وەڵامی 5 بەرهەڵستی لەدژی موستەحیلبوونی تەواوکردنی زنجیرەی بێکۆتای ڕاستەقینە



 وەڵامی 5 بەرهەڵستی لەدژی موستەحیلبوونی تەواوکردنی زنجیرەی بێکۆتای ڕاستەقینە


یەکێک لەو ئارگومێنتانەی پشانی دەدات بۆچی ناکرێت زنجیرەی بێکۆتای ڕاستەقینە بوونی هەبێت، بریتیە لە موستەحیلبوونی تەواوکردنی زنجیرەی بێکۆتای ڕاستەقینە.

کە بە ساددەی بەم شێوەیە:

1. ئێستا بوونی هەیە.
2. ئەگەر ڕابردوو بێکۆتا بێت و دەستپێکی نەبێت، ئەوا گەشتن بە ئێستا پێویستی بەوەیە تەواوی ڕۆژانی ڕابردوو کە دەستپێکیان نییە کۆتاییان پێهاتبێت.
3. بەڵام تەواوکردنی ڕۆژانێکی ڕابردووی بێکۆتا موستەحیلە - خاڵێکی دەستپێک بوونی نییە تا دەستپێبکەی بەرەو ئەمڕۆ.
4. کەواتە، ئەگەر ڕابردوو بێکۆتا بێت، ئێستا بوونی نەدەبوو.
5. مادام ئێستا بوونی هەیە، ئەوا ناکرێت ڕابردوو بێ دەستپێک بێت.

ئێستاش ئاماژە بە 5 بەرهەڵستی باو ئەدەم کە بۆچی ناتوانن وەڵامی ئارگومێنتەکە بدەنەوە.

1.
گراهەم ئۆپی فەیلەسوفی بێباوەڕ لەدژی ئەم ئارگومێنتە دەڵێت سوپەرتاسک پشانی ئەدات ئەکرێت زنجیرەی بێکۆتای ڕاستەقینە تەواوبکرێت.

وەڵام:
سوپەر تاسک بریتییە لە زنجیرە ڕووداوێکی بێکۆتای ماوە نایەکسان لەناو مودەتێکی سنوردار.
بۆ نمونە کاتژمێر 11 : 59 بۆ 12 : 00 کە دەکاتە یەک خولەک، شتێک ئەکەین، ئەویش هێنانی تۆپێکە، ئەم تۆپە هەڵبەز و دابەزی پێ ئەکەین.
سەرەتا نیوکاتژمێری بمێنێ بۆ 12 : 00 هەڵیدەدەین، پاشان دەبینین نیو بە نیو کە کاتەکە کەم ئەکا تۆپەکەش خاو دەبێتەوە تا کاتژمێر 12 : 00 دەوەستێت.

واتا بەم شێوەیە:
1\2 + 1\4+ 1\8+ 1\16 + .... = 12 : 00

بەڵام ئایا ئەمە پشانی دەدات بێکۆتای ڕاستەقینە تەواودەکرێت؟

وەڵام: بێگومان نەخێر، ئەمە بێکۆتایی ڕاستەقینە نییە بەڵکو (potential infinity) ە، واتا بێکۆتایەکی ناڕاستی و وەک ئەوەیە لە ژمارە 1 بژمێری بێ وەستان.
لە سوپەر تاسکدا ماوەکان یەکسان نین بەڵکو کەم ئەبنەوە نیو بە نیو و ئەنجامەکەش سنوردارە و پاشان خاڵی سەرەتاش هەیە کە زنجیرەکە دەستپێدەکات.

بەڵام بێکۆتای ڕاستەقینە، سەرەتای نییە و ماوەی ئەندامەکانیش یەکسانن. دەستپێکیکی نییە تا لێوەی دەستپێکەی هەر بۆیە زنجیرەیەکی وا تەواوناکرێت.

2. ئۆپی لە بەرهەڵستیەکی تردا ئەڵێت، ئەگەر بژمێرین ژمارە بەشێوەیەکی بێ وەستان ئەوا ئەگەینە بێکۆتا.

وەڵام:
ئەمە دیسان تێکەڵکاریە لەنێوان بێکۆتای ڕاستەقینە و بێکۆتای ناڕاستی.
ژماردنی ژمارە ئەگەر تەنانەت لەڕووی بیردۆزیشەوە نەوەستین ئەوا هێشتا شیاوە چەنێکت ژماردبێت هێشتا دانەیەکی تری بۆ زیادبکرێت.

