بەندبوونیی لۆجیک لەسەر سێ کرداری عەقڵ
بەندبوونیی لۆجیک لەسەر سێ کرداری عەقڵ
لۆجیک بە سادەیی بریتیە لە تێفکرینی دروست. وە کەرستەیەکی مەعریفەیە. وە بۆ ئەوەی ئارگومێنتێکی لۆجیکی بەرهەم بێت، سێ کرداری عەقڵ دەبێتە بێنە جێ، ئەوانیش:
1. تێگەیشتنێکی سادە
2. بڕیاردان
3. تێفکرین
1. تێگەیشتنی سادە
مرۆڤ سەرەتا بیرۆکە concept وەرئەگرێت ئەویش لە ڕێی زانینی سروشتی شتەکەوە، پاشان بۆ ئەو بیرۆکە چەمکێک دائەنێت. بۆ نمونە کاتێک باس لە سێو دەکەین، گرنگ نییە ئەم سێوانە لە کوێ و کەیدان و چۆنن، مرۆڤ ئۆتۆماتیکی دەزانێت سێو چییە. وە کاتێک وشەیەک دائەنێین بۆ ئەو بیرۆکانە لە لۆجیکدا پێی دەوترێت چەمک. وە گرنگ نییە بیرۆکەیەک چ چەمێکێکی جیاوازی بۆ بەکاردێنین لە زمانە جیاوازەکاندا، بۆ نمونە بە ئینگلیزی دەڵێین apple و بە کوردیش ئەڵێین سێو، گەرچی چەمکی جیاوازن ئەوا هەردووکمان یەک بیرۆکەمان دێتە خەیاڵ کە ئەویش سێو بوونە. جا لەمەوە تێدەگەین بیرۆکەکان شتانێکی کولین universals وە خاوەنی چەند تایبەتمەندیەکی پێویستی و نەگۆڕن، کە دەڵێین پێویست واتا بێ ئەو تایبەتمەندیانە مانایەکیان نامێنێت. بۆ نمونە کاتێک دەڵێین چوارگۆشە، ئەوا بەناچاری دەبێت چوار گۆشەی هەبێت نەوەکو سێ گۆشەی هەبێت. وە خاڵێکی گرنگی ئەم بابەتە ئەوەیە، جێگیری و توانای پێشبینی کردنی مەعریفەمان بەندە لەسەر سروشت و نەگۆڕی شتەکان، بۆ نمونە مادام من بۆنێکی گوڵی دیاریکراو ئەزانم، ئەوا ئەزانم بەهاری داهاتوو چ بۆنێکی دەبێت ئەم گوڵە بێ ئەوەی بچم گوڵ بە گوڵ هەموویان بۆن بکەم. جا تەواوی ئەم پرۆسە بەرهەمهێنانی بیرۆکە و پێناسەی چەمکەکان پێی دەوترێ تێگەیشتنێکی سادە. وە خودی ئەم پرۆسەیە هیچمان پێ ناڵێت دەربارەی ڕاستی و دروستی ئەو شتەی بەرهەمی دێنێت بەڵکو تەنها عەقڵمان بیرۆکەکان دروست ئەکات پاشان چەمکیان بۆ دائەنێت، وە ئەمەش یەکەم کرداری عەقڵە.
2. بڕیاردان
کاتێک هەنگاوی یەک جێبەجێ بوو، ئەوا هەنگاوی بڕیاردان دێتە پێشەوە، ئەویش بریتیە لە کۆکردنەوەی دوو بیرۆکە یان زیاتر بەیەکەوە یان جیاکردنەوە دوو بیرۆکە یان زیاتر لەیەکتر. بۆ نمونە دەڵێم ئەم سێوە شیرینە یان ئەم سێوە سوور نییە. دەبینیت بیرۆکەی سێو و شیرینی کۆبوونەتەوە یان بیرۆکەی سێو و سووری جیابوونەتەوە. بۆیە لەم هەنگاوە ئێمە خەبەر proposition ئەدەین، وە خەبەریش ڕاست و هەڵەبوونی بەسەردا جێبەجێ دەبێت، لەکاتێکدا لە هەنگاوی ڕابردوو چەمکەکان ڕاست و هەڵەبوونیان بەسەردا جێبەجێ نەدەبوو.
