دڵنیایی لە سەردەمی گومانگەراییدا
دڵنیایی لە سەردەمی گومانگەراییدا
پاش دوورخستنەوەی زانستە ئەقڵییەکان لەمەیدانی مەعریفی مرۆڤ و پێگە جیاوازەکانی خوێندن و سەرنج خستنە سەر ئەزموون بە تەنها، جیهان گەشت بە ئاستێک کە چیتر بە چاوی دڵنیایی سەیری هیچ نەکات و بەڵکو هەمیشە چاوەڕێی ئەزموون بین ئاخۆ چی دەڵێت لەبارەی بابەتێکی دیاریکراوەوە.
هەر بۆیە چ مەیدانی زانستە سروشتییەکان و چ مەیدانی فەلسەفە کەوتنە ژێر کاریگەری سروشتگەرایی و ئەزموونگەرایی و گومانگەرایی.
وە پرسە مێتافیزیکی و نائەزموونیەکانیش کەوتنە بەر بەزەیی ئەزموون.
وە لەم جیهانەدا ستیڤن هۆوکینگ وتەنی کاری فەیلەسوفان تەواوبوو و ئەوە زاناکانن دەبێت مەشخەڵی مەعریفە هەڵبگرن.
وە فەلسەفەش لەلایەن فەیلەسوفە سروشتگەراکانەوە بووە تەنها بەشێک لە بەشەکانی زانستە سروشتییەکان و دەبێت ڕێنمایی لەو وەربگرێت و ویلاد کواین وتەنی هیچ دێڕێک پارێزراو نابێت لە پێداچوونەوە.
بەم شێوە مرۆڤایەتی گەشت بە ئاستێک کە چیتر نەزانێت چی ڕاستە و چی هەڵەیە، نەک تەنها ئەمە بەڵکو دژایەتی ئەوانەش دەکەن کە پێیان وایە مەعریفە زەمینەیەکی هەیە و ئەکرێت دڵنیا بین لە هەندێ شت.
وە هەرچی کەسانی ئاسایشە بۆ وەرگرتنی وەڵامی پرسیارە بنچینەیی و مێتافیزیکییەکانە ڕوویان کردە زانستە سروشتییەکان و دروستتر بڵێین تەفسیر و لێکدانەوە و تێڕوانینی زاناکانی زانستە سروشتییەکان.
بۆ نمونە کاتێک تەماشای کتێبەکانی ستیڤن هۆوکینگ ئەکەیت، گەرچی ئەم کەسێکی فیزیکزانە و هەژارە لەڕووی فەلسەفیەوە ئەوا چەندین بەشی تەرخانکردووە بۆ بابەتی فەلسەفی و هەوڵدەدات وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە لەژێر پەردەی زانستدا.
بۆ نمونە کاتێک ئێمە وەکو مرۆڤ لەم سەردەمەدا بۆ یەکەمجار ئەمانەوێ بپرسین ئاخۆ بەڵگەکانی بوونی خودا چییە؟ ئۆتۆماتیکی ژینگەکەمان وای لێهاتووە گوێ لە کەسانێک بگرین کە بەباکگراوەندی زانستە سروشتییەکانەوە قسە بکات، لە کاتێکدا کاری دروست برییتیە لە لێکۆڵینەوە و خوێندنی فەلسەفەی ئاین و مێتافیزیک و گوێڕاگرتن بۆ موتەکەلیم و فەیلەسوفەکان.
یاخوود گوێمان لێدەبێت زۆرکات، کوانتەم میکانیک دەڵێت بنەما ئەقڵی و لۆجیکیەکان هەڵەن، بۆ نمونە یاسای هۆکارێتی یان یاسای کۆنەبوونەوەی دژبەیەکی.
