ئارگومێنت لە ڕەچەڵەکی ژیانەوە بۆ بوونی خودا



ئارگومێنت لە ڕەچەڵەکی ژیانەوە بۆ بوونی خودا


یەکێک لەو مەیدانانەی بەشێک لە ئیمانداران ئارگومێنتی بۆ ئەهێننەوە بۆ بوونی خودا بریتیە لە ڕەچەڵەکی ژیان. گەرچی ئەم جۆرە ئارگۆمێنتە، بە شێوەیەکی گشتی لە فەلسەفەی ئایندا سەرنجی ناخرێتە سەر، ئەوا هێشتا شایستەی ئەوەیە کاتی بۆ تەرخان بکرێت. جا لەم نوسینە هەندێ سەرنج دەربارەی ئەو جۆرە ئارگومێنتە ئاماژە پێدەدەم، سەرەڕای ئەوەی خۆم ئەم جۆرە ئارگومێنتە بەکارناهێنم وەک ئارگومێنتی سەرەکی بەڵام هێشتا پێم خۆشە خوێنەری پێ ئاشنابکەم.


ڕەچەڵەکی ژیان یەکێکە لەو نهێنیانەی کە زانایان بەدوایدا وێڵن بیکەنەوە، لەگەڵ پێشکەوتنێکی زۆری زانیاری زانایان دەربارەی پێکهاتەکانی ژیان و پێشکەوتنی تاقیگە و کەرستە و میتۆد و تەکنیەکەکان، هێشتا ڕەچەڵەکی ژیان بەنهێنی ماوەتەوە.


ڕەچەڵەکی ژیان ئەتوانین بڵێین لە سێ پرسیار پێکهاتووە:


1.ژیان کەی پەیدابووە؟

2.ژیان لەکوێ پەیدابووە؟

3.ژیان چۆن پەیدابووە؟


پرسیاری یەکەم بەوردی نازانین بەڵام بەلایەنی کەم دڵنیاین 3.5 بلیۆن ساڵ لەمەوبەر ژیان بوونی هەبووە لەسەر ئەم زەوییە.


ئەمما پرسیاری دووەم و سێیەم ئەوەی هەمانە تەنها بریتیە لە سیناریۆ و گریمانەی جیاواز جیاواز.


پرسیاری دووەم بەشێک لەزانایان دەڵێن ئەکرێ لە hydrothermal vent ەکانەوە ژیان پەیدابووببێت، بەشێکی تر دەڵێن لە primoridal oceanەوە ژیان پەیدابووە. بەشێکی تر دەڵێن لە وشکانیەوە و لەسەر بەردەکان. بەشێکی تر دەڵێن لە بۆشای ئاسمانەوە ژیان هاتووە بۆ سەر زەوی و بێ ئومێدن لەوەی ژیان لەسەر زەویەوە سەریهەڵدابێت.


پرسیاری سێیەم بەشێک دەڵێن DNA سەرەتا نەبووە بەڵکو RNA هەبووە و دواتر پەرەیسەندووە بۆ DNA و ئەم سیستەمەی ئەمڕۆ، کە ئەمە ناسراوە بە RNA WORLD و بەشێکی تر دەڵێن ژیان بە تێکەڵەیەکی RNA و DNA پەیدابووە و بەشێکی تر دەڵێن بەتێکەڵەی پرۆتینەکان و ماددەی جینی ژیان پەیدابووە.


لێرەوە خوێنەری ئەم توێژینەوە نوێانە بە دەربارەی پرسیار دوو و سێ:

Müller, F., Escobar, L., Xu, F. et al. A prebiotically plausible scenario of an RNA–peptide world. Nature 605, 279–284 (2022).


Jerome CA, Kim HJ, Mojzsis SJ, Benner SA, Biondi E. Catalytic Synthesis of Polyribonucleic Acid on Prebiotic Rock Glasses. Astrobiology. 2022 Jun;22(6):629-636. 



جا بۆیە لێرەدا قسەکەی زانا ستیوارت کۆفمان دروستە ئاماژەی پێ بدەین کە دەڵێت:

هەر کەسێک پێت بڵێت ژیان چۆن دروستبووە 3.5 بلیۆن ساڵ لەمەوبەر  لەسەر زەوی، یان ئەوەتا گەمژەیە یان ئەوەتا فریوت ئەدات.


