کێشەی خراپە لە تێڕوانینی ئیبن سینا



کێشەی خراپە لە تێڕوانینی ئیبن سینا


ئیبن سینا خراپەی بە کاری خودا داناوە بەو مانایەی کە بەرهەمی پرۆسەی خەلقە، واتا مادام خودا دەزانێت چی دروست دەکات و مادامیش خراپە لەناو مەخلوقاتە ئەوا خودا دروستکەری خراپەیە.


ئیبن سینا وەک باوەڕدارێک بە فەلسەفەی نیۆپلاتۆنیزم یاخوود ئەفلاتونیەتی نوێ، پێی وابوو کە خراپە بوونێکی ئیجابیانەی نییە بەڵکو بوونێکی نەرێنی هەیە لە بووندا. بوونێکی نەرێنی واتا نەبوون یان لە دەستدانی هەندێ شت کە سروشتی شتەکە خۆی هەیبێت ئەو شتە، جا واتای ئەوەیە هەموو نەبوونێک خراپە نییە کە لە شتێکدا ئامادەیی نەبێت، ڕەنگە نمونەیەک باشتر ڕوونی بکاتەوە، بەردێک ئاساییە کە چاوی نەبێت، نەبوونی چاو بریتی نییە لە خراپە، بەڵکو ئەکرێت بڵێین نەبوونی چاو لە زیندەوەرێکی وەک مرۆڤ خراپەیە.


وە خراپە بەشێوەیەکی بنچینەیی لای ئیبن سینا بەهۆی ماددەوەیە. جیهان خاوەنی تایبەتمەندی گۆڕانە، گۆڕانیش شتەکان تووشی نەبوونی دەکات. کاتێک ماددە دەبێت بە شتێک بەڵام بە تەواوی نا، ئەوا بەرهەمەکەی بریتی دەبێت لە خراپە. وتەکەی کێنث سیسکن گونجاوە ئاماژەی پێبدرێت کە دەڵێت خودا وەکو پزیشکی جەڕاحە، جەوهەری جەڕاح ئەوەیە چارەسەر بکات، بەڵام بۆ ئەوەی ئەنجامی بدات ئەبێت جەستە ببڕێت و ئازار دروست بکات. جا جەڕاحەکە ئازار دروست دەکات بەڵام ئازارەکە بەرهەمی پرۆسەی چارەسەرەکەیە، بەو شێوەش خودا خراپە دروست دەکات بەڵام خراپەکە بەرهەمی پرۆسەی خەلقە.


لای ئیبن سینا وەکو نیۆپلاتۆنیستێک، خودا ڕەچەڵەکی باشییە و بۆ خودی خۆی باشە دروست دەکات. لەڕێی پرۆسەی emanation کە جیهان بەردەوام و بەشێوەی ئەزەلی لە زاتی خوداوە دەرئەچێت، خودا باشە دروست دەکات لە زاتی خۆیەوە. خراپەش بوونێکی ڕێژەییانەی هەیە و بەشێوەیەکی ناچاری دروست دەبێت لە پرۆسەی خەلقەوە. مەبەست چییە لە ڕێژەیی؟ 


واتای ئەوەیە شتەکان لە خودی خۆیاندا خراپ نین، بۆ نمونە کاتێک کەسێک دەسوتێت بە ئاگر، ئاگرەکە وەکو خراپە دەبینرێت بەبەراورد ئەو کەسەی دەسوتێت... بە پێچەوانەوە ئەگەر باران ڕێ نەدات کەسێکی سەرمابوو ئاگر بکاتەوە، ئەوا نەبوون و ڕێگری لە ئاگرکردنەوە بە خراپ دەناسێنرا.


جا خراپەی نێو سروشت بەو پێیە لای ئیبن سینا لە خودی خۆیاندا شتەکان خراپ نین، بەڵکو بەشێوەیەکی ناچاریی دروست دەبن لە دروستکردنی شتەکان بە چاکی.


وە لەبارەی خراپەی نێو مرۆڤەکان، ئیبن سینا خراپە دەگەڕێنتەوە بۆ بوونی ویستی ئازادی مرۆڤەکان.


جا پوختەی تێڕوانینی ئیبن سینا ئەکرێت لەم چەند خاڵەدا کۆبکرێنەوە:

1. خراپە بوونێکی ئیجابی نییە.

2. خراپە بەشێکە لە ڕێکخستنی مەخلوقات. 

3. باشە زاڵ دەبێت بەسەر خراپە.

4.بوونی خراپە شتێکی ناچارییە، چونکە بەرهەمی بوونی باشەیە.

5. خراپە کەرستەیەکی باشە بۆ بە دەستهێنانی باشە.

5. خراپە بوونێکی ناچاری هەموو مەخلوقاتە.

6. خراپە لەلایەن ویستی ئازادەوە ئەنجام دەدرێت.


سەرچاوە:

Chowdhury, S. Z. (2021a). Islamic theology and the problem of evil. The American University in Cairo Press. 


Comments

پڕ بینەرترین بابەتەکان

ئایا ئیبن عەرەبی باوەڕی بە یەکێتی بوون (وحدة الوجود) هەبووە؟ یان هەڵەتێگەیشتنێک لە ئارادایە؟

بنەما بنچینەییەکانی لۆجیک و کوانتەم میکانیک

بۆچی عەقڵ و مێشک هەمان شت نین؟ نەگونجاوی لۆجیک و مادیگەرایی

کێشەی خراپە و وەڵامی ئەشاعیرە بۆی

شیکارێکی ڕەخنەیی لە تێڕوانینی گراهەم ئۆپی دەربارەی بنەمای هۆکارێتی

ئارگومێنتی هەمانبوونی خود بەناو کاتدا بۆ بوونی ڕۆح

کێشەی ویستی ئیلاهی و ئارگومێنتی گەردوونی کەلام

بۆچی ماددە لە ئەوپەڕی ئاڵۆزیشدا ناتوانێت هۆش و ئاگای بەرهەم بێنێت؟

عەقڵ وەکو زەمینەی وەحی لای فەخرەدینی ڕازی

وەڵامی گومانی خەلقی گەردوون لە نێوان شەش و هەشت ڕۆژی قورئاندا