ڕۆحێکی ناماددی وەکو وەڵامێک بۆ بەرهەڵستی جیابوونەوە



ڕۆحێکی ناماددی وەکو وەڵامێک بۆ بەرهەڵستی جیابوونەوە


یەکێک لەو بەرهەڵستیانەی پێشکەشکراون لە تێڕوانینی سایکۆلۆجی بۆ مانەوەی تەنەکان بەناو کاتدا-persistence بریتیە لە بەرهەڵستی جیابوونەوە-fission problem.

تێڕوانینی سایکۆلۆجیانە بۆ مانەوەی تەنەکان، یەکێک لەو تێڕوانینانەی پێشکەشکراوە کە چۆن مرۆڤ بەناو کاتدا وەکو خۆی دەمێنێنەوە، بۆ نمونە من قژم درێژە لە کاتی 1 و قژم دەبڕم لە کاتی 2، ئایا من بوومە شتێکی تر یان هەر وەکو خۆم ماومەتەوە؟

بەپێی بنەمای جیانەکراوە لێکچووەکانی لایبنز، ئەگەر دوو تەن لە هەموو شتێکیشدا وەکو یەکبن جگە لە یەک تایبەتمەندی نەبێت، ئەوا دوو تەنی جیاوازن نەک هەمان تەن. جا بەپێی ئەم بنەمایە قژبڕینی من ئەبێتە هۆی دوو تایبەتمەندی جیاواز، لەکاتی یەک تایبەتمەندی قژی درێژ ئامادەیی هەیە، لە کاتی 2 تایبەتمەندی قژی کورت، کەوابوو ناکرێت من وەکو خۆم مابمەوە.

بێگومان جەستەمان بەردەوام گەردی نوێ جێگای گەردی کۆن دەگرێتەوە، کەوابوو هەر ساتە و تەنێکی نوێ بوونی هەیە، بەڵام ئایا ئەمە پێچەوانەی ڕاستی نییە؟ بۆ نمونە مەگەر من بە دە ساڵی هەر منەکەی ئێستا نیم؟

ئا لێرەوەیە، تێڕوانینی سایکۆلۆجی دێت دەڵێت مرۆڤ با گۆڕانی جەستەیشی هەبێت، ئەوا هێشتا خودەکە-self کە بریتیە لە تۆ و من و ئەو، هێشتا وەک خۆی دەمێنێتەوە و دەڕوا بەناو تێپەڕبوونی کاتدا. بەڵام چۆن؟
وەڵامەکە ئەوەیە خود-self بریتیە لە ڕۆحێکی ناماددیی، واتا ئێمە وەک کەسایەتی من تۆ ئەو، بریتی نین لەم جەستە ماددیە کە بەردەوام دەگۆڕدرێت بەڵکو بریتین لە ڕۆحێکی ناماددی، هەر بۆیە خودمان دەمێنێتەوە بەناو کاتدا، بۆ باشتر تێگەیشتن بڕوانە سەرچاوەی دووەم.

بەڵام چی ئەگەر تێڕوانینی سایکۆلۆجی، لەناو چوارچێوەی فیزیکگەرایی پێشکەشکرا؟
بەپێی تێڕوانینێکی فیزیکگەرایی، ئێمەی مرۆڤ، خودەکەمان بریتیە لە تەنها مێشک، وە بۆ مەسەلەی مانەوەش بەناو کاتدا، ئێمە دەکرێت بمێنینەوە مادام مێشکمان پارێزراوبێت. بۆ نمونە ئەگەر جەستەی خۆشمان لەناوبچێت و بکرێت مێشکمان بگوازرێتەوە بۆ جەستەیەکی تر، ئەوا ئێمە هەر دەمێنینەوە چونکە مێشکین نەک بەشەکانی تری جەستە.

با نمونەیەک بدەین ڕوونتربێت، وادابنێ کەسێکمان هەیە ناوی ا و مێشکی ئەم ا ئەخرێتە جسمی ب، واتا مێشکی ب لەناوبراوە، بەڵام جەستەی ماوەتەوە و مێشکی ا مان تێیدا داناوە. با بەم مرۆڤە نوێیە (جسمی ب + مێشکی ا) بڵێین مرۆڤی ج. ئایا مرۆڤی ا سەرەتا، هەمان مرۆڤی ج ە؟ بەپێی تێڕوانینی سایکۆلۆجی فیزیکگەرایی بێت بەڵێ هەمان مرۆڤە، چونکە مێشکەکە بەرپرسە لە ناسنامەی مرۆڤ و خودی مرۆڤەکەیە، بۆیە کەسی ج هەر کەسی ا چونکە مێشکەکە هەمان شتە.