جا پێش ئەوەی بچینە سەر ئارگومێنتەکە، ئەمڕۆ بەبوونی زانایانی پسپۆڕ و تاقیگە و کەرستە و تەکنیکی پێشکەوتوەوە هێشتا ناتوانین خانەیەکی زیندوو دروستبکەین، جا پرسیارێک لێرەوە دروست دەبێت ئەگەر ئێمە ڕۆژێک ژیان یان خانەی زیندوو دروستبکەین ئەوا بێگومان بەهۆی عەقڵ و پلان و زیرەکی زاناکان و کەرستە و تاقیگەکانەوە دەبێت، ئەمەش دەبێتە دووپاتکردنەوەی ئەوەی ژیان بەرهەمی عەقڵێکە یاخوود دروستکەرێکە، خۆ ئەگەر قەت نەتوانین ژیان یان خانەی زیندوو دروستبکەین بەبوونی ئەو هەموو زانا زیرەک و پلان و کەرستە و تاقیگە پێشکەوتوانەوە، ئەوا چۆن ئەتوانین بڵێین ژیان بێ بوونی عەقڵێک دروستبووە یان هاتووە بۆ سەرزەوی ڕۆژێک لەڕۆژان؟


ئارگومێنتەکەش بەم شێوەیە پێشکەش دەکەین:


1. ژیان (خانەیەکی زیندوو لەسفرەوە) یان ئەوەتا ئەتوانین دروستیبکەین یان ئەوەتا ناتوانین دروستی بکەین.

2. ئەگەر بتوانین ژیان دروستبکەین ئەوا، ژیان بەرهەمی زیرەکی و عەقڵە.

3. ئەگەڕ نەتوانین ژیان دروستبکەین، ئەوا ژیان بەرهەمی زیرەکی و عەقڵە.

4. کەواتە ژیان بەرهەمی زیرەکی و عەقڵە.


تەنها پێشەکی 2 و 3 پێویستی بەڕوونکردنەوەیە:


پێشەکی2

ئەگەر بتوانین ژیان دروستبکەین، ئەوا بەدڵنیایەوە لەڕێی زیرەکی و پلانی زانایان و کەرستە و تەکنەلۆجیای پێشکەووتووەوە دروستی دەکەین، ئەمەش واتای ئەوەیە ژیان پێویستی بە زیرەکی و پلان هەیە و هێزە سروشتییە کوێرە بێ ئاراستەکان توانای بنیاتنانی ژیانیان نییە جا بەشێوەی پلەبەندی بێ یان بازدان.


پێشەکی3 

ئەگەر نەتوانین ژیان دروستبکەین، کە تا ئێستا نەمانتوانیوە، ئەوا مانای ئەوەیە سەرەڕای ئەو هەموو زیرەکی و پلان و کەرستە و تەکنەلۆجیا پێشکەووتووە نەمانتوانیوە ژیان دروستبکەین، بۆیە ژیان ئەبێت بەرهەمی زیرەکیەکی باڵاتر بێت زۆر لەوەی ئێمە زیاتر کە لە ئێستادا خاوەندارێتی ئەکەین.


لەم پێشەکییانەوە دەگەین بە دەرئەنجامەکە، کە ڕەچەڵەکی ژیان بەرهەمی خالقێکی زیرەکە نەوەکو بەرهەمی هێزە کوێرە بێ ئاراستەکانی سروشت.


