بەرهەڵستی گەڕانەوەی بێکۆتا و ئارگومێنتە گەردوونییەکان
یەکێک لەو بەرهەڵستیە باوانەی پێشکەشکرابێت، لەدژی ئارگومێنتە گەردوونییەکان بریتیە لە بەرهەڵستی گەڕانەوەی بێکۆتایی هۆکار و کاریگەرییەکان-Infinite regress.
بە شێوەیەکی گشتی ئارگومێنتە گەردوونییەکان یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانیان ئەوەیە پشانی بدەن بۆچی زنجیرەی هۆکار و کاریگەرییەکان بێکۆتا نین بەڵکو سنوردارن، بەڵام هەندێ لە ڤێرشنەکانی ئارگومێنتە گەردوونییەکان ڕێ دەدەن بە ڕێتێچوونی گەڕانەوەی بێکۆتای زنجیرەی هۆکار و کاریگەرییەکان.
جا ئێستا یەکێک لەو ڤێرشنانە بەکورتی پێشکەش دەکەم لەسەر بنەمای کارەکانی فەیلەسوف جۆشوا ڕاسمویسن، کە پێی دەڵێت ئارگومێنتی بەندبووییەتی-The dependence argument.
پێش ئەوەی بچینە لای ئارگومێنتەکە، سەرەتا هەندێ جیاکاری و خاڵ پێویستە بزانین، وەک ئەوەی کە گەڕانەوەی بێکۆتا یەک جۆر نین بەڵکو ئەکرێت بیکەینە دوو جۆر:
1. گەڕانەوەی بێکۆتای زەمینەدار-grounded infinite.
لەم جۆرەدا، گەرچی زنجیرەی هۆکار و کاریگەرییەکان، بێ سنور و بێکۆتایە ئەوا هێشتا بەندبووە. بەندبووە لەسەر زەمینەیەکی لە پێش یان لە سەروو زنجیرەکە خۆی. بۆ نمونە، وێنای ئەوە بکە زنجیرەیەکی بێکۆتا لە دۆمینەمان هەیە، کە بەندن لەسەر مێزی بێکۆتا.
2. گەڕانەوەی بێکۆتای بێزەمینە-ungrounded infinite.
لەم جۆرەدا، زنجیرەی بێکۆتای هۆکار و کاریگەرییەکان لەسەر هیچ شتێک بەند نین و زەمینەیەکیان نییە لەسەروو زنجیرەکە خۆیەوە.
سوودی ئەم جیاکارییە چی بوو؟
سوودەکەی ئەوەیە کە ئەتوانین ببینین، زنجیرەی بیکۆتا بەخودی خۆی نابێتە هۆکار بۆ ڕەتکردنەوەی یەکەم هۆکار-واجب الوجود. چونکە، گەرچی زنجیرەی بێکۆتا یەکەم هۆکاری لەنێودا نییە، ئەوا هێشتا بەندە لەسەر شتێک لە دەرەوەی خۆی.
بڕۆینە لای ئارگومێنتەکە-ئارگومێنت لە بەندبووییەتەوە:
1. بنەمای بەندبووییەتی: هەر کۆکراوەیەکی شتە بەندبووەکان، بەندە لەسەر زەمینەیەک لە ئەودیو خۆیەوە.
Any total of dependent things depends on a prior cause.
2. بنەمایی نا-بازنەیی بوون: کۆکراوەی هەموو شتە بەندبووەکان، ناکرێت بەند بێت لەسەر هۆکارێکی بەندبوو.
No-Circularity: The total of all dependent things cannot depend on a prior dependent cause.
3. کەواتە، هۆکارێک یان زەمینەیەک هەیە، کە بەندبوو نییە (واجب الوجود).
Therefore, there is a non-dependent cause (First Cause).
تب: لێرەدا کۆکراوە مەبەست گشت whole نییە کە بەرهەمی بەش parts بێت بەڵکو تەنها بەکارهێنانی plural quantification ە، ئەمەش واتا ئارگومێنتەکە کەس ناتوانێ دووچاری مەترسی بەهەڵەداچوونەوەی پێکهاتنی بکات چونکە ئەسڵەن هیچ یەکێک لە پێشەکییەکان شتی وای تێدا نییە.
پشتگیریەکی خێرای پێشەکی 1:
1. بە عەقڵ: بە پێشبین دەبینین، شتە بەندبووەکان، بە خودی بەندبووییەتیان ناتوانن، کۆکراوەیەکی نابەندبوو بەرهەم بهێنن.
بۆ نمونە، زنجیرەیەکی بێکۆتایی کیسەڵ، هۆکارت ناداتێ کە نەپرسیت ئەم زنجیرەیە لەسەر چی بەندە، بۆچی هەیە، بۆ شتانێکی تر نین لە باتی ئەو زنجیرە. جا ئەم دەرئەنجامدانە جێبەجێ دەبێت بەسەر هەموو شتێکی بەندبوودا، بێ ئەوەی گرنگ بێت ژمارەیان چەندە، ئەوەی ڕوونە بەخودی خۆیان-بەندبووییەتیان-ناتوانن کۆکراوەیەکی نابەندبوو بەرهەم بهێنن.
