لابردنی تۆمەتی هاوڕەگەزبازی لەنێوان مەولانای ڕۆمی و شەمسی تەبرێزیدا
لابردنی تۆمەتی هاوڕەگەزبازی لەنێوان مەولانای ڕۆمی و شەمسی تەبرێزیدا
مەولانای ڕۆمی و شەمسی تەبرێزی کە دوو سۆفی موسوڵمانن، یەکێک لەو دوو کەسایەتیانەی مشتومڕ دروستکراوە لەسەریان لە چەند ڕوویەکەوە، لەوانە تۆمەتبارکراون بە هاوڕەگەزبازی. جا لەم نوسینەدا پوختەی وەڵامی ئیبراهیم گەمەرد ئاماژە پێدەدەم دەربارەی بێ بنەمای ئەم تۆمەتە، کە لە کوێوە ئەم تۆمەتە ڕەچەڵەکی وەرگرتووە و بۆچیش هەڵەیە.
ئیبراهیم گەمەرد سەرەتا ئاماژە بەوە دەدات، کە وشەی خۆشەویست lover یان عاشق لە تەسەوفی فارسیدا مەبەست پێی خۆشەویستی خودایە. وە ئاماژە بەوە دەدات وشەی خۆشەویست لەم چەند دەیەی ئەخیرەدا لە ڕۆژئاوا ئاماژە بووە بۆ بوونی پەیوەندیەکی سێکسی، گەرنا پێشتر تەنها ئاماژە بووە بۆ پەیوەندیەکی هەست و سۆز. وە ئاماژە دەدات ڕۆمی و شەمس تەنها بە مانای خۆشەویستی خودا عاشق بوونە، دوور لەو مانا جنسیەی کە ئەمڕۆ دراوەتە پاڵ وشەکە.
وە ئاماژە بەوە دەدات ڕەنگە خوێنەری ڕۆژئاوای نەتوانێت مقاومەی ئەو بیرکردنەوەیە بکات کە پاش ئەوەی ڕۆمی و شەمس ئەگەن بەیەک و خۆشحاڵ ئەبن، بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژووری قوتابیەکی ڕۆمی بەناوی حوسامەدین ئەمێننەوە بە تەنها بۆ عیبادەت، دووچاری هیچ پەیوەندیەکی سێکسی نەبووبێتنەوە، بەتایبەت لە ئەمڕۆ و کلتوری ڕۆژئاوادا کە هاوڕەگەزبازی شتێکی باوە. وە ئاماژە دەدات بە ئاندریو هارڤی کە نوسەرێکی هاوڕەگەزبازە، وتراوە لە بارەی کە لە موحازەرەکانیدا ئاماژەی دابێت بەوەی ڕۆمی و شەمس پەیوەندی سێکسی هەبووبێت لەنێوانیاندا. جا ئیبراهیم گەمەرد پێی وایە شعرەکانی ڕۆمیش تووشی شێواندن کراون بەتایبەت لەبارەی خۆڕووتکردنەوە (لەلایەن کەسانێکی هاوشێوەی وەک ئاندریو هارڤی).
وە ئاماژە بەوە دەدات، هیچ بەڵگەیەک بوونی نییە و لە ئارادا نییە کە ڕۆمی و شەمس پەیوەندیەکی هاوڕەگەزبازی هەبووبێت لە نێوانیاندا. وە ڕۆژئاوا لێکدانەوەیەکی هەڵەی ئەنجامداوە لەبارەی کلتور و شعری فارسیەوە لەنێوان چوارچێوەی ئیسلام و تەسەوفدا. پاشان ئاماژە بەوەدەدات لە کۆمەڵگای ئیسلامیدا پیاوان و ژنان تێکەڵی یەک نەبوونە و بەوەش شتێکی ئاسای بووە پیاوان نزیکتر بن لەیەک. پاشان ئیبراهیم ئاماژە بەوە دەدات چۆن لە سەفەریدا بۆ ئەستنەبوڵ بینویەتی شتێکی ئاساییە پیاوەکان و هاوڕێکان ڕۆشتون دەستی یەکیان گرتووە بێ بوونی هیچ هاوڕەگەزبازیەک (بە پێچەوانەی ڕۆژئاوای ئەمڕۆ کە دەستگرتنی دوو پیاو بۆ یەک تەفسیری هاوڕەگەزبازی بۆ دەکەن).
