وەڵامی گومانی ڕۆژووگرتنی وشک - بێ ئاو خواردنەوە لە قورئاندا
وەڵامی گومانی ڕۆژووگرتنی وشک - بێ ئاو خواردنەوە لە قورئاندا.
بەشێک لە ناحەزانی ئیسلام کە دەبینین توێژینەوە بە دوای توێژینەوە سوودەکانی ڕۆژووگرتن دەدۆزنەوە بۆ تەندروستی مرۆڤ و پاراستن لە نەخۆشیگەلێک وەکو شێرپەنجە، ئاراستەیان گۆڕیوە بۆ لای گومانێکی تر، دەڵێن ڕۆژووگرتنی وشک خراپە یاخود بێ سوودە، کە تێیدا ئاویش ناخورێتەوە. بەم کارەش مەبەستیان لێدانە لە فەرمانە قورئانییەکە کە مانگی ڕەمەزانی داناوە بۆ ڕۆژووگرتن لە نوێژی بەیانیەوە تا نوێژی مەغریب و نابێت هیچ بخۆیت و بخۆیتەوە.
لە وەڵامدا دوو خاڵە ئاماژە پێدەدەین کە یەکێکیان توێژینەوەیەکی زانستیە کە پشتگیری دەکات لە ڕۆژووگرتنی وشک.
خاڵەکەی تریش حەقیقەتێکیە کە دەبێت لە یادمان بێت لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی بەشێکی بەرچاو لە گومانەکان.
1. ڕۆژووگرتن وەکو پارێزەرێک لەدژی شێرپەنجە
توێژینەوەیەکی سەرنجڕاکێش لە جۆرناڵی Metabolism Open بڵاوکرایەوە ساڵی 2023، کە ئەنجام درابوو لەلایەن توێژەرانی پزیشکی زانکۆی Baylor، کە ئەوە پشان دەدات کە ڕۆژووگرتن لە سەرەتای زەردەپەڕ و شەبەقدا تا کۆتای ڕۆژ و ئێوارە بۆ ماوەی چوار هەفتە لەڕووی anti-atherosclerotic و anti-inflammatory و anti-tumorigenic کاریگەری بەسوودی هەیە لەسەر ئەو پرۆتینانەی هەن لەجۆرێک خانەیی بەرگریدا کە پێی دەوترێت peripheral blood mononuclear cell (PBMC).
توێژەران دەڵێن: بێگومان ئەزانین تێکچوون لە circadian rhythm (کاتژمێرێکی بایۆلۆجی 24 کاتژمێری جەستەیە) پەیوەندی هەیە بە شێرپەنجە و نەخۆشی میتابۆلیکی. ئەم جۆرە ڕۆژووە ئەتوانێت ئەو کاتژمێرە چاک بکاتەوە و بیهێنتەوە دۆخی ئاسای. وە دەڵێن پاش ڕۆژوو بەشداربووەکان پەستانی خوێن و بەرگری لەدژی ئینسولینیان باشتربووبوو.
ئەم تیمە پێشتر ئەنجامی وای دەستکەوتبوو لە سیرەمی خوێنەوە blood serum. وە ئەم توێژینەوەی ئێستاشیان نمونەی لەوەوە وەرگرتبوو کە دراسەیانکردبوو بۆ 14 کەس کە نەخۆشی میتابۆلیکیان هەبووبوو، کۆمەڵە نەخۆشیەکە پەیوەست بە قەڵەوی و بەرگری لەدژی ئینسولین و پەستانی بەرزی خوێن و بەرزی لەجۆرێکی چەوری خوێندا و نزمی لە کۆڵسترۆڵی باشدا.
ئەم نەخۆشیانەش مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی دڵ و شێرپەنجە زیاد دەکەن. بەشداربووەکان مانگی ڕەمەزان بەڕۆژوو بووبوون. وە لەماوەی خواردن و شکانی ڕۆژوویاندا هیچ وەرزشێکیان ئەنجام نەدابوو.
بەشداربووەکان نمونەی خوێنیان دابوو پێش ڕۆژوو گرتن و پاش تەواوبوونی ڕۆژوو و هەفتەیەکیش پاش ئەوەی ڕۆژووگرتن تەواوبووبوو.
وە توێژەران بینیان ئەو پرۆتینانەی پەیوەستن بە atherosclerosis و نەخۆشی دڵ و شێرپەنجە کەمیان کردبوو و بینشیان ئەو پرۆتینانەی ئیلتیهاب و شێرپەنجە دائەمرکێنن زیادیان کردبوو.
توێژەران دەڵێن ئەم توێژینەوەیە گرنگە چونکە توانیمان سوودەکانی ڕۆژووگرتنی شەبەق تا ئێوارە پشت ڕاستبکەینەوە لە ئاستی خانەیدا.
توێژەران بەمەنەش ناوەستن ئومێدیان وایە بەردەوام بن لە توێژینەوە لەڕۆژووگرتنی شەبەق تا ئێوارە و کاریگەری لەسەر نەخۆشی کرۆنیکی میتابۆلیکی و شێرپەنجە.
سەرچاوەی توێژینەوەکە:
https://www.sciencedirect.com/science/article/pii/S2589936822000524?via%3Dihub
توێژینەوەکە بەزمانێ سادە:
https://medicalxpress.com/news/2023-01-dawn-to-dusk-dry-fasting-health-benefits.html
لەم ڤیدۆیەشدا د. بێرگ باس ئەکات لە چەندی سوودی ڕۆژووگرتنی وشک:
https://youtu.be/eZWI1cys4dA?si=rYiSwpSnvVbzxFqK
2. ئەم خاڵە دەبێت هەمیشە لە یادمان بێت کاتێک ڕووبەڕووی بەشێکی بەرچاوی گومانەکان دەبینەوە، ئەویش ڕاستبوونی ئیسلامە بە بەڵگەی سەربەخۆ.
ئەگەر من بزانم بە بەڵگەی سەربەخۆ ئیسلام ڕاستە و پەیامبەر د.خ بەڕاستی پەیامبەری خوایە، ئەوا ئیتر گرنگ نییە وەڵامی هەموو وردەکارییەکم لابێت یان نا، یاخوود گرنگ نییە بەڵگەم پێبێت بۆ هەموو وردەکارییەک.
لێرەدا مادام ڕۆژووگرتن بابەتێکە پەیوەستە بە زانست و بەرەوپێشچوونی زانستی ئەوا گرنگ نییە بەڵگەمان هەبێت بۆ ڕۆژووگرتنی وشک کە باشە بۆ تەندروستی مرۆڤ یان نا، چونکە ئێمە ئەزانین ئیسلام ڕاستە بەبەڵگەی سەربەخۆ کەوابوو ڕۆژووگرتنی وشک حەقیقەت و چاکە.
یاخوود کاتێک دەبینین دەڵێن ڕۆژووگرتنی وشک خراپە، فڵانە توێژینەوە وادەڵێت ئەوا گرنگ نییە، چونکە ئێمە بەڵگەی سەربەخۆمان هەیە کە ئیسلام ڕاستە و توێژینەوەی زانستیش بەندە لەسەر هۆکارگەلێک کە دڵنیایی تێدا نییە هەر بۆیەشە زانست ماوە ناماوە دەگۆڕێت. ئەقڵیش دەڵێت بەڵگەی سەربەخۆی جێگیر ناکرێتە قوربانی شتێک دڵنیایی تیا نەبێت.
Comments
Post a Comment