2. لە ئەزموونەوە: ئەزموونمان و بەتایبەت زانستە سروشتیەکان بەردەوام ئەوەمان پێ دەڵێن شتانی بەندبوو بەندن لەسەر شتانێکی تر، بۆ نمونە خانەکانت بەندن لەسەر ئەتۆمەکان لە هەرساتێکی بوونیاندا. یاخوود بەندن لەسەر هەلومەرجی پێش وەختە وەکو بەندبوونی خانەکانت لەسەر دایک و باوکت (ئەوانە هۆکارتن لەڕووی کاتەوە).
3. ڕەتکردنەوەی بنەمایی هۆکارێتی یان بەندبوویەتی (هەر شتێک دەستپێکی هەبێت یان بەندبوو بێت، ئەوا کارتێکراوە یان بەندە لەسەر شتێکی تر)، کەسەکە دووچاری خۆ بەهەڵەخستنەوە دەکات. بۆ نمونە هاوڕێکەمان ئالێکس، بنەمای هۆکارێتی ڕەتدەکاتەوە لەبەر ا. چی ڕوودەدات لێرەدا؟
ئالێکسی هاوڕێمان بەهۆی بوونی هەندێ زانیاری (ا لێرەدا ئەکرێت تەفسیرێکی زانستی بێت، بۆ نمونە بۆ دیاردەیەکی کوانتەمی یان فکرەیەکی فەلسەفی بێت) هاتووە دەڵێت بنەمای هۆکارێتی هەڵەیە، بەڵام لێرەدا ئەوەی ڕوونە ئالێکس بنەمای هۆکارێتی بەکاردێنێت بۆ ڕەتکردنەوەی هۆکارێتی، بێ ئەوەی هەست بکات: ا بووەتە هۆکاری ڕەتکردنەوەکەی.
جا کەوابوو شتانی کارتێکراو یان بەندبوو ئەبێت بەندبن لەسەر شتێک. بێگومان بەندبوو لێرەدا پێویستمان بەوە نییە لەڕووی کاتەوە سەرەتای هەبێت هەر ئەوەندە بەسە کە بەندبوو بێت، واتا شتێک هۆکاری بوونیەتی بێت. بۆ نمونە وێنا بکە بەردێکمان هەیە دەستپێکی نییە لەڕووی کاتەوە بەڵام هێشتا بەندبووە لەسەر ئەتۆمەکانی، واتا ئەتۆمەکان هۆکاری بوونی ئەو بەردەن.
ڕوونکردەوە بۆ پێشەکی 2:
پێشەکی دوو بە خودی پێناسەکەی ڕاستە. کۆکراوەی شتە بەندبووەکان هەموو شتێکی بەندبوو دەگرێتەوە، بۆیە دەبێت بەند بێت لەسەر شتێکی نابەندبوو یان سەربەخۆ. بۆ نمونە مریشکێک ئەکرێت زەمینەی لە پێشی هێلکەیەک بێت کە ئەیکات، بەڵام هەرگیز زەمینەی هەموو مریشکەکان نییە، چونکە هەموو مریشکەکان خۆشی دەگرێتەوە.
ئەگەر دوو پێشەکیەکە ڕاستبن ئەوا دەرئەنجامەکە ڕاستە، کە زەمینەیەکی سەربەخۆ بوونی هەیە کە پێی دەڵێین یەکەم هۆکار یان واجب الوجود (یەکەم هۆکار وەک زەمینە نەک لەنێو زنجیرەکە).
لێرەدا ئاماژەدان بە هەندێ بەرهەڵستی وادەکات باشتر تێبگەین لە ئارگومێنتەکە:
1. موستەحیلە زنجیرەی بێکۆتای هۆکارەکان بەدرێژای کاتێکی بێکۆتا، هۆکاری یەکەمی هەبێت. چونکە هۆکار دەبێت پێش کاریگەری بێت و هیچ شتێکیش لە پێش کاتێکی بێکۆتاوە نییە.
فەیلەسوف ڕاسمویسن بەم شێوە وەڵامی ئەم بەرهەڵستیە دەداتەوە: ئەوەی ئەم بەرهەڵستییە دەیڵێت، تەبایە لەگەڵ ئارگومێنتەکەم. وادابنێ زنجیرەی هۆکارەکان بێکۆتایە و هۆکاری یەکەم بوونی نییە (بەپێی بەرهەڵستییەکە). وە واش دابنێ من ڕاستم زنجیرەی بێکۆتای هۆکارەکان زەمینەی هەیە (بە پێی ئارگومێنتەکەم). ئەمە بە سادەیی ئەمە بەدوایدا دێت کە شتێک نییە بەناوی زنجیرەی بێکۆتای هۆکارەکان. جا ئەم ئەنجامە بەرهەمێکی گرنگی بەرهەڵستیەکە دەردەخات (ئەگەر وادانێین بەرهەڵستیەکە بەجێیە)، بەڵام هیچ شتێک پشان نادات کە هەڵە بێت دەربارەی ئارگومێنتەکە.