بیرۆکە سەرەکییەکە ئەمەیە، هەر لە سەرەتایترین تاقیکردنەوە دەربارەی ڕەچەڵەکی ژیان، کە تاقیکردنەوەکەی یوری و میلەر بوو، تاوەکو نوێترین توێژینەوە و تاقیکردنەوەکان، خاڵێکی ڕوون ئەبینی تێیاندا کە هەموو تاقیکردنەوەکان هاوبەشن لەو خاڵەدا، ئەویش ئەوەیە زاناکان یان توێژەرەکان دێن بەپلان و تەداخول و دەستکاری intervention، تاقیکردنەوەکان دەکەن، بەڵام شکستدێنن لە دروستکردنی ژیان. بۆ ئەمەش دەچینە لای ئەم ئارتیکڵە تا ڕوونتر بێت کە چۆن تاقیکردنەوەکانی ژیان بەڵگەن لەسەر ئەوەی ڕەچەڵەکی ژیان بەرهەمی خالقێکی زیرەکە:


ساڵی 2018 زانای ڕەچەڵەکی ژیان clemens richert لە ئارتیکڵێکیدا لە جۆرناڵی Nature COMMUNICATIONS خەمی خۆی دەڕبری دەربارەی تاقیکردنەوەکانی ڕەچەڵەکی ژیان، دەڵێت:


بۆ زانایانی تاقیگەیی، ئەبێت لە دۆخ و مەرجێکی پێناسەکراوەوە دەستپێبکەن و ئەنجامەکانیش تەنها کاتێک شایەنی متمانەیە ئەگەر reproducibleبن واتا زانایان و تیمی تر بتوانن دووبارەی بکەنەوە. جا زانایان لە ماددەی پاکی کیمیایەوە دەستپێدەکەن pure chemicals. بەڵام ئەم سینارۆیی pure chemicalsە ناواقعیە لەڕووی سەرەتای ژیانەوە بەڵام پێویستیشە (ماددەی ئەندامی کاتێک دروستدەبن بە تێکەڵی دروستدەبن بەڵام تەنها کۆمەڵێکی دیاریکراو بۆ ژیان شیاوە کە پێی دەڵێین pure chemical).


وە دەڵێت:  ئەو تاقیکردنەوانەی ئامانجیان دروستکردنی پرۆسەی ئاڵۆزتری کیمیاییە وەک multistep syntheses mimicking و biochemical pathways و genetic replication، ئەوا تەداخولی دووبارەبوەوەی زاناکان پێویست بووە. هەر پلەیەک ژینگەیەکی تایەتمەندی کیمیایی یاخوود کۆمەڵە مەرجێکی دەوێت تا ڕووبدات. بۆ نمونە کارلێکی elimination پێویستی بە مەرجی زیاتر وەک لە کارلێکی addition، وە گریمانەی ئەوە بکەین لەیەک کاتدا هەردووکیان ڕوودەدەن لەیەک گیراوەدا شتێکی ناواقعیە.


لەخانەدا، هەنگاوەکانی ڕێگای بەرهەمهێنانی زیندەیی biosynthetic pathway عادەتن ڕادەپەڕێنرێن catalyze ئەکرێن لەلایەن ئەنزیمی جیاواز جیاوازەوە. هەر ئەنزیمێک ژینگەیەکی بچووکی تایبەت دروستدەکات بۆ کارلێکەکە لە ناوچەی چالاکیدا. جا لەسەرەتای ژیان ئەم ئەنزیمانە نەبوون جا بۆیە توێژەرانی تاقیکردنەوەکان دێن precipitation و crystallization و شێوەکانی تری چارەسەر و purification، ئەنجام دەدەن. (ئەمەش تەداخولێکی ئاشکرایە).


پاشان ئاسان نییە ببینین چی جێگرەوەی فلاسک flasks و بۆری pipette و باڕەکانstir bar ی تاقیگەکانی کیمیای سەرەتای ژیان بووە، ئەوە هەرلێگەڕێ کە زاناکە بەدەستەکانی دێتە کارەکان ئەکات! 


وە پاشان ڕیچرت دەڵێت(بەڵێ زۆربەمان ئاسوودە نین بە بیرۆکەی تەداخولی ئیلاهی لەم چوارچێوەدا).


