وەڵامی ئەشاعیرە بۆ ئارگومێنتی شاراوەی خودا لە دژی بوونی خودا
وەڵامی ئەشاعیرە بۆ ئارگومێنتی شاراوەی خودا لە دژی بوونی خودا
یەکێک لەو ئارگومێنتانەی لە فەلسەفەی ئاین پێشکەشکراون لەدژی بوونی خودا، ئارگومێنتێکە پێی دەوترێت شارەوەیی خودا-The divine hiddeness، کە ئەکرێت بە چەند جۆرێک پێشکەش بکرێت، بەڵام فکرە ساددەکەی ئەمەیە:
کەسانێک هەن کە ئینکاری حەق ناکەن و بەڵگەی پێویستیان نەدۆزیوەتەوە بۆ خوا، هەر بۆیە بێباوەڕن. جا ئەگەر خودایەکی کامڵ باش هەبێت ئەوا ڕێنادات شارەوە بێت لەم کەسانە و بەڵگەی پێویستیان ئەداتێ، بەڵام مادام ئەم جۆرە بێباوەڕانە هەن ئەوا خودا بوونی نییە.1
ئەگەر بیکەینە فۆڕمێکی ستانداردی ئارگومێنت، شتێکی ئاوای لێدەردەچێت:
1. ئەگەر خودایەکی کامڵ باش هەبێت، ئەوا خودایەک هەیە هەمیشە کراوەیە بەڕووی پەیوەندی کەسیی لەگەڵ مرۆڤەکان.
2. ئەگەر خودایەک هەبێت هەمیشە کراوە بێت بەڕووی پەیوەندی کەسیی لەگەڵ مرۆڤەکان، ئەوا هیچ مرۆڤێک لە کوفردا نابێت بەهۆی قبوڵنەکردنی حەق.
3. ئەگەر خودایەکی کامڵ باش هەبێت، ئەوا هیچ مرۆڤێک لە کوفردا نابێت بەهۆی قبوڵنەکردنی حەق (لە پێشەکی 1 و 2 ەوە).
4. هەندێ کەس هەن کە لە کوفردان بەبێ ئەوەی بەرهەڵستی حەق و بەڵگە بکەن.
5. کەواتە خودایەکی کامڵ باش بوونی نییە (لە پێشەکی 3 و 4 ەوە).
6. ئەگەر خودایەکی کامڵ باش بوونی نەبێت، ئەوا خودا بوونی نییە.
7. کەواتە خودا بوونی نییە (لە پێشەکی 5 و 6 ەوە).
فەیلەسوفانی ڕەخنەگر لەم ئارگومێنتە، هێرشی جیاواز جیاوازیان کردووەتە سەر پێشەکییەکان، جا لەم نوسینە بەکورتی سەرنج ئەخەمە سەر ئەوەی کە بۆچی پێشەکی 6 هەڵەیە لەدیدی ئەشاعیرە و هەر بۆیە دەرئەنجامەکە دانامەزرێت، بێگومان پێشەکی 1، 2، و 4 کێشەدارن بەڵام سەرنجیان ناخەمە سەر، بۆ زانیاری زیاتر لەسەریان ئەتوانی بڕوانیتە سەرچاوەی یەکەم.
کێشەی پێشەکی 6 چییە؟
پێشەکی 6 پێشگریمانەی ئەوە دەکات، خودا مادام کەماڵی سیفەتەکانی هەیە، وەکو هێز و زانست و هتد... سیفەتی خۆشەویستی و باشیش یەکێکە لەو سیفەتانە کە ئەبێت خودا هەیبێتomnibenevolent. بۆیە ئەگەر خودا بوونی هەبێت، ئەوا ئەبێت سیفەتی کەماڵی باشی هەبێت.
بەڵام ئەم پێشەکییە کاتێک ڕاستدەبێت، کە باشە و خراپە بوونێکی سەربەخۆی بابەتیانەیان هەبێت، گەر نا بێمانایە پێمان وابێت خودا کەماڵی باشی هەیە.
لای ئەشاعیرە باشە و خراپە بوونێکی سەربەخۆی بابەتیانەیان نییە و کەسانێکی دژەڕیالیستی ئەخلاقین، بەڵکو لە لایان ئەوە فەرمانی خودایە باشە و خراپەی شتەکان دیاریدەکەن. هەر بۆیە خودا ناچێتە ژێر پۆلێنی بەهاییەوە-axiological categories و
بیرۆکەی باشە و خراپە و بەها بەسەریدا جێبەجێ نابێت.2
کەوابوو مادام باشە و خراپە بوونێکی سەربەخۆی بابەتیانەیان نییە، ئەوا مانایەکی نییە سیفەتی کەماڵی باشی مەرجی پێویستی بێت بۆ بوونی خودا و پێشەکییەکە هەڵەیە.
سەرچاوە:
2. ئەتوانی بڕوانیتە هەر کتێبێکی زانایانی ئەشاعیرە، کە پەیوەست بەمەسەلەی حوسن و قوبح قسەیان کردووە وەک:
الاقتصاد في الاعتقاد ی ئیمامی غەزالی.
Comments
Post a Comment