2. هەر یەکێک لە ئەندامانی زنجیرەکە هۆکاری هەیە، چ پێویستمان بە زەمینەیەکە بۆ لێکدانەوەی زنجیرەکە؟
وەڵامی فەیلەسوف: ئەمەش هەروەها تەبایە لەگەڵ ئارگومێنتەکەم. بنەمای بەندبوویەتی جێبەجێ دەبێت بەسەر کۆکراوەی (plurals) شتە بەندبووەکان. بۆ نمونە، ئەگەر هەر مریشکێک لێکبدرێتەوە بە مریشکی پێش خۆی (بە شێوەیەکی بێکۆتا)، ئەوا هێشتا ئەپرسین بۆچی کۆکراوەی مریشکەکان بوونی هەیە؟
با درێژەی بدەمێ، ڕەچاوی بنەماکەی هیوم-ئێدوارد بکە کە دەڵێت هیچ پێویستیەکمان نییە بە لێکدانەوە لە ئەودیو یان لەسەرووی لێکدانەوەی هەر ئەندامێکی گروپەکە. بۆ نمونە، ئەگەر لێکدانەوەیەک هەبێت کە بۆچی هەر ئێسکیمۆیەک* لە گۆشەیەکی دیاریکراوی شوێنێکدایە، ئەوا ئیدی پێویستمان نییە بە لێکدانەوەیەکی تر کە بۆچی هەر سێکیان بەیەکەوەن.
بیرکردنەوە لەم نمونەیە، ڕەنگە دووچاری فریودانمان بکات دەربارەی زنجیرەی بێکۆتای هۆکارەکان، بەوەی کە پێویستمان بە لێکدانەوەیەک نییە لە ئەودیو لێکدانەوەی تاکەکانی نێو زنجیرەکە.
بەڵام، ئەم نمونەی ئێسکیمۆ و هاوشێوەکانی کە هاندەری بنەماکەی هیوم-ئێدواردن، هەموویان حاڵەتێکن کە لێکدانەوەی کۆکراوەی گروپەکە ئەڕواتە دەرەوەی گروپەکە کە پێویستی بە لێکدانەوەیە. بۆ نمونە، لێکدانەوەی ئێسکیمۆکان لە گۆشەکاندا، شتێکە لە دەرەوەی ئەو ئێسکیمۆیانەیە کە لەو گۆشانەدان. بەڵام ئێستا وادانێ نمونەی زنجیرەی بێکۆتاکان بە دەقیقی ئەو نمونەیە کە لێکدانەوەی هەر ئەندامێک، لێکدانەوەی دەرەکیمان پێ نابەخشێت دەربارەی زنجیرەکە. جا بۆیە، لە نمونەی زنجیرەی بێکۆتادا، لێکدانەوەی هەر ئەندامێک بەس نییە بۆ لێکدانەوەی زنجیرەکە یاخوود لێکدانەوەی هەر ئەندامێک ئەو پێویستیە لانابات بۆ لێکدانەوەی زیاتر.
ئەم ئەنجامە بە دەقیقی ئەوەیە کە بنەمای بەندبووییەتی پێشبینی دەکات: زنجیرەی شتە بەندبووەکان، سنوردار بن یاخوود بێکۆتا، بەندن لەسەر شتێکی دەرەکی. جا ئەم بەرهەڵەستیە نەک کێشە نابێت بۆ ئارگومێنتەکەم، بەڵکو نمونەکانی کە پشتگیری بنەماکەی هیوم-ئێدوارد ئەکەن، لە ڕاستیدا پشتگیری ئارگومێنتەکەم ئەکەن.
جا پوختەی بابەت، ئەگەر تەنانەت زنجیرەی بێکۆتای هۆکارەکانیش بوونی هەبێت، ئەوا هێشتا پێویستمان بە زەمینەیەک هەیە بۆ ئەو زنجیرە کە پێی دەڵێین یەکەم هۆکار، بێگومان یەکەم هۆکار بەو مانایەیی زەمینەیە نەک یەکەم ئەندامی نێو زنجیرەکە.
* ئێسکیمۆ بریتیە لە قەومێک، جا بەپێی بەرهەڵستیەکە سێ دانە لەو قەومە هەر یەکێکیان بەهۆکاری کارێک، ئەچنە گۆشەی شەقامێک.
سەرچاوە:
https://worldviewdesign.substack.com/p/grounding-infinity
Comments
Post a Comment