ناتەواویی بوونەوەران وەک بەڵگە لە دژی خودا؟



ناتەواویی بوونەوەران وەک بەڵگە لە دژی خودا؟


یەکێک لەو بابەتانەی کە ئەکرێت لە چەند گۆشەیەکەوە قسەی لەسەر بکرێت بریتیە لە دیزاینی هەندێ زیندەوەر یان هەندێ ئەندام و پێکهێنەری جەستەی زیندەوەران کە بەپێی هەندێک کەس ئەم دیزاینانە جۆرە ناتەواوییەکیان تێدایە، جا ئەم ناتەواویانە چی لێکدانەوەیەکی دروستیان پێدەدا؟

هەندێک پێیان وایە بیردۆزی پەرەسەندن وەک لە خەلقی ڕاستەوخۆ باشتر لێکدانەوە پێشکەش دەکات بۆ ئەم جۆرە ناتەواوییەی بوونەوەران، هەندێکیان تر پێیان وایە نەک پەرەسەندن باشترین لێکدەرەوەیە بەڵکو تەنانەت نەبوونی خودا وەک لە بوونی خودا باشترین لێکدەرەوەی ئەم ناتەواوییە، چونکە ئەگەر خودا هەبێت ئەوا کەماڵی سیفاتی هەیە و ناکرێت خەلقی ناتەواوی هەبێت.

جا لەم نوسینە ڕوونی دەکەمەوە بۆچی ناتەواوی لە بوونەوەران بەڵگە نییە بۆ نەبوونی خودا یان کەماڵی خودا.

با سەرەتا ئارگومێنتی بەرامبەر دابڕێژین و دواتر سەیر بکەین کێشەکەی چییە، ئارگومێنتەکە:

1. ئەگەر خودایەکی کامڵ هەبێت، ئەوا ناتەواوی لە بوونەوەراندا بوونی نابێت.
2. ناتەواوی لە بوونەوەراندا هەیە.
3. کەواتە خودایەکی کامڵ بوونی نییە.

کێشەی ئارگومێنتەکە:

پێشەکی 1: بۆ ئەوە بزانین ئەم پێشەکییە بۆ هەڵەیە، دەبێت بزانین بیرکردنەوەکەی پشتی چۆنە، بیرکردنەوەکە بەم شێوەیە: (ئەگەر خودا هەبێت، ئەوا دەبێت پێویستە بوون- واجب الوجود بێت، بۆ ئەوەی واشبێت دەبێت کەماڵی سیفاتی هەبێت، ئەگەر کەماڵی سیفاتیشی هەبێت ئەوا دەبێت کەماڵی باشی-omnibenevolence ی و کەماڵی زانست-omniscience و کەماڵی هێزی-omnipotence هەبێت، چونکە ئەمانە یەکێکن لە سیفاتەکانی خودا. جا ئەگەر وابێت ئەوا نابێت ناتەواوی لە بوونەوەراندا دروست بکات، چونکە ناتەواوی بەهۆی ئەم سێ شتەوەیە: یان نازانێت بەتەواوی دروستی بکات یان نایەوێت و کەماڵی باشی نییە و بە ئەنقەست وادەکات، یان ناتوانێت بەتەواوی دروستیان بکات، لە هەر حاڵەتێکدا ئەبێتە کێشە. بۆیە ئەگەر خودایەکی کامڵ هەبێت ئەوا دەبێت ناتەواوی لە بوونەوەراندا نەبێت)

جا لە وەڵامدا دەڵێین:
بەڵێ ڕاستە خودا سیفاتی کەماڵی هەیە، بەڵام سیفەتی کەماڵی باشی- omnibenevolence یەکێک نییە لەو سیفەتانە، وە تەنها کاتێک یەکێک ئەبێت لەو سیفەتانە شتانێک هەبن بەناوی حەقیقەتی ئەخلاقی-Moral truths کە وجودێکی سەربەخۆیان هەبێت لەخوداش، بە واتایەکی تر باشە و خراپە لە دەرەوەی خودا هەبن، بەڵام ئێمە وەک دژە ڕیالیستی ئەخلاقی باوەڕمان بەوە نییە، جا بەو هۆیە کەماڵی باشی بە سیفەتی خودا دانانێین بەو مانایەی خودا بە ناچاری باش بێت.
هەر بۆیە ئاساییە خودا بوونەوەری ناتەواو دروست بکات چونکە لە ژێر هیچ ناچارییەکدا نییە.

