بەرجەستبوونی کوڕی خودا و تێکگیرانی لەگەڵ نەگۆڕی خودا
بەرجەستبوونی کوڕی خودا و تێکگیرانی لەگەڵ نەگۆڕی خودا
بیرۆکەی بەرجەستبوون (Incarnation) یەکێک لەو شتانەی سیانگەراییە مەسیحییەکان (تێڕوانینی زۆرینە) باوەڕیان پێیە، و پێیان وایە کوڕەکە کە یەکێکە لە سێ کەسایەتییەکەی خودا (دوانەکەی تر باوک و ڕۆحی پیرۆزن) بەرجەستە بووە لە عیسادا و بووەتە خاوەنی دوو سروشت (hypostatic union).
بەپێی ئەم خاوەندارێتیە، کوڕەکە سروشتێکی ئیلاهی هەیە و پاشان بووەتە خاوەنی سروشتێکی تر کە ئەویش سروشتی مرۆڤبوونە.
جا ئێستا ئەمە کێشە دروستدەکات لەگەڵ بنەما ئەقڵییەکان، بەم شێوە:
1. خودا کامڵە و پاک و بێگەردە و گۆڕان قبوڵ ناکات، چونکە گۆڕان واتا لە (potential) و بڕۆی بۆ (actual) واتا، شتێک ئامادەیی نەبووە و پاشان پەیدای کردووە ئەمەش پێچەوانەی کامڵبوون دەوەستێتەوە. هەر بۆیە خودی مەسیحیەکان باوەڕیان وایە خودا (Pure actuality) ە.
2. لە لایەکی دی، دەڵێن کوڕەکە بووەتە خاوەنی سروشتێکی تر وەک سروشتی مرۆیی لەپاڵ سروشتە ئیلاهییەکەیدا.
جا کوڕەکە The son یەکێکە لە سیانەیی خودا. واتا The son = خودا، گەرچی یەکسان نییە بە دوو کەسایەتیەکەی تری سیانەیی خودا کە باوک و ڕۆحی پیرۆزن.
3. لەم دوو خاڵەی ڕابردووەوە بۆمان ڕووندەبێتەوە خودا دووچاری گۆڕان بووە، بەڵام خودا گۆڕان قبوڵ ناکات، کەوابوو بەرجەستەبوون بیرۆکەیەکی هەڵەیە.
ڕەنگە لە وەڵامدا بڵێن:
سروشتی خودا نەگۆڕاوە بەڵکو تەنها سروشتی مرۆڤبوونی بۆ زیادبووە بێ ئەوەی ئەم دوو سروشتە تێکەڵ بن.
لە وەڵامیاندا دەڵێین:
ئایا خودا هەمیشە سروشتی مرۆیی هەبووە؟ وەڵام نەخێر بەڵکو دواتر پەیدایکردووە. ئەمەش واتا گۆڕان لە خودادا ڕوویداوە، چونکە زیادبوونی سروشتێک واتا گۆڕان.
وادابنێ کەسێک هەیە ناوی جۆنە، جۆن مرۆڤێکی ئاساییە بەڵام وادانێ خودا سروشتێکی خودایی پێ ئەدات، ئایا هیچ کەس ئەتوانێت بڵێت جۆن گۆڕان لە سروشتیدا ڕووی نەداوە؟
جۆن (مرۆڤ) > جۆن (مرۆڤ + خودا)؟ ئایا ئەم گۆڕان نییە؟
ڕوونە وەڵامەکە گۆڕان ڕوویداوە، دەی ئەمە هەمان شتە وەک بەرجەستەبوونی کوڕەکە لە عیسادا، ئەویش بەم شێوەیە تەنها جیاوازی لەگەڵ ئەم نمونەی سەرەوە ئاراستەی گۆڕانەکەیە:
کوڕەکە (خودا) > کوڕەکە (خودا + مرۆڤ).
جا مادام کوڕەکە گۆڕان ڕوویداوە لە سروشتیدا و کوڕەکەش بریتیە لەخودا ئەوە واتای ئەوەیە خودا گۆڕاوە بەڵام خودا گۆڕانی بەسەردا نایەت، چونکە کامڵە.
ڕەنگە وەڵامێکی تر بدەنەوە و بڵێن:
خودا لە دەرەوەی کاتە (atemporal) و بەرجەستەبوون تەنها بۆ ئێمەی مرۆڤ بریتیە لە گۆڕان، ئەگینا سروشتی خودا هەروەکو خۆیەتی بەحوکمی ئەوەی لەدەرەوەی کاتە.
لە وەڵامدا ئەڵێین:
بەپێی تێڕوانینی سیانگەرایی مەسحییەکان، کوڕەکە پێش بەرجەستەبوون یەک سروشتی هەبووە کە ئیلاهیە، و پاش بەرجەستە بوون بووەتە خاوەنی سروشتێکی تریش کە مرۆڤ بوونە و ئیدی لێی جیانابێتەوە.
جا ئەگەر خودا لە دەرەوەی کاتبێت، ئەوا هەم بەرجەستەبووە و هەم بەرجەستەش نەبووە، واتا سروشتەکەی دژبەیەکی لەخۆدەگرێت. بۆیە لەدەرەوەبوونی خودا چارەسەرێکی سەرکەوتوو نییە بۆ کێشەی گۆڕان لەخودادا بەهۆی بەرجەستەبوون.
جا ئارگومێنتەکە بکەینە شێوەیەکی ستاندارد:
1. وادابنێ خودا (کەسایەتی کوڕەکە) بەرجەستە بووە.
2. بەرجەستەبوون واتا گۆڕان لە سروشتدا.
3. خودا گۆڕانی بەسەردا نایەت.
4. پێشەکی 2 و 3 دژی یەکن.
5. کەواتە پێشەکی یەک هەڵەیە.
Comments
Post a Comment