بۆچی زنجیرەی گەڕانەوەی بێکۆتا ناکرێت ڕاست بێت؟



بۆچی زنجیرەی گەڕانەوەی بێکۆتا ناکرێت ڕاست بێت؟


بەدرێژایی مێژوو تا ئەمڕۆ چەندین ئارگومێنت پێشکەشکراون بۆ ئەوەی کە بۆچی زنجیرەی هۆکاریی ناکرێت بێ دەستپێک بێت، یەکێک لەو جۆرە نوێیانە بریتیە لە ئارگومێنت لە پارادۆکسی بێکۆتاوە.


بۆ ئەم جۆرە ئارگومێنتە، دوو پارادۆکس بەکاردێنم تا وەکو ڕوون ببێتەوە بۆچی زنجیرەی ڕووداوەکان دەبێت هۆکاری یەکەمی هەبێت. پارادۆکس (paradox) واتا دژبەیەکی، وە لە پارادۆسەکانەوە ڕوون دەبێتەوە بیرۆکەی گەڕانەوەی بێکۆتای ڕووداوەکان دەبێتە هۆی دروستبوونی دژ بەیەکی. با بەیەکەوە بڕۆینە لای پارادۆکسەکان:


یەکەم: پارادۆکسی ڕۆحکێشەکان.

وشەی ڕۆحکێش لەبەرامبەر وشەی (Grim Reaper) بەکاردێنم، کە کارێکتەرێکی خەیاڵییە لە چیرۆک و فلیمەکاندا هەیە و هەڵدەستێت بە ڕۆحکێشانی کەسەکان. بۆ ئەوەی پشانی بدەین کە چۆن زنجیرەیەکی هۆکاریی بێکۆتا دەبێتە هۆی دروستبوونی دژبەیەکی، ئەوا ئەم پارادۆکسە ئەو ئەرکە بەناوازەیی بەجێدێنێت. وادابنێ کەسێکمان هەیە ناوی ئازادە کە دەکوژرێت و دەبێتە قوربانی. ئازاد کاتژمێر ۱۰ی بەیانی زیندووە. جا وادابنێ ژمارەیەکی بێکۆتا ڕۆحکێشمان هەیە کە هەر یەکێکیان کاتێکی دیاریکراوی داناوە بچێت ئازاد بکوژێت. ئازاد ئەبێت کاتژمێر ۱۱ی بەیانی مردبێت. وە بیریشت نەچێت ئازاد تەنها لەسەر دەستی ڕۆحکێش دەمرێت، واتا بەهۆکاری تر نامرێت. ڕۆحکێشەکان هەر یەکێکیان کاتێکی دیاریکراویان هەیە بەم شێوەیە ۱۰:۳۰، ۱۰:۱٥، ۱۰:۰۷.٥..... تێبینی بکە کاتەکان نیوە نیوەی یەکتر کەمدەکەن واتا لە دە و نیوە ڕۆحکێشێک هەیە، دە و چارەک دانەیەکی تر و بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت.


جا ئازاد ئەبێت کاتژمێر ۱۱ مردبێت، خۆ ئەگەر نەمردبێت تا ئەو کاتە، ئەوا ۱۰:۳۰ دەبێت لە ژیاندا بووبێت، بەڵام ۱۰:۳۰ ڕۆحکێشەکە دەبێت بیکوژێت. بەڵام ڕۆحکێشەکەی ۱۰:۳۰ ناتوانێت ئازاد بکوژێت چونکە ئەگەر ئازاد تا ئەو کاتە نەکوژرابێت، واتای ئەوەیە ۱۰:۱٥ش نەکوژراوە. بەڵام ڕۆحکێشی ۱۰:۱٥ دەبێت بیکوژێت. جا بەهەمان هۆکار ڕۆحکێشی ۱۰:۱٥ ناتوانێت ئازاد بکوژێت، چونکە بۆ ئەوەی ئازاد بکوژێت، ئازاد دەبێت لە ۱۰:۰۷.٥ لەژیاندا بووبێت. بەڵام ڕۆحکێشی  ۱۰:۰۷.٥ ئەبێت ئازاد بکوژێت. بەڵام دیسان ئەمیش ناتوانێت بیکوژێت لەبەر هەمان هۆکار. ئەگەین بەچی لەمەوە؟ ئەگەین بەم سێ دۆخە ناتەبایە:

ئازاد کوژراوە.

