ئایا خودڕامان کەرستەیەکی باشە بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتی هۆشی مرۆڤ؟



ئایا خودڕامان کەرستەیەکی باشە بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتی هۆشی مرۆڤ؟


خودڕامان-introspection بریتییە لەو بە ئاگابوونە ڕاستەوخۆیەت کە دەربارەی شتەکان هەتە، وەکو فکرەکانت، هەستەکانت، ئەزموونەکانت.
بۆ نمونە تۆ قاوە دەخۆیتەوە، ئەزموونی قاوەخواردنەوەکە شتێکه ڕاستەوخۆ دەیزانیت و خۆت ئەیچێژیت، واتا بەخوداڕامان ئەزانیت قاوە ئەخۆیتەوە. یان ئەم وشانە کە ئەیانخوێنیتەوە، ئەم ئەزموونە بە خودڕامان دەیزانیت.

جا پرسین ئایا ئەمە کەرستەیەکی باشە بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت دەربارەی هۆش و ئاگایی؟
وەڵامەکە بەپێچەوانەی هەندێ فەیلەسوف بەڵێیە، بۆ پشاندانی وەڵامەکەش فەیلەسوف جۆشوا ڕاسموسن سێ خاڵ ئاماژە پێدەدات:

1. ئەم خاڵە پێناسەدانە بە خودڕامان کە لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە.

2. ڕاسموسن لەم خاڵەدا دەڵێت ئەبێت بزانین ئێمە دەڵێین، ئەکرێت خودڕامان تووشی هەڵەمان بکات.
واتا ئێمە هاوڕاین هەندێ جار هەڵەدەکەین، بۆ نمونە بەهەڵە شتێکت بیرکەوێتەوە کە تۆزێک لەمەوپێش بیرت لێکردوەتەوە.
بەڵام ئەم هەڵانە لە خودڕامان بەندن لەسەر دەرئەنجامدانی هەڵە-دەرئەنجامدانێک کە بازی دابێت بەسەر ئەو ئەزموونەی لە خودڕامانەوە دەستمان کەوتووە، نەوەک کێشەکە خودڕامان بووبێت.

بۆ نمونە وادابنێ، تۆ شەشپاڵوویەکی ڕەساسی دەبینیت، ڕوویەکی تاریکترە لە دوو ڕووەکەی تر، کە ئەیانبینیت. ڕەنگە ئەو دەرئەنجامە بدەیت کە ئەزموونی بینینت، شەشپاڵووی ڕەساسی کاڵ پشاندەدات کە ڕوویەکی لە سێبەردایە، بەڵام ڕەنگە ئەم فکرە هەڵەبێت. وادابنێ ڕووناکییەکە چاک دەکەیت و شەشپاڵووەکە دەسوڕێنیتەوە بە شێوەیەک کە ئەزموونی ڕەساسیت دەگۆڕێت کەمێک. ئەم گۆڕانە لە ئەزموونت ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی باوەڕبکەی کە شەشپاڵووەکە لە ڕاستیدا ڕەساسی تاریکە لەبابەتی ڕەساسی کاڵ. ئێستا ڕەنگە بڵێیت باوەڕی سەرەتام هەڵەبوو. هەڵەکە لێرەدا لە باوەڕت نەبوو کاتێک ئەزموونێکی دیاریکراوت کرد، بەڵکو لەو دەرئەنجامدانەی کە ئەو ئەزموونە ئەکرێت چیمان پێبڵێت.

3. خودڕامان ئەوەنە بنەماییە بووەتە سەرچاوەی زۆربەی ناوەڕۆکی هۆشمان وەک فکرەکانمان، هەستەکانمان، و ئەزموونەکانمان، و بە شێوەیەکە بۆ خودی گومانخستنە سەر خودڕامان ئەبێت باوەڕمان بە خودڕامان بێت.

لێرەدا دووچاری ”کێشەکەی تاریکی-the darkness problem“ ئەبین، کە بە سادەیی بریتیە لەوەی بەبێ خودڕامان ناتوانیت گومان بخەیتە سەر خودی خوڕامان.

بۆ ئەوەی باشتر بگەین لەمە وادابنێ کەسێک ئارگومێنتێکت پێشکەش دەکات لە دژی پشتپێبەستن بە خودڕامان. وە وادابنێ ئارگومێنتەکە قەناعەتپێکەرە بۆت. ئایا ئێستا دەبێت باوەڕبکەی بە دەرئەنجامەکە، کە خودڕامان شایستەی پشتپێبەستن نییە؟
کێشەیەک هەیە: ئەگەر خودڕامان هەڵەبێت، ئەوا ناتوانیت پشتببەستی بە خودڕامان تاوەکو ئەزموونەکەت بەرامبەر ئەو ئارگومێنتە بناسێنیت.
تەنانەت ناتوانیت بڵێیت ئارگومێنتەکە قەناعەتپێکەر دەرئەکەوێت بۆم، چونکە ئەو هەستە خودڕامان بەرهەمی دێنێت. هەستەکانیشت لە تاریکیدا ئەبن. بەبێ ڕووناکی خودڕامان شتەکان زۆر تاریک ئەبن، بەشێوەیەک تەنانەت نەتوانی بزانیت تۆ لە تاریکیدایت.