جا لێرەدا ئەم تێڕوانینی سایکۆلۆجی فیزیکگەراییە دووچاری بەرهەڵستیەک دەبێتەوە کە پێی دەوترێ بەرهەڵستی جیابوونەوە، کە بە سادەیی بریتیە لەمە:
وادابنێ کەسێک با بڵێین ناوی ئالانە، بەشی ڕاست و چەپی مێشکی جیادەکرێنەوە و هەر بەشێکی دەکرێتە جسمی کەسێک، واتا جسمێک بەشی ڕاستی مێشکی ئالان دەبات، جسمێکی تریش بەشی چەپی مێشکی ئالان دەبات، جا بپرسین ئێستا ئەگەر ئالان بریتیە لە مێشک، کام لەم دوو جەستەیە یان دوو مرۆڤە نوێیە ئالانە؟ بەشی ڕاستەکە یان چەپەکە؟

ئایا ئەتوانین بڵێین ئالان هەردووکیانە؟ نەخێر چونکە جسمی ڕاست و جسمی چەپ بەپێی بنەمای جیانەکراوە لێکچووەکانی لایبینز هەمان شت نین، چونکە خاوەنی تایبەتمەندی جیاوازن وەکو جسمی جیا و شوێنی جیایاندا گیرکردووە.
ئایا ئالان یەکێکیانە؟ بەڵام ئەگەر یەکێکیان بێت ئەوی تریان نییە.
جا بۆیە بەپێی ئەم بەرهەڵستیە، ناکرێت مرۆڤ بمێنێتەوە بەناو کاتدا تەنها لەبەر مێشکی.

کەوابوو چارەسەرەکە چییە بۆ تێڕوانینی سایکۆلۆجی؟ چارەسەرەکە ئەوەیە خود-self بریتی نییە لە مێشکی ماددی بەڵکو بریتیە لە ڕۆح، واتا ئەوە ڕۆحە کە ناسنامەی مرۆڤەکەیە نەک مێشک، هەر بۆیە ئالان بریتی نییە لە مێشک و تا کاتی جیاکاری مێشکی کێشە دروست ببێت، بەڵکو بریتیە لە ڕۆحێک و ڕۆحیش دابەش نابێت بۆ دوو جەستەی جیاواز.
واتا لێرەدا ئەبێت دەستبەرداری تێڕوانینی سایکۆلۆجی فیزیکگەرایی ببین.

بەڵام تێڕوانینی فیزیکگەرایی دووچاری کێشەیەکی تریش دەبێتەوە، ئەویش ئایا مەگەر مێشکی مرۆڤ وەک هەر بەشێکی تری جەستە لە خانەوە و ئەتۆم پێک نەهاتووە؟ بێگومان بەڵێ. کەوابوو مێشکیش بەردەوام لە گۆڕاندایە و ناکرێت بمێنێتەوە وەکو هەمان تەن بەناو کاتدا، بۆ باشتر تێگەیشتن لەمە بڕوانە سەرچاوەی دووەم.

سەرچاوەکان:
1. Mandik, P. (2023). This is philosophy of mind: An introduction. Wiley Blackwell.


Comments

پڕ بینەرترین بابەتەکان

ئایا ئیبن عەرەبی باوەڕی بە یەکێتی بوون (وحدة الوجود) هەبووە؟ یان هەڵەتێگەیشتنێک لە ئارادایە؟

بنەما بنچینەییەکانی لۆجیک و کوانتەم میکانیک

بۆچی عەقڵ و مێشک هەمان شت نین؟ نەگونجاوی لۆجیک و مادیگەرایی

کێشەی خراپە و وەڵامی ئەشاعیرە بۆی

شیکارێکی ڕەخنەیی لە تێڕوانینی گراهەم ئۆپی دەربارەی بنەمای هۆکارێتی

ئارگومێنتی هەمانبوونی خود بەناو کاتدا بۆ بوونی ڕۆح

کێشەی ویستی ئیلاهی و ئارگومێنتی گەردوونی کەلام

بۆچی ماددە لە ئەوپەڕی ئاڵۆزیشدا ناتوانێت هۆش و ئاگای بەرهەم بێنێت؟

عەقڵ وەکو زەمینەی وەحی لای فەخرەدینی ڕازی

وەڵامی گومانی خەلقی گەردوون لە نێوان شەش و هەشت ڕۆژی قورئاندا