ئازاد لەلایەن ڕۆحکێشەکانەوە کوژراوە.

هیچ ڕۆحکێشێک ئازادی نەکوشتووە.1

چی بووە هۆی دروستبوونی ئەم دۆخە کە موستەحیلە لەڕووی لۆجیکیەوە؟ وەڵامەکە ئەوەیە نەبوونی سەرەتایەکی ڕەها بۆ زنجیرەی ڕووداوەکانی ڕابردوو ئەم دۆخەی دروستکردووە، بەڵام ئەگەر زنجیرەی ڕووداوەکانی ڕابردوو بێکۆتا نەبێت و دەستپێکی ڕەهای هەبێت، ئەوا ئەم دژبەیەکیە بوونی نامێنێت.


 دووەم: پارادۆکسی زرمەی زەنگۆڵەکە.

وادابنێ کەسێک هەیە ناوی هەردییە. هەردی کەسێکی نەمرە و لەتەواوی ڕابردوودا هەبووە و هەموو نیوەڕۆیەکیش دەچێت زرمە لە زەنگۆڵەیەک دروست دەکات (واتا لەڕابردووی ئەزەلیشدا ئەم کارەی کردووە). وە واش دابنێ ئەم خاڵە ڕاستە: 

زرمەی زەنگۆڵەکە ئەوەندە بەهێزە ئەو کەسەی لێیبات تووشی کەڕبوونی دەکات کاتێک لێی دەدات.

ئەم خاڵە پێمان دەڵێت هەردی کەڕ دەبێت کاتێک گوێی لەزرمەی زەنگۆڵەکە دەبێت. جا ئێستا، بۆ هەر ڕۆژێکی ڕابردوو، هەردی ئەبێت کەڕبووبێت پێش ئەوەی زرمە دروست بکات لەو ڕۆژەدا، واتا وادابنێ نیوەڕۆی شەممە هەردی ئەبێت زرمەکە دروست بکات و کەڕ ببێت، بەڵام ئەمە ڕوونادات چونکە ئەبێت نیوەڕۆی هەینی پێشوو زرمەکە کەڕی کردبێت، بەڵام نیوەڕۆی هەینیشی ئەناڵێنێت بەدەست هەمان کێشەوە، ئەبێت ڕۆژی پێنجشەممەی پێشوو زرمەکە کەڕی کردبێت، بەڵام دیسان ئەمیش ئەناڵێنێت بەدەست هەمان کێشەوە. چونکە ئەبێت چوارشەممە زرمەکەی دروستکردبێت و کەڕبووبێت بەڵام ئەمەش ڕوونادات بەهەمان هۆکاری پێشوو. جا ئەگەین بەم سێ دۆخە ناتەبایە: 

هەردی کەڕبووە.

هەردی تەنها بەهۆی زرمەی ئەو زەنگۆڵەیەوە کەڕدەبێت.

هەردی هەرگیز گوێی لەزرمەی زەنگۆڵەکە نەبووە (چونکە بۆ ئەوەی هەر ڕۆژێک زرمە دروست بکات و دەنگەکە کەڕی بکات، ئەبێت ڕۆژی پێشتر زرمەکەی دروست نەکردبێت و کەڕی نەکردبێت. بەڵام هەردی لەڕابردوویەکی بێکۆتاوە ئەو کارە دەکات، جا هەروەکو پێشتر ڕوونم کردەوە ئەو ڕۆژە هەرگیز نایەت کە ئەم زرمەکە دروست بکات و کەڕ ببێت).2

بپرسینەوە چی بووە هۆی دروستبوونی ئەم دۆخە دژبەیەکییە و چارەسەرەکە چییە؟ وەڵامەکە ڕوونە ئەبێت زنجیرەی ڕووداوەکانی ڕابردوو سەرەتایەکی ڕەهای هەبێت تاوەکو ئەمڕۆ بوونی هەبێت.