پاشان ڕاسموسن، ئاماژە بەوە دەدات خودی زانست بەندە لەسەر خودڕامان:

کاتێک لێکۆڵینەوەیەکی زانستی ئەکەین، ئێمە تێبینی ئەنجام دەدەین تا گریمانەکان تاقیبکەینەوە. خودڕامان لکاوە بەم کردارانەوە. بۆ ئەوەی ڕاپۆرتی تێبینیەکە بدەیت، کەسێک ئەبێت ئاگایی هەبێت کاتێک تێبینیەکان دەکات. بۆ نمونە ڕەنگە خودڕامان پێویست نەبێت بۆ بینینی گەرمیپێو، بەڵام خودڕامان پێویستە بۆ ئەوەی بزانین کە ئەزموونی بینینی گەرمیپێو دەکەین و دواتریش ئەو ئەزموونەی بیریبکەوێتەوە.
لەوەش زیاتر، بۆ تێستکردنی گریمانەیەک، کەسێک ئەبێت ئاگاداربێت لە دەرئەنجامدانە لۆجیکییەکان لە عەقڵیاندا.
ئەم کردارانەی ئاگایی (کە بە ئاگایت لە تێبینکردن و دەرئەنجامدان) بەندن لەسەر بەئاگابوونت لە دۆخەکانی ناو هۆشت.

ئێستا وادابنێ، توێژینەوەیەکی زانستی ئەڵێت خودڕامان جێگای متمانە نییە، ئایا باوەڕی پێبکەین؟ ڕەنگە بەڵێ متمانە بکەیت بە نوسەرەکان بەڵام کێشەیەکی لۆجیکی بوونی هەیە: توێژینەوەکە خۆبەدرۆهێنەرە.

ئەگەر توێژینەوەکە ڕاستبوایە، ئەوا زاناکان نەیاندەتوانی بگەن بە هیچ ئەزمونێکی خۆیان بۆ ئەنجامدانی تێبینی یان دەرئەنجامدانی لۆجیکی.
ئەزمونەکان و دەرئەنجامدانی لۆجیکی لەبەردەستن بەهۆی خودڕامان. جا بۆیە، بەبێ خودڕامان، زاناکان ناتوانن بڵێن تێبینیمان کردووە یان شیکار، تەنانەت کەس نازانێ تێبینیکردن و شیکارکردن چ مانایەکی دەبێت.
تۆ نەشتدەتوانی بڵێیت ئاخۆ توێژینەوەکەت خوێندوەتەوە یان نا دەربارەی خودڕامان، چونکە ئەزموونکردنی خوێندنەوەی توێژینەوەکە بوونی نەدەبوو بۆت.

بەکورتی بەبێ خودڕامان، ناتوانیت بڵێیت قەت ئەزموونی هیچ شتێک ئەکەیت.
هەر بۆیە کەرستەیەکی متمانەپێکراوە بۆ بەکارهێنان لەفەلسەفەی ئەقڵ و بابەتی هۆشدا.


سەرچاوە:

Rasmussen, J. L. (2023). Who are you, really?: A philosopher’s inquiry into the Nature and origin of persons. InterVarsity Academic. 

Comments

پڕ بینەرترین بابەتەکان

ئایا ئیبن عەرەبی باوەڕی بە یەکێتی بوون (وحدة الوجود) هەبووە؟ یان هەڵەتێگەیشتنێک لە ئارادایە؟

بنەما بنچینەییەکانی لۆجیک و کوانتەم میکانیک

بۆچی عەقڵ و مێشک هەمان شت نین؟ نەگونجاوی لۆجیک و مادیگەرایی

کێشەی خراپە و وەڵامی ئەشاعیرە بۆی

شیکارێکی ڕەخنەیی لە تێڕوانینی گراهەم ئۆپی دەربارەی بنەمای هۆکارێتی

ئارگومێنتی هەمانبوونی خود بەناو کاتدا بۆ بوونی ڕۆح

کێشەی ویستی ئیلاهی و ئارگومێنتی گەردوونی کەلام

بۆچی ماددە لە ئەوپەڕی ئاڵۆزیشدا ناتوانێت هۆش و ئاگای بەرهەم بێنێت؟

عەقڵ وەکو زەمینەی وەحی لای فەخرەدینی ڕازی

وەڵامی گومانی خەلقی گەردوون لە نێوان شەش و هەشت ڕۆژی قورئاندا