بیردۆزەکانی حەقیقەت و بەهێزی بیردۆزی موتابەقە



بیردۆزەکانی حەقیقەت و بەهێزی بیردۆزی موتابەقە


ئێمە بەردەوام وەک مرۆڤ دەپرسین چی حەقیقەتە، نەک تەنها بۆ باسە وجودیە گرنگەکان بەڵکو هەر لەکاروباری ئاسای ڕۆژانەشدا، بۆ نمونە دەڵێم "ماسی لە ئاودا دەژی"، چۆن بزانم حەقیقەتە؟

چوار بیردۆزی سەرەکی هەن کە هەوڵی وەڵامدانەوە ئەدەن:
1. بیردۆزی موتابەقە - correspondence theory of truth: قەزیەیەکی دیاریکراو ڕاستە ئەگەر موتابقی واقع بێت، بۆ نمونە "ماسی لە ئاودا دەژی" ئەمە قەزیەیەکی ڕاستە چونکە لە واقعدا ماسی لە ئاودا ئەژی. واتا موتابەقە بوونی هەبێت.

2. گونجاوگەرایی - coherentism: قەزیەیەکی دیاریکراو ڕاستە ئەگەر گونجاوبێت لەگەڵ قەزیەکانی تر کە باوەڕت پێیانە.

3. پراگماتیزم - pragmatism: قەزیەیەک ڕاستە یان هەڵە ئەگەر بێتو کاربکات یان نەیکات. واتا ئەگەر قەزیەیەک سوودی هەبوو و کاری کرد ئەوا ڕاستە.

4. دیفلەیشنیزم - deflationism: دەڵێت حەقیقەت تایبەتمەندیەکی سەربەخۆ نییە، کاتێک دەڵێین "گیا سەوزە' حەقیقەتە" هەر بریتیە لە دووبارەکردنەوەی "گیا سەوزە". واتا وشەی حەقیقەت شتێکی زیادەیە و حەقیقەت سروشتێکی مێتافیزیکی نییە.

جا سەرەتا ئەچمە لای سێ بیردۆزی کۆتایی و بەرهەڵەستی باو لەدژییان پاشان ئەچمە لای بیردۆزی موتابەقە و پشانی ئەدەم بۆچی بەهێزترینیانە:

1. بیردۆزی گونجاوگەرایی ڕووبەڕووی چەند بەرهەڵستیەک دەبێت:
یەکەم: ئەکرێت چەندین قەزیەی گونجاو لەگەڵ یەک بوونی هەبێت، بەڵام پێچەوانەی واقعبن، بۆ نمونە باوەڕبوون بە بیردۆزی فلۆجیستۆن لە کیمیادا کە ئێستا ئەزانین هەڵەیە تەبا بوو لەگەڵ چەندین قەزیەی تر.
یان لە مەنتقدا ئەتوانین لە چەند پێشەکییەکەوە بگەین بە دەرئەنجامێک کە لەواقعدا نەبێت بەڵام لەڕووی گونجاویەوە پێشەکی و دەرئەنجامەکان گونجاوبن.
وەک: هەموو مەنتیقزانێک دەوڵەمەندە، زەید مەنتیقزانە، کەواتە زەید دەوڵەمەندە.
ئەم پێشەکی و دەرئەنجامانە گونجاون بەیەکەوە بەڵام لە واقعدا ڕاست نییە.

دووەم: ئەم تێڕوانینیە پێشگریمانەی ڕاستبوونی یاساکانی لۆجیک و بیرکاری دەکات، بۆ نمونە قەزیەیەک بۆ ئەوەی گونجاوبێت لەگەڵ ئەوانی تر ئەبێت پابەندی یاسای کۆنەبوونەوەی دژبەیەکی بن، ئەگەر نا مانایەک نامێنێت بۆ گونجاوێتی. بەڵام ئەم بیردۆزە دەبوو ڕاستێتی یاساکانی لۆجیکیش لێکبداتەوە نەک پێشگریمانەیان بکات هەر بۆیە ئەم بیردۆزە ناتوانێت هەموو شت لێکبداتەوە.

2. بەرهەڵستی لەدژی بیردۆزی پراگماتیزم.
بەپێی ئەم بیردۆزە ا ڕاستە مادام سوودی هەبێت، بەڵام چی ئەگەر شتێکی هەڵە سودی هەبوو؟ بۆ نمونە بەهۆی بیردۆزی فلۆجیستۆن چەند توخمێکی کیمیای دۆزرانەوە بەڵام دواتر خودی بیردۆزی فلۆجیستۆن دەرکەوت هەڵەیە. هەر بۆیە هەرشتێک کاربکات یان سوودی هەبێت مانای ڕاست بوونی نییە.

