ڕەچەڵەکی گەردوون و نازانمگەرایەک



ڕەچەڵەکی گەردوون و نازانمگەرایەک


نازانمگەرا برایان فرانسس، لە کتێبەکەیدا دوو بەرهەڵەستی سەرەکی لە دژی بنەمای هۆکارێتی پێشکەش دەکات کە بۆچی ئەکرێت ڕاست نەبێت، بەم شێوەی خوارەوە:
1. ڕووداوە ئاساییەکان هۆکاریان هەیە، بەڵام دەستپێکی گەردوون یەکەم ڕووداو بووە، ڕەنگە بێ هۆکار بووبێت. کارێکی ژیرانە نییە لە ڕووداوە ئاساییەکانەوە بڕیاربدەین لەسەر ڕووداوە نائاساییەکان وەک دەستپێکی گەردوون و بڵێین هۆکاری هەبووە.

2. چەندین فیزیکزان پێیان وایە لە ئاستی کوانتەم میکانیکدا، ڕووداو ئەکرێت بە بێهۆکار ڕووبدات. ڕەنگە ڕاست بن و ڕەنگە هەڵەشبن.

پاشان برایان دەڵێت بۆ ئەوەی بزانین دەستپێکی گەردوونیش هۆکاری هەیە، ئەبێت دوو خاڵ یەکێکیان ڕاستبن:

1. ئارگومێنتێکی باشمان هەبێت، کە پشانی بدات بەڕەهایی هەموو شتە فیزیکییەکان، بێ ئەوەی گرنگ بێت سەمەرەییان، هۆکاریان هەبێت. ئەگەر ئارگومێنتێکی وامان هەبێت، ئەوا ئەو حەقیقەتەی تەقینەوە مەزنەکە زۆر سەیربووە، هۆکارێکی باش نابێت بۆ گومانخستنە سەر ئەوەی ئایا هۆکاری هەبووە یان نا.

2. مەعریفەیەکی وردمان هەبێت لەسەر ئەوەی تەقینەوە مەزنەکە چۆن بووە—مەعریفەیەکمان هەبێت کە پشانی بدات، وەک هەر ڕووداوێکی ئاسایی، بە ئەگەرێ زۆر هۆکاری هەبووە.

برایان دەڵێت بۆ خاڵی یەک هیچ ئارگومێنتێکی وابوو نییە گەرچی فەیلەسوفان چەندین سەدە هەوڵیان داوە. دەربارەی خاڵی دووەمیش دەڵێت هیچ ژێرێک پێی وانییە فیزیای سەردەم ئەتوانێک شتێکی واپشان بدات.

پاشان کەمێک بەدرێژی دەچێتە لای خاڵی دوو و قسە دەکات لەسەر زانستی فیزیا و بیردۆزی ڕێژەیی ئەنشتاین و کوانتەم میکانیک، و هەوڵ ئەدات ئەوە بڵێت کە بۆچی فیزیای ئێستا توشی نازانمگەراییمان دەکەن. ئەم لایەنە قسەی لەسەر ناکەم بەهۆی نەبوونی ئاشنایی بە لایەنە زانستییەکە و ئەچم سەر لایەنە فەلسەفییەکە کە بنچینەییترە و زەمینەی خودی زانستە.

خاڵی یەکەمی کە داوای ئارگومێنتمان لێدەکات، بێگومان ئارگومێنت پێشکەشکراوە، بەڵام کێشەی ئەم ئەوەیە وەک زۆرێکی تر پێی وایە بنەمای هۆکارێتی شتێکە لەسەر ئەزموون بنیاتنراوە یان بەهۆی ئەزموونەوە پێمان ڕاستە. ئەمەش هەڵەیە، بنەمای هۆکارێتی حەقیقەتێکی میتافیزیکیە و بە شێوەی پێشبین a priori ڕاستە، ئەزموون تەنها وەک پشتگیریەکی زیادە ئاماژەی پێدەکەین نەک وەک تاکە هۆکار بۆی.
بۆیە بەرهەڵستی یەکەم شکستخواردووە، چونکە پێی وایە شوێن و کات ڕۆڵ ئەبین لەسەر بنەماکە، لەکاتێکدا شوێن و کات گرنگیان نییە هەر ئەوەندە گرنگە ئایا کاریگەری ئامادەیی هەیە یان نا؟ کاتێک کاریگەریمان هەبوو ئەوا هۆکاری هەیە، جا کاریگەریەکە دەستپێکی گەردوون بێت یان ئەم ڕووداوە ئاساییانەی ئێستا بێت.