پاشان لە بارەی ئەوەی کە ڕۆمی وەسفی شەمسی کردووە بۆ نمونە وەکو چاوەکانی، ڕەنگە ئەمە کرابێت بەڵگە بۆ هاوڕەگەزبازی بەڵام ئەمە جەهلە بە کلتور و شعر و تەسەوفی فارسی، بەڵکو شتێکی باو بووە کە تێیدا خۆشەویستەکان وەسفی یەکتریان کردووە بێ بوونی پەیوەندیەکی هاوڕەگەزبازی.
پاشان لەنێو چوارچێوەی ئیسلامدا، ئەم دوو مرۆڤە کەسانێکی خوێنەوار بوونە بە ئیسلام و خواپەرست و عارف بوونە، ڕۆمی سوننیەکی حەنەفی مەزهەب بووە و شەمسیش سوننیەکی شافعی مەزهەب بووە، وە ڕۆمی خێزاندار بووە کاتێ شەمسی ناسیوە، پاشان دواتریش ڕۆمی کیمیای هێناوە بۆ شەمس (ئەمانە دیسان هۆکارن کە بۆچی ئەو تۆمەتە نەشیاوە).
وە پاشان ئیبراهیم گەمەرد ئاماژە بەوە دەدات ئەتوانین لە پەیوەندی ئەم دوو مرۆڤە بەم شێوە تێبگەین لە نێو چوارچێوەی تەسەوف و فەنادا، کە خۆشەویستی و گوێڕایەڵبوونێکی زۆر هەیە لە قوتابیدا بۆ مامۆستاکەی، لەم ڕوانگەشداوە مەولانا چەندین شعری بۆ شەمس نوسیوە. ئەم خۆشەویستیە بە شێوەیەکە کە قوتابی مامۆستاکەی هەمیشە لە هۆش و خەیاڵی دەبێت و لە شتەکان و دڵیدا ئەیبینێت، جا بۆیە شەمس پێشنیار ئەکات بۆ ڕۆمی کە ئەو دەڕوات تا وەکو ڕۆمی زیاتر گەشە بکات. جا کاتێک شەمس بەتەواوی دەڕوات، و ڕۆمی تووشی خەم دەبێت پاش چەند ساڵێک دەوترێت ڕۆمی، شەمسی لەدڵیدا دۆزیەوەتەوە و چەندین شعری تر ئەنوسێ کە لە کەمێکیاندا ئاماژە ئەدات بە شەمس، ئەمەش هێمایەکە بۆ گەشەی ڕۆمی.
پاشان خاڵێکی تر کە ئەبێت بیزانین، لە تەسەوفی ئیسلامیدا دەروێشەکان کاتی زۆر بەیەکەوە بەسەر ئەبەن بۆ نمونە لە زیکر و عیبادەتەکاندا، وە ئیبراهیم ئاماژە بەوەدەدات گەرچی هاوڕەگەزبازی حەرامە بەڵام هەندێ جار ڕوویداوە لەنێوان پیاوان و کوڕان. جا بۆیە خودی مەولانای ڕۆمی و باوکی و شەمسیش ئیدانەی ئەو کارەیان کردووە کە کەسانێک دووچاری بوون لە نێو تەسەوفدا.
مەولانا لە چەندین شوێن لە مەسنەویدا ئاماژە بەوە دەدات کە هاوڕەگەزبازی کارێکی نەشیاوە و ئەبێت دووربین لێی وەکو (V:363-64)، وە پێنج جار لە مەسنەویدا ئاماژە دەدات بە چارەنوسی قەومی لوت کە قورئان باسی کردووە.
پاشان پرۆفیسۆر فرانکلین لویس کۆتای بەو تۆمەتە دێنێت بەتەواوی لە کتێبە ناوازەکەیدا لەسەر ڕۆمی بەناوی
Rumi-- Past and Present, East and West: The Life, Teachings and Poetry of Jalâl al-Din Rumi
کە دەڵێت ڕۆمی کاتێک شەمسی ناسیوە تەمەنی 37 ساڵ بووە، شەمسیش 60 ساڵ بووە. هیچ یەکێک لەم دوانە کە شوێنکەوتەی پەیامبەربوونە ئامادە نەبووە تێوەبگلێ لە کاری هاوڕەگەزبازی و خۆی بخاتە ژێر کەسێکی تر بۆ کاری نەشیاو، بەتایبەتیش کە ئەو جۆرە مرۆڤانە بە کەسانێکی نزم سەیرکراون و دووچاری تەنانەت سزاش بوونەتەوە. وە تێڕوانینی کلتور و ژینگەی ڕۆمی و شەمس پێچەوانەی ئێستا و بەتایبەت ڕۆژئاوا بووە لەسەر هاوڕەگەزبازی و ئەو جۆرە پەیوەندیانە.
