وەڵامی گومانی دەستنووسەکانی سەنعا و دەستکاری قورئان
وەڵامی گومانی دەستنووسەکانی سەنعا و دەستکاری قورئان
یەکێک لەو گومانە بەربڵاوانەی هەیە لە دژی ئیسلام، ئەوەیە ئەو دەستنووسانەی دۆزرانەوە لە سەنعای یەمەن جیاوازیان هەیە لەگەڵ قورئانی ئێستا.
جا لە سێ خاڵی جیاوازەوە ئەو بانگەشەیە بە درۆ ئەخرێتەوە و پشانی دەدەین کە قورئان پارێزراوە و دەستنووسەکانی سەنعای یەمەنیش پشتڕاستکەرەوەی ئەم حەقیقەتەن.
ساڵی 1971 لە مزگەوتێکی سەنعای یەمەن، 12000 پارچە دۆزرانەوە، کە سەر بە 926 موسحەفی قورئان بوون.
هەندێک لەم موسحەفانە بە نزیکەیی تەواو بوون، هەندێکیشان چەند پەڕەیەکیان کەم بوو واتا فەوتابوو چەند پەڕەیەکیان.
هەندێکیان دەگەڕێنەوە بۆ سەدەی یەکەمی هیجری و تەنانەت هەندێکیان دەگەڕێنەوە بۆ دە بۆ پانزە ساڵ پاش مەرگی پێغەمبەری خودا د.خ.
جا یەکێک لەو دەستنووسانە دانەیەکە پێی دەوترێ C-1. جا کاتێک باس لە دەستنووسەکانی سەنعا ئەکرێت عادەتەن مەبەست ئەم دانەیەیە.
ئەم C-1 لەسەر شتێک نوسراوە کە پێی دەوترێت ”palimpsest“ یاخوود بەعەرەبی ”طرس“. ئەم ماددە تایبەتمەندییەکی هەیە ئەویش کاتێک شتی لەسەر ئەنوسی ئەتوانیت بیسڕیتەوە و دیسان شت بنوسیتەوە لەسەری.
جا ئەم دەستنووسە کاتێک لێکۆڵینەوەیان لێکرد، بینیان لەژێر دەقەکان دانەیەکی کۆنتر نوسراوە، واتا سەرەتا ئایەتەکان نوسراوە بەڵام ڕەشکراوەتەوە و جارێتر لێی نوسراوەتەوە. جا بینیان جیاوازی هەیە، ئایەتی جیا، وشەی نادیار و زیادکراو هەیە.
جا ئەمە گەورەکرا لە میدیا و ڕەخنەگرانی ئیسلام وەکو بەڵگەیەک لە دژی ئیسلام بەکاریدێنن و دەڵێن قورئان گۆڕدراوە، بەڵام ئایا وایە؟
بە سێ خاڵ وەڵامی ئەم گومانە ئەدرێتەوە، ئەوانیش:
1. کەلەپوری ئیسلامی.
2. لۆجیک.
3. شایەتی توێژەرەکان کە دەستنووسەکانیان پشکنیوە.
1. کەلەپوری ئیسلامی
1. قورئان کتێبێکە جیل بە جیل لە زارەوە گواستراوەتەوە و شتێک نییە بەند بێت لەسەر دەستنووس و نوسراو. واتا پێویستمان بە نوسراو نییە پێمان بڵێن قورئان چییە.
2. قورئان وەک تێکست و نوسراو بەهێزترین ئاستی پشتڕاستکردنەوەی هەیە. چونکە لە ئیسلامدا زانستێک هەیە بەناوی علم الرجال، ئەم زانستەش ڕێ نادا هیچ کەسێک بە زەوقی خۆی شت بگوازێتەوە و هەر بۆیە لە پێغەمبەرەوە بۆ هاوەڵان و لەمانەوە بۆ شوێنکەوتوان و لەمانیشەوە بۆ جیلەکانی تر بە سەلامەتی قورئان گواستراوەتەوە بە شێوەی تەواتور، بێ ئەوەی مەترسی تێکەڵبوون و بیرچوونەوە و ساختەکاری لە ئارادابێت.