لە وەڵامی دووەم بەرهەڵستیشی، ئەوا دیسانەوە مادام بنەمای هۆکارێتی حەقیقەتێکی میتافیزیکیە ئەوا دڵنیاین لە ئاستی کوانتەم میکانیکیشدا ڕووداوی بێهۆکار ڕوونادات.
بڕوانە ئەم پۆستە بۆ ڕوونکاری زیاتر:
لەبارەی هەڵبەز و دابەزی کوانتەمی و هۆکارێتی

پاشان جگە لەوەی بنەمای هۆکارێتی حەقیقەتێکی میتافیزیکیە، ئەتوانین ئارگومێنتێک پێشکەش بکەین، بەم شێوە:

1. ئەگەر (ا) بە بێهۆکار دەستبکات بە دروستبوون، ئەوا (ب) بە بێهۆکار دەستدەکات بە دروست بوون.
2. ڕاست نییە (ب) بە بێهۆکار دەستبکات بە دروستبوون.
3. کەواتە ڕاست نییە (ا) بە بێهۆکار دەستدەکات بە دروستبوون.

ا لێرەدا دەستپێکی گەردوونە یان یەکەم ڕووداوە، بەپێی ئارگومێنەتەکە ا ناتوانێت بێهۆکار بێتە بوون. لێرەدا لە وەڵامی ئۆپی بەدرێژتر لەسەر ئەو ئارگومێنتە دواوم خوێنەری بن:

بۆیە پوختەی بابەت ئەتوانین لەم دێڕە کۆبکەینەوە:
بنەمای هۆکارێتی حەقیقەتێکی میتافیزیکییە و بەند نییە لەسەر شوێن و کات و ئەزموون و تەنانەت بۆ شکاندنی و گومان دروستکردن لەسەری پێویستە خۆی بەکاربێنی، ئەمەش خۆبەهەڵەخستنەوەیە.

سەرچاوە:

Frances, B. (2022). An agnostic defends god: How science and philosophy support agnosticism. Palgrave Macmillan. 

Comments

پڕ بینەرترین بابەتەکان

ئایا ئیبن عەرەبی باوەڕی بە یەکێتی بوون (وحدة الوجود) هەبووە؟ یان هەڵەتێگەیشتنێک لە ئارادایە؟

بنەما بنچینەییەکانی لۆجیک و کوانتەم میکانیک

بۆچی عەقڵ و مێشک هەمان شت نین؟ نەگونجاوی لۆجیک و مادیگەرایی

کێشەی خراپە و وەڵامی ئەشاعیرە بۆی

شیکارێکی ڕەخنەیی لە تێڕوانینی گراهەم ئۆپی دەربارەی بنەمای هۆکارێتی

ئارگومێنتی هەمانبوونی خود بەناو کاتدا بۆ بوونی ڕۆح

کێشەی ویستی ئیلاهی و ئارگومێنتی گەردوونی کەلام

بۆچی ماددە لە ئەوپەڕی ئاڵۆزیشدا ناتوانێت هۆش و ئاگای بەرهەم بێنێت؟

عەقڵ وەکو زەمینەی وەحی لای فەخرەدینی ڕازی

وەڵامی گومانی خەلقی گەردوون لە نێوان شەش و هەشت ڕۆژی قورئاندا