لەبارەی هێز و زانستیشەوە، بێگومان خودا هێز و زانستی کەماڵی هەیە، وە بەدروستکردنی بوونەوەری ناتەواو کێشە دروست نابێت بۆ ئەو دوو سیفەتە چونکە خودا ویستی هەیە، چی بوێت ئەوە دەکات، وە بۆ باشتر ڕوونکردنەوەی ئەم خاڵەش ئەتوانین ئەمە دەرببڕین:

وادابنێ کاتژمێردروستکەرێکی زاناو بەتوانامان هەیە، بەڵام ویستی ئەوەی هەیە لەباتی ئەوەی کاتژمێرێکی تەواو دروستبکات دانەیەکی ناتەواو دروستدەکات کە لەباتی ئەوەی خولەکێک بە 60 چرکە تەواوبکات بە 120 چرکە تەواوی دەکات.

جا ئێستا بپرسین ئایا ئەم حاڵەتە لەڕووی لۆجیکیەوە هیچ کێشەیەکی هەیە؟ بێگومان نەخێر، لە کاتێکدا ئەم حاڵەتە باسی مرۆڤێکی سنوردارە جا چ خودایەکی باڵادەست!

لێرەدا گونجاوە ئاماژە بدەین بە وتەی زانای حەنەفی ثناء الله الباني بتي، کە دەڵێت:
کەماڵی قودرەت ئەوەیە چی بوێت ئەوە بکات.1
بە مانایەکی تر، خودا ویست و قودرەتی تەواوی هەیە بوونەوەران بە تەواو یان ناتەواو دروستبکات. بە دەربڕینێکی تر، کەماڵ ئەوەیە چی بوێت بیکات.

هەر بۆیە مادام لە ڕووی لۆجیکیەوە شیاوە و هیچ ڕێگرێک بوونی نییە، کە خودایەکی خاوەن کەماڵی سیفەت، بوونەوەری ناتەواو دروستبکات چونکە ویستی لەسەرە، ئەوا پێشەکی 1 هەڵەیە.

چی دەربارەی پێشەکی 2:
پێشەکی 2 لاواز دەردەکەوێت چونکە بەشێکی ئەو نمونانەی پێشکەشکراون دواتر دەرکەوتون ناتەواوی نەبووە، بۆ نمونە وادادەنرا زۆربەی جینۆمی مرۆڤ زبڵێک زیاتر نییە و هیچ ئەرکێکیان نییە، بەڵام توێژینەوە نوێکان ماوە نا ماوە ئەو تێڕوانینە بەدرۆ دەخەنەوە، بۆ زانیاری زیاتر بڕواننە ئەمە:


https://news.cuanschutz.edu/dbmi/what-is-junk-dna


بۆیە ڕوون نییە ئایا بەڕاستی ناتەواوی لە بوونەوەراندا هەیە یاخوود نا.

کەواتە دەرئەنجامی ئارگومێنتەکە دانامەزرێت کە دەڵێت خودا بوونی نییە لەبەرئەوەی بوونەوەری ناتەواو بوونی هەیە، چونکە پشانماندا ڕوون نییە بوونەوەری ناتەواو بوونی هەبێت، وە ئەگەر هەشبێت ئەوا هیچ کێشەیەک دروستناکات بۆ بوونی خودا.

سەرچاوە:

1. Ismail Lala (2024) Dysteleology: A Classical Sunni Exegetical Perspective,
Theology and Science, 22:4, 757-773.

Comments

پڕ بینەرترین بابەتەکان

ئایا ئیبن عەرەبی باوەڕی بە یەکێتی بوون (وحدة الوجود) هەبووە؟ یان هەڵەتێگەیشتنێک لە ئارادایە؟

بنەما بنچینەییەکانی لۆجیک و کوانتەم میکانیک

بۆچی عەقڵ و مێشک هەمان شت نین؟ نەگونجاوی لۆجیک و مادیگەرایی

کێشەی خراپە و وەڵامی ئەشاعیرە بۆی

شیکارێکی ڕەخنەیی لە تێڕوانینی گراهەم ئۆپی دەربارەی بنەمای هۆکارێتی

ئارگومێنتی هەمانبوونی خود بەناو کاتدا بۆ بوونی ڕۆح

کێشەی ویستی ئیلاهی و ئارگومێنتی گەردوونی کەلام

بۆچی ماددە لە ئەوپەڕی ئاڵۆزیشدا ناتوانێت هۆش و ئاگای بەرهەم بێنێت؟

عەقڵ وەکو زەمینەی وەحی لای فەخرەدینی ڕازی

وەڵامی گومانی خەلقی گەردوون لە نێوان شەش و هەشت ڕۆژی قورئاندا