جا ئێستا دەپرسین، ئەم پارچە دۆزراوانە هی کێن؟ لەکوێوە کۆپی کراون؟ ئایا لە هاوەڵان کۆپی کراوە؟ کێ شایەتی ئەدات بۆ دروستێتی نوسەری ئەم پارچە؟ ئایا ناوی خاوەنی ئەم پارچانە چین؟ ئایا هی کەسی گەورەن؟ یان مناڵ؟ هی کەسی فێربوو و قوتابین؟ ئایا تەنانەت هی موسوڵمانە و دۆستە یان دوژمن؟
ئێمە وەڵامی هیچ یەکێک لەم پرسیارانە نازانین دەربارەی ئەم پارچانەی سەنعا. هەر بۆیە بەپێی کەلەپوری ئیسلامی ئەم پارچانە تەنها پارچەیەکی مێژوون و بەهایەکی ئاینییان نییە، چونکە ئێمە قورئان لە سەرچاوەی نادیار وەرناگرین.
2. لۆجیک
1. دەستنووسەکان 926 موسحەف پێکدێنن، 925 یان هەندێکیان بەنزیکەی تەواون و سەد لە سەد وەک قورئانی ئێستان، ئەوەی قسەی لەسەرە تەنها یەک دانەیە کە ئەویش C-1ە. ئایا دادپەروەرییە و ئەقڵێکی ساغ ڕێ دەدات وازبێنین لە 925 دانە و سەرنج بخەینە سەر یەک دانە؟
بۆ نمونە هەزار کۆپی کتێبێکمان هەبێت، 999 وەک یەک بن، دانەیەکیان هەندێ جیاوازی هەبێت، ئایا لۆجیکییە بڵێین ئەوە ڕاستەکەیە و ئەوانی تر هەڵەن؟
بەڵام تەنانەت C-1 یش وەک قورئانی ئێستایە. ئەوە دەقەکەی ژێرەوەیە جیاوازە نەک ئەوەی دواتر نوسراوە لەسەری، ئەمەی دواتر نوسراوە، دیسانەوە سەد لە سەد وەک قورئانی ئێستایە.
2. خاڵێکی گرنگی تر، ئەوەیە ئەم دەستنووسی C-1 لە palimpsest دا نوسراوە، ئەم ماددەش ڕێت دەدا بیسڕیتەوە و دیسان لەسەری بنوسیتەوە، وەکو تەختەی تەباشیر وایە، کە شت ئەیسڕی و دیسان ئەنوسیتەوە.
جا بپرسین ئەمڕۆ کەسێک دەقێکی پیرۆز بنوسێتەوە بە مەبەستی پاراستن، ئەچێت بە تەباشیر بینوسێ؟ یان بە قەڵەم ڕەساس لەسەر وەرەقە؟
بۆیە ئەتوانین دەرئەنجامێکی لۆجیکی بدەین، ئەم دەستنووسەی C-1 بە ئامانجی پاراستن نەنوسراوە، بەڵکو ئامانجی تری لە پشت بووە.
3. ئامانجی تر چی بووە؟
دەستنووسی C-1 بەئەگەرێ زۆر هی قوتابییەک بووە، کە هەوڵی فێربوونی داوە. بەکارهێنانی ئەم جۆرە ماددە شتێکی باو بووە بۆ فێربوون، چونکە ئەتوانی بیسڕیتەوە و شت ڕاستبکەیتەوە یان مامۆستاکەت بۆت ڕاستبکاتەوە.
پاشان ئەم دەستنووسە کە بەراوردی ئەوانی تری ئەکەیت، ئەبینیت لارولەوێرتر نوسراوە و ئەوان ڕێک نوسراون، ئەمیش دیسان ئەو تەفسیرە بەهێز دەکات کە ئەکرێت هی منداڵێک یان قوتابییەک بووبێت.
هۆکارێتی تری بەهێز، کە پێمان دەڵێت ئەم دەستنووسە هی قوتابی بووە، ئەوەیە لە سورەتی تەوبە بە بسم الله دەستیپێکردووە، و لە نزیکەوە نوسراوە مەڵێ بسم الله. کە ئەمەش بەڵگەیە کەسێک هەڵەی ڕاستکردووەتەوە بۆی، چونکە سورەتی تەوبە بسم الله نییە یاخوود ئەکرێت خۆی هەڵەی ڕاستکردبێتەوە و بەخۆی وتبێت.