پاش ئەوەی چەند خاڵێکی تر باس ئەکات کە پێویستی بە تەداخولی زاناکانە، دێت سێ خاڵ ئاماژە پێ ئەدات تاوەکو چارەی ئەم باسە بکات، بەڵام هەر خۆی ئاماژە بەوەدەدات کە هەندێ تەداخولی زانایان ئیجباری و مەجالی ڕزگاربوون نییە لێی، بۆ نمونە خاڵی سێیەم ئەڵێت:


زانایان ئەتوانن کەمتر تەداخول بکەن ئەویش بەبەکارهێنانی تەکنیکی سپێکترۆسکۆپی و تۆڕی زانراوی کارلێکەکان کە فرەگەردیلەی گەورەی زیندەیی دروستدەکات لەیەک گیراوەدا، بەڵام ئەم تەکنیکانە خۆیان دیزاینکراو و ئامادەکراون لەلایەن زانایان، کەوابوو ئەمە چۆنی ئەبێتە چارەسەر؟


لەکۆتایشدا ڕیچرت ئاگاداریەکی گرنگ ئەدات و دەڵێت:

ژیان دیاردەیەکی ناهاوسەنگە non-equilibrium phenomenon. ژیان پێویستی بەسەرچاوەی وزەیە تا کارلێکەکانی بەڕێوەببات.


گریمانەی ئەوە بکەین کە گەرمبوون و ساردبوونەوەی سادە، دروستبوونی گەردیلەی گەورەی زیندەیی بەڕێوەبردبێت و دواتر توانیبێتی وزەی خۆر بەکاربێنێت لەڕێی فۆتۆسینسیسز شتێکی ناواقعی دەرئەکەوێت بۆ من.


بەدەستهێنانی ئەم ئاستە تایبەتەی کە داواکراوە بۆ کارکردنێکی سەرکەوتووی پرۆتۆسێڵێک لەگەڵ جینات و مێتابۆلیزم و دابەشبوونی خانە لەژێر ئەو دۆخە نالەبارە توندە ئاسان نییە، بێگومان کاتێک دێتە سەر کۆپیکردن بەبێ ئەنزیم کە پشت ئەبەستێ بە تایبەتێتی ناوەکی کارلێکی گەردیلە بچوکەکان.


جا بۆیە زیادکردنی ماوەیی periodic addition ئەیجنتی چڕکەرەوەی کیمیایی بۆ بەڕێوەبردنی کارلێکی بایۆکیمیاییانە کە endergonicن ناتوانرێت دەستبەرداری ببین تەنانەت لەو تاقیکردنەوانەی کەمترین تەداخولی تێدایە.


بەبێ ئەم چالاککردنە کیمیایە، هاوسەنگی دروستدەبێت ئەمەش واتا مردن و نەمانی ژیان (وتمان ژیان دیارەیەکی ناهاوسەنگە). 


جابۆیە هەندێ ئاستی تەداخول هەمیشە ئەکرێت پێویست بێت بۆ پرۆسەی ئاڵۆزی فرەهەنگاوی.

 

ڕەنگە لێرەدا چەند بەرهەڵەستیەک دروستبکرێت کە بەلاوازیان ئەبینم:


بەرهەڵەستی 1: لەوانەیە بوترێت ئەم ئارگومێنتە بەندە لەسەر بەهەڵەداچونەوەی خودای کەلێنەکان واتا ئێمە مەعریفەمان کەلێنی تێدایە دەربارەی ڕەچەڵەکی ژیان جابێین و بڵێین خودا کردی ئەمە ئەبێتە خودای کەلێنەکان.


وەڵام: ئەگەر ئێمە بمانوتایە نازانین ژیان چۆن دەستیپێکردووە کەوایە خودا کردوویەتی، ئەوکاتە ڕاست ئەبوو بەرهەڵەستیەکە بەڵام ئێمە لەنەزانیەوە ناڵێین خودا کردوویەتی بەڵکو ئەزانین و مەعریفەمان هەیە، ئینجا دەڵێین کەواتە خودا کردویەتی، ئەگەر تێبینیت کردبێت هەروەکو کلیمانس ڕێچێرت دەڵێت هەندێ تەداخول ئیلا دەبێت بکرێت، ناتوانین ڕزگار بین لەو خاڵە، وە لەداهاتوشدا ئەگەر ژیان دروستکرا ئەوا بەرهەمی عەقڵ و زیرەکی زانایان و کەرستە و تەکنیکە پێشکەوتوەکانە، جا کەوابوو ژیان بەرهەمی زیرەکی و عەقڵێکە.


