەی سەرنج و ڕێزن.
نوسینی دەمارنناس مایکڵ ئێگنۆر
یاخوود ئەتوانین ئەم گفتوگۆیە دروست بکەین تا ڕوونتر بێت لە نێوان ا (ڕەتکەرەوە ویستی ئازاد) و ب (باوەڕدار بە ویستی ئازاد):
ا: ویستی ئازاد بوونی نییە
ب: تۆ خۆت بەهەڵە دەخەیتەوە
ا: نا وانیە، فەرموو ئەمە ئارگومێنت:
1. ئەتۆمەکان ملکەچی یاسای فیزیا و کیمیان.
2. مرۆڤیش ڕۆبۆتێکی گۆشتیە و لە ئەتۆم پێکدێت.
3. کەواتە مرۆڤ ملکەچی یاسای فیزیا و کیمیایە و ویستی ئازادی نییە.
ب: تۆ ئارگومێنتت پێشکەش کرد بەڵام بە کردنی ئەم کارە خۆت بەهەڵە خستەوە کە ویستی ئازاد بوونی نییە.
ا: بۆچی؟
ب: چونکە ئارگومێنت لە هەواڵ پێکهاتووە، هەواڵیش بەهای ڕاستی هەیە، واتا یان ڕاستە یان هەڵە، جا کە تۆ پێت وایە دەرئەنجامەکەت بەهای ڕاستی هەیە ئەوا گورز ئەدەیت لەوەی کە هەوڵ ئەدەی بیسەلمێنیت، کە ئەویش بریتیە لەوەی (ویستی ئازاد بوونی نییە)، ئەوکاتیش واتا دۆخەکانی مێشکی مرۆڤ و بانگەشەکانی مرۆڤ تەنها کارلێکی ئەتۆمن و بەهای ڕاستیان نییە. بە مانایەکی تر تۆ نەبوونی بەهای ڕاستی و هەبوونی بەهای ڕاستی کۆدەکەیتەوە، ئەمەش دژبەیەکیەکی ڕوونە. جا بۆیە ڕەتکردنەوەی ویستی ئازاد خۆبەهەڵەخستنەوەیە.
بۆیە ئەتوانین لە دێڕێکدا بە پوختەیی بڵێین:
ئەوەی ڕەتی ویستی ئازاد دەکاتەوە وەک ئەو کەسەیە بە زمانی کوردی بنوسێت : من نازانم بەکوردی بنوسم.
سەرچاوە و بابەتەکە بەدرێژتر:
لەبارەی ئەوەی هەواڵەکان چین بینەری ئەم ئەڵقە بن لە زنجیرەی لۆجیکی کۆن
Comments
Post a Comment