بەرهەڵستییەک

بەرهەڵستی یەکەم: پارادۆکسەکە ڕوونادات ئەگەر ڕابردوو بێدەستپێک بێت و هەردی زرمەکە دروستبکات تەنها لە چەند ڕۆژێکی سنورداردا. بۆ نمونە ستیڤن یابلۆ پێی وایە تاکە چارەسەر بریتی نییە لە بوونی سەرەتایەک بۆ گەردوون تاوەکو ئەم پارادۆکسانە چارەسەربن، بەڵکو لۆجیک ڕێگر دەبێت.3 واتا ئەگەر گەردوون بێسەرەتا بێت، هەرچەندە هەردی هەموو نیوەڕۆیەک نیەتی بێت زرمەی زەنگۆڵەکە دروست بکات، لۆجیک ڕێگر دەبێت لەوەی هەردی بەشێوەیەکی بێکۆتا لە ڕابردوو ئەم کارە بکات. بەڵکو لۆجیک ڕێدەدات، هەردی بە ژمارەیەکی سنوردار ئەم کارە بکات. واتا شەممە دێت زرمەکە دروست دەکات و کەڕدەبێت بێ هیچ دروستبوونی پارادۆکسێک. وەڵام: ئەم چارەسەرەی ستیڤن یابلۆ شکستخواردووە. هەروەکو لۆریانۆ لونا ئاماژە دەدات لۆجیک هێزێکی هۆکاری نییە کە بێت ڕێگر بێت لە هەردی لەوەی زرمە لە زەنگۆڵەکە بدات لە چەند ڕۆژێکی دیاریکراودا.4 وە بپرسین، ئەگەر لۆجیک ئەم توانا هۆکارییەی هەبێت، چ ڕۆژێک هەردی ئەوەستێنێت لەکردنی ئەم کارە؟ بە سادەیی هیچ پێویستبوونێکی لۆجیکی بوونی نییە کە هەردی نەتوانێت زرمە دروست بکات لە ڕۆژی دیارکراودا. بۆیە چارەسەرە دروستەکە ئەوەیە گەردوون سەرەتای هەبێت. 


جا ئێستا لەم دوو پارادۆکسەوە، دەتوانین ئارگومێنتێک دابڕێژین کە بۆچی زنجیرەی هۆکاریی دەبێت سەرەتای هەبێت، بەم شێوەیە:

1. ئەگەر زنجیرەی هۆکاریی سەرەتای نەبێت، ئەوا سیناریۆی ڕۆحکێشەکان و زرمەی زەنگۆڵەکە شیاو و ڕێتێچوون.

2. سیناریۆی ڕۆحکێشەکان و زرمەی زەنگۆڵەکە موستەحیلن، چونکە پارادۆکس دروست دەکەن.

3. کەوابوو، نەبوونی سەرەتای ڕەها بۆ زنجیرەی هۆکاریی هەڵەیە. 


یاخوود ئەتوانین بەم شێوە ئارگومێنتەکە پێشکەش بکەین، کە فەیلەسوف جۆشوا ڕاسمویسن پێشکەشی کردووە:

1. ئەگەر زنجیرەی هۆکاریی بێکۆتا بێت، ئەوا سیناریۆی ڕۆحکێشەکان ڕێتێچووە.

2. سینارۆیی ڕۆحکێشەکان ڕێتێچوو نییە.

3. کەواتە، زنجیرەی هۆکاریی بێکۆتا نییە.5


ڕوونکردنەوەی پێشەکییەکان


پێشەکی دووەم

ڕوونمانکردەوە کە سیناریۆکان بۆچی ڕێتێچوو نین چونکە دووچاری دژبەیەکیمان دەکات.


پێشەکی یەکەم

بۆ ئەم پێشەکییە ئەتوانین ئەم بنەمایە وەک پشتگیری بەکاربێنین کە پێی دەوترێت ناوەکی سەربەخۆ - Principle of intrinsic independence.

کە بریتیە لەمە: بۆ هەر تەنێک، تایبەتمەندییە ناوەکییەکانیان بە شێوەیەکی پێویستی ناگۆڕدرێت تەنها بە گۆڕینی تایبەتمەندی تەنەکانی تر.


بۆ نمونە لە باسی کاتژمێرەکان، کاتی کاتژمێرەکان ناوەکین بۆ ئەو کاتژمێرانە. جا بەپێی ئەم بنەمایە، بۆ هەر کاتژمێرێک، کاتەکانیان بە شێوەیەکی پێویستی ناگۆڕدرێت تەنها بەهۆی گۆڕانی کاتی کاتژمێرەکانی تر. بە مانایەکی تر، کاتەکانیان لە ڕووی مۆداڵتیەوە سەربەخۆن.