بەرهەڵەستی 2: چۆن ئەزانین ئەم عەقڵە خودایە؟ بۆچی بونەوەرێکی سروشتی زیرەک نەبێت؟ 


وەڵام: بەڵێ لێرەدا ئەکرێت ئەو زیرەکییە بونەوەرێکی سروشتی بێت یان خودایەکی سەروسروشتی، بەحوکمی ئەوەی بونەوەری سروشتی بوونێکی مەرجدارە و خۆی پێویستی بەتەفسیرە، شتێکی عەقڵانیترە بڵێین خودایە ئەو عەقڵەیە کە زاتێکی پێویستە necessary being و هەموو بوون مەرجدارە لەسەری و دەشتوانین لەڕێی ئارگومێنتی ترەوە سیفەتەکانی خودا دیاری بکەین.


بەرهەڵەستی 3: ئەگەر بڵێین خودا تەفسیری ڕەچەڵەکی ژیانە، ئایا ئەمە نابێتە وەستاندنی زانست و توێژینەوەکان دەربارەی؟


وەڵام: نەخێر چونکە ئێمە ئەتوانین بەردەوام بکۆڵینەوە و هەتا بشکۆڵینەوە لە باسەکە، کەیسەکە بۆ بوونی عەقڵێک بەهێزتر ئەبێت، بۆ نمونە لەسەردەمی چارلس داروین و سەدەی نۆزدە خانە بە شتێکی زۆر سادە سەیر ئەکرا بەڵام دواتر زانیمان بەهۆی پێشکەوتنی زانست کە چەندە ئاڵۆزە خانە و چەندین مەرجی زیاتری ئەوێ بۆ دروستبوون.




بەرهەڵەستی 4: ئەگەر بڵێین خانە ئاڵۆزە ئەوا ئێمە سەیری خانەی ئەمڕۆ ئەکەین و خانەی سەرەتا زۆر سادە بووە کەوایە ئەکرێ بەبێ عەقڵ دروستببێت.


وەڵام: ئەمە ڕەنگە لاوازترین بەرهەڵەستی بێت، چونکە خانە بەلایەنی کەم هەندێ پێکهێنەری دەوێت ئەوانیش پرۆتین و ماددەی جینی و پەردەخانەن، پاشان زانایانی ئەمڕۆ کە تاقیکردنەوە دەکەن ئامانجیان دروستکردنی سادەترین خانەیە نەوەکو خانەیەکی ئاڵۆز بۆیە گرنگ نییە خانە چەند سادە بێت ئیلا پێویستی بە تەداخول و پلانی زانایان یاخوود عەقڵێکە هەروەکو لە تاقیکردنەوەکانی ڕەچەڵەکی ژیانەوە ئەبینین.


سەرچاوەکان:


1. Kauffman, S. A. (1996). At home in the universe. Penguin Books. 

2. C.Richert Prebiotic chemistry and human intervention , Nature Communications 9, Article number: 5177 (2018) 

Comments

پڕ بینەرترین بابەتەکان

ئایا ئیبن عەرەبی باوەڕی بە یەکێتی بوون (وحدة الوجود) هەبووە؟ یان هەڵەتێگەیشتنێک لە ئارادایە؟

بنەما بنچینەییەکانی لۆجیک و کوانتەم میکانیک

بۆچی عەقڵ و مێشک هەمان شت نین؟ نەگونجاوی لۆجیک و مادیگەرایی

کێشەی خراپە و وەڵامی ئەشاعیرە بۆی

شیکارێکی ڕەخنەیی لە تێڕوانینی گراهەم ئۆپی دەربارەی بنەمای هۆکارێتی

ئارگومێنتی هەمانبوونی خود بەناو کاتدا بۆ بوونی ڕۆح

کێشەی ویستی ئیلاهی و ئارگومێنتی گەردوونی کەلام

بۆچی ماددە لە ئەوپەڕی ئاڵۆزیشدا ناتوانێت هۆش و ئاگای بەرهەم بێنێت؟

عەقڵ وەکو زەمینەی وەحی لای فەخرەدینی ڕازی

وەڵامی گومانی خەلقی گەردوون لە نێوان شەش و هەشت ڕۆژی قورئاندا