وەڵامی گومانی باران بارین و ڕەگەزی کۆرپەلە لە قورئان
وەڵامی گومانی باران بارین و ڕەگەزی کۆرپەلە لە قورئان
بەشێکی ئەو ڕەخنانەی لە ئیسلام دەگیرێن - وەک ئەوەی دەوترێت نوسەری قورئان هەڵەی کردووە لە هەندێ بابەتی زانستی سروشتی و پزیشکی - لەسەر ئەو گریمانە بنیاتنراوە کە خەڵکی سەردەمی وەحی دانەیەکیان تێدا نەبووە ئەقڵی پێبشکێت و هەڵەکە دەستنیشانبکات. بێگومان ئەمەش گریمانەیەکی هەڵەیە.
بۆ نمونە، ئەوترێت نوسەری قورئان بارانبارین و ڕەگەزی کۆرپەلەی پەیوەست کردووە بەوەی تەنها خودا ئەیزانێت، بەڵام ئەمڕۆ بە هۆی تەکنەلۆجیاوە ئێمە ئەزانین وەک مرۆڤ و تایبەت نییە بە خودا، بۆ نمونە وەکو ئامێری سۆنەر.
جا لێرەدا ئەگەر مانای ئایەتەکان بەو شێوە بێت کە گومانکار وێنای دەکات، کە بریتیە لەوەی قورئان دەڵێت بەس خوا ئەزانێت ڕەحمی ژن چ ڕەگەزێکی تێدایە، یان باران کەی ئەبارێت، ئەوا ئەمە زۆر ئاسان بوو بۆ بێباوەڕانی سەردەمی وەحی کە بەهەڵەی بخەنەوە، ئەوەندە بەس بوو کە سکی ژنێک هەڵبدڕن و بڵێن فەرموو ئەوەتا کۆرپەلەکە نێریە یان مێ. بەڵام بێباوەڕی سەردەمی وەحی تێگەیشتوون لە ئایەتەکە کە باسی چی دەکات، هەربۆیە بەرهەڵستیان نەکردووە لەدژی.
ئێستا بابێینە لای ئایا بەس خوا ئەزانێت ڕەگەزی منداڵ لە ڕەحمی ژن؟
د. نوح علی سلمان بەم شێوە وەڵام دەداتەوە:1
1. لە زماندا جیاوازی هەیە لە نێوان (من) و (ما)، من بۆ عاقڵە، و ما بۆ غەیری ئاقڵە: وە تەحەددی خواش ئەوەیە کە بزانرێت ما في الارحام، ئەمەش ڕەگەزی نێر و مێ دەگرێتەوە، شەقەواتبوون و دڵخۆشبوون دەگرێتەوە، دەوڵمەندی و هەژاری دەگرێتەوە، ساڵحبوون و خراپەکاری دەگرێتەوە، و چەندین شتی تر کە بەس خوای ئەزانێت.
2. خوای گەورە بەبێ نێوەند ئەیزانێت، بەڵام مرۆڤ بە هۆی نێوەندێکەوە دەیزانێت، بۆ نمونە ئەگەر خەڵکی بەهۆی مۆبایلەوە بزانێت چی ڕوویداوە لە وڵاتێک و پاشان بانگەشەی غەیب بکات و بە کەسانی دەوری بڵێت دەربارەی، ئەوا ئەمە پێی ناوترێ زانینی بە غەیب چونکە بەهۆی نێوەندێکەوە زانیویەتی.
غەیب بریتیە لەوەی بەڵگەی لەسەر نییە هەروەکو ئیمامی نەسەفی فەرموویەتی. 2
جا بۆیە ئەو زانستەی مرۆڤ لەڕێی وەحی یان ئەزموونەوە بەدەستی دێنێ ناکەوێتە ژێر غەیب چونکە نێوەند هەیە و ئەم ئایەتە ناگرێتەوە.
وە زانستی خوداش ئەکرێت دوو پۆلێن:
1. علمی غەیب: ئەو علمەیە کە بەدەست نەهاتووە لەڕێی نێوەندەوە.
2. علمی موحیط: ئەو علمەیە کە هەموو شتێکی بەوپەڕی وردەکاریەوە گرتوەتەوە.
علمی مرۆڤیش هیچیان نییە لەو دوانە، هەمیشە کاتێک شتێک ئەزانین لەڕێی شتی ترەوە ئەیزانین واتا نێوەندمان پێویستە، تەواوی زانستی سروشتی و پزیشکیش بەم شێوە کارئەکات.
جا دۆزینەوەی ڕەگەزی منداڵ بەهۆی سۆنار لە زانستی غەیب نییە چونکە بەهۆی نێوەندێکەوە دەزانرێت، وەک ئەوەیە کەسێک سکەکە لەت بکات و بزانێت چی لە ڕەحمدایە....
چی دەربارەی باران بارین؟
1. یەکەم شت ئەوەی ڕوونە، پێشبینی کردنی کەش و هەوا تەنها لەسەر ئەگەریات بەندە نەک یەقین.
2. وە ئایا ئایەتەکە دەڵێت کەس نازانێت باران کەی دەبارێت؟
بێگومان نەخێر، چونکە مرۆڤی دێرین و تەنانەت پێش وەحیش هەندێ ڕێگای ئەگەرییانەیان لەبەردەم بووە بۆ پێشبینی باران بارین. بڕوانە ئەم توێژینەوەیە کە چۆن عەرەب پێش ئیسلام پێشبینی باران بارینیان کردووە، هەر بۆیە کارێکی گەمژانەیە پێمان وابێت نوسەری قورئان خۆی توشی ئەو مەترسیە کردبێت کە بە ئاسانی خەڵک بەهەڵەی بخاتەوە.3
3. بگەڕێوە بۆ خاڵی دووەم دەربارەی گومانی یەکەم، بەوەی کە زانستی مرۆڤ نێوەندی پێویستە و بە غەیب دانانرێت.
کورتەی قسە ئەوەیە، ئەگەر تێگەیشتنی کەسی گومانکاری ئەمڕۆ ڕاست بێت بۆ ئایەتەکان ئەوا بێباوەڕانی کۆن زۆر بە ئاسانی ئەیانتوانی قورئان کۆتای پێبێنن و بەهەڵەی بخەنەوە، وە ئەوەی قورئان دەیڵێت شتێکە لە بنچینەدا بەند نییە لەسەر تێپەڕینی کات و تەکنەلۆجیا، هەر بۆیە کارێکی هەڵەیە کەسی گومانکار پێی وابێت تەکنەلۆجیا بەهەڵەی دەخاتەوە.
1. "فتاوى الشيخ نوح علي سلمان" (فتاوى تفسير القرآن/ فتوى رقم/14).
2. https://www.academia.edu/resource/work/5224412
3. ALFAJJAWI, O. A. (2020). Integrated knowledge in the pre-islamic era:’anwa’’ meteorologıcal observations and rain’s prediction as a model. International Journal of Language and Education Research, 2(2), 41–49.
Comments
Post a Comment