3. تێفکرین
ئەم چەمکە مەبەستم لێی reasoning ە، کاتێک هەندێک پێشەکیت دەبێت لەو پێشەکیانەوە دەگەیت بە دەرئەنجامێک. جا گرنگ نییە ژمارەی پێشەکییەکان ئەکرێت دانەیەک بێت یان زیاتر. بەگشتی دوو جۆر تێفکرینمان هەیە دیدەکتڤ و ئیندەکتڤ. لە دیدەکتڤ گەربێت و پێشەکییەکان ڕاست بن ئەوا بێگومان دەرئەنجامەکەش ڕاست دەبێت، لە پێشەکی گشتیەوە دەچێت بۆ دەرئەنجامی تایبەت، بەڵام لە ئیندەکتڤدا دەرئەنجامەکە تەنها لەڕووی ئەگەرییەوە ڕاستە واتا دڵنیایی تێدا نییە بە مانایەکی تر لە پێشەکی تایبەتەوە دەرئەنجامێکی گشتی ئەدەیت.
نمونە بۆ ئیندەکتڤ:
1. ئەم قازە سپیە.
2. ئەو قازەش سپیە.
3. ئەو قازانەی دیومن سپین.
4. کەواتە، قازەکان هەموویان سپین.
ئەبینیت لە کۆمەڵە داتایەکەوە گشتاندم کردووە، وە دەرئەنجامەکە دڵنیای تێدا نییە بەڵکو تەنها ئەگەرییە.
نمونە بۆ دیدەکتڤ:
1. مرۆڤ نەمر نییە.
2. سوقرات مرۆڤە.
3. سوقرات نەمر نییە.
لەم ئارگومێنتەدا مادام پێشەکی یەک و دوو ڕاست بن ئەوا بەدڵنیایەوە دەرئەنجامەکەش ڕاستە.
جا لێرەدا دەبێت جیاوازی بکەین لەنێوان ئارگومێنتی ساغ/ناساغ لەگەڵ ڕاست/هەڵە. وشەی ساغ و ناساغ بۆ ئارگومێنتەکە بەکاردێت کە ئایا دەرئەنجامەکە لە پێشەکییەکانەوە دێت یان نا، پەیوەندی نییە بە ڕاست و دروستی پێشەکییەکان وەک ئەم نمونە:
1. بەفری لێیە لە ئالاسکا.
2. ئالاسکا بەشێکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان.
3. کەواتە بەفر سپیە.
ئەم ئارگومێنتە ناساغە چونکە دەرئەنجامەکە لەو پێشەکیانەوە بەدەست نایەت، بەڵام لەڕووی ڕاستبونەوە پێشەکیەکان و دەرئەنجامەکە ڕاستن.
لە بەرامبەردا ئارگومێنتی ڕاست ئەوەیە کە هەم پێشەکییەکان ڕاست بن وە هەم ئارگومێنتەکە ساغیش بێت وەکو ئەو نمونەی سوقرات کە مرۆڤ نەمر نییە و سوقراتیش مرۆڤە، کەواتە سوقراتیش نەمر نییە.
جا ئەو بەشەی لۆجیک کە مامەڵە دەکات لەگەڵ ڕاست و دروستی خەبەرەکان پێی دەوترێ material logic. ئەو بەشەشی مامەڵە دەکات لەگەڵ ڕێکخستن و پێکهاتەی ئارگومێنتەکان پێی دەوترێ formal logic.
سەرچاوە:
Sullivan, S. M. (2006). An introduction to traditional logic: Classical reasoning for Contemporary Minds. Booksurge Pub.
Comments
Post a Comment