جا ئەمە چۆن ئەبێتە پشتگیری بۆ پێشەکی یەکەم؟

ڕاسمویسن دەڵێت: وادابنێ، زنجیرەی بێکۆتا ڕێتێچووە. ئەوا شیاوە کارگەیەک بتوانێت کۆمەڵەیەکی بێکۆتا کاتژمێر دروستبکات کە دوگمەیەکیان هەبێت بەشێوەیەکی هەڕەمەکی کاتەکان دیاریبکات (لە ئەزەلەوە بێ دەستپێک). لەم کات دیارکردنەدا، کەسێک ئەم کاتژمێرانە ئەخاتە نێو ڕۆحکێشەکان کە ئامادەکراون بۆ کوشتنی ئازاد لەو کاتەی کاتژمێرەکەیان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی  کاتێکی داناوە بۆیان.  ئەوا، بەپێی بنەمای نەوەکی سەربەخۆ، هەر شێوەیەکی (pattern) کاتەکان شیاوە، بەو شێوەی کاتانەشی کە لە سینارۆیەکەی ڕۆحکێشەکان هەیە، کە نیوەی یەکتر کاتەکان کەم دەکات. کەواتە پێشەکی دوو ڕاستە.


بەرهەڵستییەکی تر


بەرهەڵستی دووەم: ئەتوانین پارادۆکسەکە لاببەین بە هانابردن ب لای بەکارهێنانێکی دیاریکراوی یاسای کۆنەبوونەوەی دوو دژبەیەک، جا ئیتر بۆ هانابەرین بۆ لای دەستپێکی زنجیرەی هۆکارێتی؟

وەڵام: ئا لێرەوەیە کە بنەمای ناوەکی سەربەخۆ دێت کاری خۆی بکات. یاسای کۆنەبوونەوەی دوو دژەبەیەک بەخودی خۆی بنەمای ناوەکی سەربەخۆ شکستپێناهێنێت. بەڵکو یاسای کۆنەبوونەوەی دوو دژبەیەک لەگەڵ بنەمای ناوەکی سەربەخۆ بەیەکەوە شکست دێنن بە ڕابردوویەکی بێ دەستپێک.

لە کۆتا سەرچاوە خوێنەری هەندێ بەرهەڵستیتر و وەڵامەکانیان بە.

سەرچاوەکان

1. Vallier, Kevin & Rasmussen, Joshua (eds.) (2020). A New Theist Response to the New Atheists. New York: Routledge.


2. Erasmus, Jacobus (2018). The Kalām Cosmological Argument: A Reassessment. Cham: Springer.


3. Yablo, S. (2000). A reply to new Zeno. Analysis, 60(2), 148–151.


4. Luna, L. (2009a). Ungrounded causal chains and beginningless time. Logic and Logical Philosophy, 18, 297–307. 


5. https://worldviewdesign.substack.com/p/a-new-argument-for-a-finite-past

Comments

پڕ بینەرترین بابەتەکان

ئایا ئیبن عەرەبی باوەڕی بە یەکێتی بوون (وحدة الوجود) هەبووە؟ یان هەڵەتێگەیشتنێک لە ئارادایە؟

بنەما بنچینەییەکانی لۆجیک و کوانتەم میکانیک

بۆچی عەقڵ و مێشک هەمان شت نین؟ نەگونجاوی لۆجیک و مادیگەرایی

کێشەی خراپە و وەڵامی ئەشاعیرە بۆی

شیکارێکی ڕەخنەیی لە تێڕوانینی گراهەم ئۆپی دەربارەی بنەمای هۆکارێتی

ئارگومێنتی هەمانبوونی خود بەناو کاتدا بۆ بوونی ڕۆح

کێشەی ویستی ئیلاهی و ئارگومێنتی گەردوونی کەلام

بۆچی ماددە لە ئەوپەڕی ئاڵۆزیشدا ناتوانێت هۆش و ئاگای بەرهەم بێنێت؟

عەقڵ وەکو زەمینەی وەحی لای فەخرەدینی ڕازی

وەڵامی گومانی خەلقی گەردوون لە نێوان شەش و هەشت ڕۆژی قورئاندا