3. بیردۆزی دیفلەیشنیزم دەڵێت حەقیقەت سروشتێکی مێتافیزیکی نییە و وشەی ڕاستە بخەیتە لای قەزیە هیچ شتێکی بۆ زیاد ناکات، جا ئەمە دووچاری ئەم بەرهەڵستیە دەبێت:

ئەم بیردۆزە شکست دێنێت لەوەی کە بتوانێ پشانی بدات قەزیەکان ڕاستن لەبەر ئەوەی موتابەقەی واقعن.
بۆ نمونە "قەزیەی گیا سەوزە' ڕاستە"، یەکسان نییە بە "گیا سەوزە" چونکە لە جیهان و واقعدا گیا سەوزە لەبەر ئەوە نییە قەزیەکە ڕاستە بەڵکو ئەوە قەزیەکەیە بەندە لەسەر جیهان، واتا قەزیەکەیە ڕاستە چونکە لە جیهاندا گیا سەوزە. قەزیە بەندە لەسەر واقع.


4. بیردۆزی موتابەقە بەهێزترینە چونکە ئەگەر بڵێین ا ڕاستە وەک وتنی "گیا سەوزە" ئەوا دەبێت سەیری واقع بکەین بزانین گیا چ ڕەنگە، گەر سەیری واقع نەکەیت چارەیەک نییە.
بەڵام هێشتا دووچاری بەرهەڵستی بووەتەوە:

یەکەم: ئەوترێت هەندێ حەقیقەتی ئەخلاقی هەن کە هیچ زەمینەیەکیان نییە کەواتە ئەو حەقیقەتە ئەخلاقیانە موتابەقەی هیچ نین.
بەڵام لێرەدا لایەنگری موتابەقە فەرز نییە لەسەری تەسلیمی ئەمە ببێت و دەتوانێ پشانی بدات یان ئەو حەقیقەتگەلە بوونی نییە یان بوونی هەیە و بەندە لەسەر زەمینەیەک بۆ نمونە خودا.

دووەم: قەزیەگەلێکی نەرێنی هەن بۆ نمونە: "فیلی پەمەی بوونی نییە" ئایا ئەم دێڕە موتابەقەی چی ئەکات؟ باسی نەبوونە، هەر بۆیە ئەم بیردۆزە مولەزممان ئەکات بە شتانێکی نەبوو.
لێرەدا لایەنگری موتابەقە ئەتوانێ باس لە تایبەتمەندیەکانی واقع بکات کە بۆچی پشانی ئەدەن فیلی پەمەی بوونی نییە یان بڵێن مادام هەموو فیلەکانی جیهان پەمەی نین ئەوا قەزیەکە ڕاستە.

هەرچۆنێک بێت، بەرهەڵستی کوشندە ڕووبەڕووی ئەم بیردۆزە نابێتەوە و دۆخی وەکو سیانەکەی پێشتر نییە، هەر بۆیە لەڕووی مێژوویشەوە تا ئەمڕۆ بەرگریەکی باشی لێکراوە.

سەرچاوە:
Joaquin, Jeremiah Joven ; Boyles, Robert James M. ; Dacela, Mark Anthony & Lualhati, Victorino Raymundo (2013). The Nature of Truth. In Exploring the Philosophical Terrain. C&E. pp. 38–50.

Comments

پڕ بینەرترین بابەتەکان

ئایا ئیبن عەرەبی باوەڕی بە یەکێتی بوون (وحدة الوجود) هەبووە؟ یان هەڵەتێگەیشتنێک لە ئارادایە؟

بنەما بنچینەییەکانی لۆجیک و کوانتەم میکانیک

بۆچی عەقڵ و مێشک هەمان شت نین؟ نەگونجاوی لۆجیک و مادیگەرایی

کێشەی خراپە و وەڵامی ئەشاعیرە بۆی

شیکارێکی ڕەخنەیی لە تێڕوانینی گراهەم ئۆپی دەربارەی بنەمای هۆکارێتی

ئارگومێنتی هەمانبوونی خود بەناو کاتدا بۆ بوونی ڕۆح

کێشەی ویستی ئیلاهی و ئارگومێنتی گەردوونی کەلام

بۆچی ماددە لە ئەوپەڕی ئاڵۆزیشدا ناتوانێت هۆش و ئاگای بەرهەم بێنێت؟

عەقڵ وەکو زەمینەی وەحی لای فەخرەدینی ڕازی

وەڵامی گومانی خەلقی گەردوون لە نێوان شەش و هەشت ڕۆژی قورئاندا