وە فرانکلین لویس دەڵێت: ئەو پێشنیارەی کە دەڵێت ڕۆمی و شەمس پەیوەندی جەستەی و هاوڕەگەزبازیان هەبووە بەتەواوی هەڵەتێگەیشتنە لە چوارچێوەی ڕۆمی و شەمس. ڕۆمی پیاوێکی چل ساڵ کە خەریکی تەسەوف و دراساتی ئیسلامی بووە، و شوێنکەوتەی پەیامبەر بووە، هەرگیز ڕێی نەداوە خۆی بخاتە ژێر دەستی پیاوێکی شەست ساڵی وەکو شەمس کە کاری نەشیاوی لەگەڵ بکات، کە دیسان شەمسیش وەکو ڕۆمی شوێنکەوتەی پەیامبەر بووە و ڕەتی کردوەتەوە خودا بپەرستێ لەڕێی جوانی بەشەرەوە. ڕۆمی هێمای هۆمۆئیرۆتیکی بەکارهێناوە لەشعرەکانیدا بۆ شەمس بەڵام ئەمە تەنها بەکارهێنان و تەقلیدێکی تەمەن سێ سەد ساڵی شعر بووە لە ئەدەبیاتی فارسی.
پاشان لە کۆتایدا ئیبراهیم گەمەرد ئاماژە بەوە دەدات شەمس باسی خۆی و ڕۆمی کردووە و کە بەتەنها بوونە و دوور بوونە لەوەی کارێکی هاوشێوەی هاوڕەگەزبازی ئەنجام بدەن.
ئەگەر پوختەی ئەم بابەتە بکەم لە چەند خاڵێک بەم شێوەیە:
1. هیچ بەڵگەیەک بوونی نییە کە ڕۆمی و شەمس پەیوەندی هاوڕەگەزبازیان هەبووبێت.
2. ڕۆمی و شەمس کەسانێکی بە ئاگابوونە لە دراسات و شەرع و ڕۆحی دینی ئیسلام و خۆیان بە شوێنکەوتەی پەیامبەر د.خ زانیوە، بۆیە نەشیاوە کارێکی وایان ئەنجام دابێت.
3. هەندێ هێما و دەربڕین لە شعر و ئەدەبیاتی فارسی شتێکی باو و ئاسای بووە و ناکرێت ئەمڕۆ کە هاوڕەگەزبازی باوە بەزۆر تەفسیرێکی تریان بۆ بکەین.
4. ئەو کەسانەی لە ڕابردوو پەیوەندی وایان هەبووبێ وەک کەسانێکی نزم سەیرکراون و تەنانەت ڕووبەڕووی سزاش بوونەتەوە.
5. وە لە تەسەوف یان هەندێ ڕێگای تەسەوفدا خۆشەویستی زۆر هەیە لەنێوان قوتابی و مامۆستا وە دەروێش و قوتابیەکان کاتێکی زۆر بەیەکەوە بەسەردەبەن، وە لە کۆمەڵگای موسوڵمانەکان تا ئەمڕۆش ئاسای سەیرئەکرێن کە دوو پیاو باوەشی یەک بکەن یان قۆڵ بکەن بەقۆڵی یەکدا بەڵام لە ڕۆژئاوای ئەمڕۆ ئەم شتانە تەفسیرێکی هاوڕەگەزبازانەی بۆ دەکەن و لە کۆمەڵگای ئەواندا شتانێکی ئاسای نین.
6. خودی شەمس و ڕۆمی و باوکیشی ئیدانە و نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەبارەی ئەو کەسانەی کە دوورچاری هاوڕەگەزبازی بوونە.
سەرچاوەکان:
نوسینەکەی ئیبراهیم گەمەرد
https://www.dar-al-masnavi.org/rumi-shams.html
کتێبەکەی فرانکلین لویس
Lewis, F. D. (2014). Rumi - past and present, East and west the life, teachings, and poetry of Jalâl al-Din Rumi. Oneworld Publications.
Comments
Post a Comment