وە هۆکارێکی تر، ئەوەیە مورادفی-synonym بۆ وشە قورئانیەکان داناوە و دواتر ڕاستی کردوونەتەوە بەبێ سڕینەوەی مرادفەکان بە تەواوی، وەک سورەتی نور ئایەتی 31 کە وشەی الولدان داناوە و ڕاستیەکەی وشەی الطفل ە.
واتا ئەم دەستنووسە، تێبینی و ڕاستکردنەوەی هەڵە و هەڵەی بیرچونەوە و هەڵەی تایپی تێدایە، کە بەڕوونی پێمان دەڵێت ئەمە هی قوتابییە و بۆ فێربوون نوسراوە. جا ئێستا بپرسین ئێمە قورئان لە دەستنووسێکی وا وەرئەگرین؟
4. لە ئینتەرنێت چەند وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە کە بەحساب ئەم قورئانەی ئێستا و قورئانی ئەو دەستنووسە جیایە. بەڵام بپرسین ئەم دەقە تەواوکراوانەی دەستنووسەکە لە کوێوە هێنراوە، لە کاتێکدا بەحاڵ دیارە وشەکان لە دەستنوسەکەدا؟ وەڵامەکە ئەوەیە لەسەر بنەمای پێشبینی خۆیان دەقەکانیان تەواوکردووە چونکە دەستنوسەکان زۆر زەرەریان بەرکەوتوە و وشەکان بە حاڵ دیارن. واتا دەقەکانیان بنیاتناوەتەوە بەڵام لەسەر بنەمای ئەقڵ و پێشبینی خۆیان.
3. شایەتی توێژەرەکان
ئەمە کۆتا خاڵە، کە شایەتی توێژەرەکانە دەربارەی دەستنووسەکان.
سەرپەرشتاری گشتی ئەم توێژینەوەیە قازی ئەکوەع بوو، لەم توێژینەوەشدا سێ توێژەری ئەڵمانی ناموسوڵمان بەشداربوون.
یەکێکیان ڕۆژهەڵاتناسێکە بەناوی گێرد پوین، بانگەشەی ئەوەی کرد قورئان دووچاری گۆڕان بووە، تەنانەت قورئان پێش ئیسلام هەبووە.
بەڵام توێژەرێکی تریان بەناوی گرێگەر شولەر وەڵامی گێرد پوینی دایەوە لە نامەیەکدا بۆ سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە و تێڕوانینی خۆی وت. لە نامەکەدا دەڵێت هیچ جیاوازیەک نابینمەوە لە دەستنووسەکانی سەنعا و قورئانی ئێستا.
توێژەرێکی تریان بەناوی ئۆرسولا دریبهۆز، دیسانەوە هاوڕابوو کە قورئان دووچاری گۆڕان نەبووە و دەڵێت:
بەپێچەوانەی ئەو دیعایانەی هەن، ئەبێت بوترێت بە دووپاتی و دڵنیاییەوە کە هیچ هەمەجۆرییەک بوونی نییە لەناو دەقەکانی ئەو پارچە قورئانانەی کە لە مزگەوتی سەنعا دۆزراونەتەوە.
لە پاش ماوەیەک، خودی گێرد پوین، نامەیەکی نارد بۆ قازی ئەکوەع، و لە قسەی ڕابردووی پەشیمان بووەوە و دووپاتی کردەوە دەستنووسەکانی سەنعا جیاواز نین لە قورئانی ئێستا.
واتا کورتەی بابەت ئەوەیە، ئەو گومانانەی دامەزراون لەسەر ئەم دەستنووسانەی سەنعا بەندن لەسەر ئەو دەستنووسەی پێی دەڵێن C-1 کە بریتیە لە دەستنووسێک کە لە palimpsest دا نوسراوە و هی قوتابیەک بووە و سەعی تێداکردووە. هەر بۆیە گومانەکان هیچ حەقیقەتێکیان نییە.
بەڵام کاتێک هەندێ مرۆڤ بڕیار ئەدەن شتێک هەڵەیە، ئامادەی ئەوەن پێچەوانەی واقع و لۆجیکش بوەستنەوە تا قسەی خۆیان سەربخەن، ئەمەش حاڵی هەندێ لە ڕەخنەگرانی ئیسلامە.
سەرچاوە:
ئەم بابەتە ئەتوانی وەک وەرگێڕانی ئەم ڤیدۆیە ببینی، کە سەرچاوەی زانیارییەکانی ئەم بابەتەی لە وەسفی ڤیدۆکە داناوە:
Comments
Post a Comment