جاری وایە زانستگەراییەکە ئەوەندە زاڵە ئەوەشی وەڵامی ئەم جۆرە قسانە ئەداتەوە هانا بۆ لای خودی زانستە سروشتییەکان و کوانتەم میکانیک دەبات. بۆ نمونە دەڵێت بڕوانە ئەم توێژینەوانە بوونی هۆکارێتی پشان ئەدەن لە کوانتەم میکانیکدا!
جا چارەسەر چییە؟
چارەسەر ئەوەیە هەموو شتێک بخرێتەوە شوێنی خۆی، و زانستە ئەقڵییەکان جارێکی تر بخرێتەوە ناوەندەکانی خوێندن.
وە ئەبێت خوێندکار و خەڵکی تێبگات بۆچی زانستی سروشتی و ئەزموون لەسەر بنەما ئەقڵییەکان بەندن و ناتوانن دەستبەرداریان ببن.
وە کاتێک لایەنی مەعریفی ڕێککرایەوە ئیتر ئەتوانین درک بە مێتافیزیکی شتەکان بکەین و نەکەوینە ناو بانگەشەی گومانگارەکانەوە.
بۆ نمونە من کە زانیم بنەمای هۆکارێتی بنەمایەکی مێتافیزیکی جێگیرە و قابیلی شکان نییە و خودی ئەزموون بەندە لەسەری و پێشگریمانەی دەکات، ئیتر چاوەڕێی ئەوە نابم ئاخۆ فڵانە تەفسیری کوانتەم میکانیک چییە دەربارەی، چونکە کاری ئەو نییە بە سادەیی بەڵکو خودی زانستەکە بەندە لەسەری و لە حاڵەتی ڕەتکردنەوەی زانستەکەش دائەڕمێت.
یاخوود من کە زانیم زنجیرەی هۆو و کاریگەری ناکرێت بێکۆتا بێت، ئیدی ئەزانم مۆدێلە فیزیکی و گەردوونناسیەکان کە باوەڕیان بە بێکۆتای ڕاستەقینەیە هەڵەیە. وە کە زانیم ئەم مۆدێلانە بۆچی بەو شێوەن و چۆن بەندن لەسەر بیرکاری و فۆڕماڵیزمی بیرکاری ئیتر تێدەگەم بۆچی ناکرێت حەقیقەتی بوون عەرز بکات وەکو خۆی.
یاخوود من کە زانیم ئیمانم بۆچی ڕاستە لەسەر بنەمای بەڵگەی سەربەخۆ، ئیدی گرنگ نییە وەڵای هەموو پرسیارێکم لابێت لە وردەکارییەکان یان بۆچی فڵانە شت دژی حەزەکانمە.
ئەگەر قسەکان درێژتر نەکەینەوە، ئەو ئاڵۆزی و مشتومڕە مەعریفانەی ئەمڕۆ کە جاری وایە تێڕوانینێکی بێ نرخ گەورە دەکرێت و کاتی پێدەدرێت بە زانینی مەعریفەناسیەکی دروست کۆتاییان پێدێت و تینویەتیمان بەدڵنیایی و یەقین کۆتایی پێدێت.
تێبینییەکان:
1. بڕوانە ئەم بابەتە لەبارەی پەیوەندی بنەما ئەقڵییەکان و کوانتەم میکانیک:
https://theo-philosophy.blogspot.com/2023/06/blog-post_18.html?m=1
2. بڕوانە ئەم بابەتە لەبارەی هۆکارێتی:
https://theo-philosophy.blogspot.com/2024/06/blog-post.html?m=1
3. بڕوانە ئەم بابەتە لەبارەی بەڵگەی بوونی خودا:
https://theo-philosophy.blogspot.com/2025/04/blog-post.html?m=1
4. بڕوانە ئەم بابەتە لەسەر پێشگریمانە فەلسەفییەکانی زانست:
https://t.me/Sadat_Platform/84
5. بڕوانە ئەم بابەتە لەبارەی پەیوەندی هاوکێشە فیزیکییەکان و واقع:
Comments
Post a Comment