بەڵام بێکۆتای ڕاستەقینە ئەبێت تەواوی ڕووداوەکان کۆتای هاتبن بەڵام چونکە بێکۆتایە کۆتاییان پێ نایەت و تەواو ناکرێن.

3. پوریا دەڵێت کات ئەکرێت پێکنەهاتبێت لە ڕووداوی جیاواز بەڵکو پێکهاتبێت لە یەک ڕووداوی بەردەوامی درێژ.

وەڵام: ئەگەر کات ئاوهاش بێت ئەوا هێشتا لەڕووی بیرۆکەییەوە دابەش ئەکرێت بۆ ڕووداوی جیابوەوە لەیەک وەکو ڕۆژ و ساڵ، هەر بۆیە کێشەکە دەمێنێتەوە.
کات یەک ڕووداویش بێت ئەوا هێشتا مودەتێکی بێکۆتا هەیە پێش ئەمڕۆ کە ڕێ نادات بگەین بە ئەمڕۆ.

4.
سۆرابجی دەڵێت ڕەنگە ڕابردوویەکی بێکۆتا تەواوبکرێت و بگەین بە ئەمڕۆ، چونکە ئەمڕۆ هاتوەتەبوون.

وەڵام: ئەم وەڵامە کێشەی ئەوەیە ڕوونی ناکاتەوە چۆن ڕابردوویەکی بێکۆتا گەشتوەتە ئەمڕۆ، بەڵکو گەشتن بە ئەمڕۆ دەکاتە بەڵگەی ئەوەی مادام گەشتوین ئەوا ڕابردوو تەواوبووە. بەڵام چۆن؟
ئەبێت ڕابردوو سەرەتای هەبێت ئەگینا ئەمڕۆ بوونی نابێت، مادام ئەمڕۆ هەیە ئەوە واتای ئەوەیە ڕابردوو دەستپێکی هەیە.

5.
مۆریستۆن و هەندێکی تر لە فەیلەسوفان دەڵێن مادام ئێستا بوونی هەیە ئەوا ڕووداوەکانی ڕابردوو تەواوبووە.

وەڵام: ئەمە پێشگریمانەکردنی ئەنجامەکەیە لەکاتێکدا دەبێت پشانی بدەن نەک پێشگریمانەی بکەن. وادائەنێ ڕابردوویەکی بێکۆتا تەواودەکرێت و پاشان ئەیکاتە بەڵگە کە ئەوەتا ڕابردوویەکی بێکۆتا تەواودەکرێت.

بەڵام خودی باسەکە ئەوەیە کە چۆن دەکرێت شتێکی وا؟ بێگومان ناکرێت چونکە ڕابردوویەکی بێکۆتا خاڵێکی دەستپێکی نییە تا لێوەی بژمێرین و بگەین بە ئەمڕۆ.


سەرچاوە:
Erasmus, Jacobus (2018). The Kalām Cosmological Argument: A Reassessment. Cham: Springer Verlag.

Comments

پڕ بینەرترین بابەتەکان

ئایا ئیبن عەرەبی باوەڕی بە یەکێتی بوون (وحدة الوجود) هەبووە؟ یان هەڵەتێگەیشتنێک لە ئارادایە؟

بنەما بنچینەییەکانی لۆجیک و کوانتەم میکانیک

بۆچی عەقڵ و مێشک هەمان شت نین؟ نەگونجاوی لۆجیک و مادیگەرایی

کێشەی خراپە و وەڵامی ئەشاعیرە بۆی

شیکارێکی ڕەخنەیی لە تێڕوانینی گراهەم ئۆپی دەربارەی بنەمای هۆکارێتی

ئارگومێنتی هەمانبوونی خود بەناو کاتدا بۆ بوونی ڕۆح

کێشەی ویستی ئیلاهی و ئارگومێنتی گەردوونی کەلام

بۆچی ماددە لە ئەوپەڕی ئاڵۆزیشدا ناتوانێت هۆش و ئاگای بەرهەم بێنێت؟

عەقڵ وەکو زەمینەی وەحی لای فەخرەدینی ڕازی

وەڵامی گومانی خەلقی گەردوون لە نێوان شەش و هەشت ڕۆژی قورئاندا